٢٥ حوزەیرانی ٢٠٢٣
دوای 60 ساڵ یانەی بارسیلۆنا وەرزێکی تەواوی خولی لا لیگا لە یاریگای کامپ نو یاریناکات.
دوای ئەوەی دەستەی کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا لە مانگی ئازاردا پلانی نۆژەنکردنەوەی یاریگا بەناوبانگەکەیان پەسەند کرد، کە لە مانگی نیسانی 2022 لەلایەن خوان لاپۆرتا سەرۆکی بارسێلۆنا پێشکەشکرا، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان ئاماژە بە ئەوە دەکەن یانە کەتەلۆنییەکە بڕی 1 ملیار و نیو یۆرۆی لە هەردوو کۆمپانیای وەبەرهێنانی ئەمریکی گۆڵدمان ساکس و جەی پی مۆرگان بۆ ئەو پڕۆژە گەورەیە وەرگرتووە.
یانەی بارسێلۆنا هەریەک لە ئەنجومەنی شارەکە و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپای لە بڕیاری چۆڵکردنی کامپ نو بۆ وەرزی داهاتوو ئاگادار کردووەتەوە.
لە دوای کردنەوەی یاریگای کامپ نو لە ساڵی 1957ەوە یەکەم جارە یانە کەتەلۆنییەکە لە دەرەوەی یاریگا بەناوبانگەکەی کە جێگای 99 هەزار هاندەر دەبێتەوە یارییەکانی ئەنجام دەدات.
وەرزی 2023-2024 یانەی بارسێلۆنا یاریگای ئۆڵۆمپی لویس کۆمپانێس کە ناسراوە بە یاریگای مۆنتخویک و یاریگایەکی 55 هەزار کورسییە بۆ یاریەکان ئامادە کردووە.
یاریگاکە دەکەوێتە شاری مۆنتخویک کە گردێکی گەورەیە لە باشوری ڕۆژئاوای بارسێلۆنا یاریگای سەرەکی بووە لە کاتی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 1992.
