قەڵەم... میدیایەکی فرە ڕەهەند. 

قەڵەم میدیایەکی ئەهلی فرە ڕەهەندە، لە بوارەکانی هەواڵ و وەرزش و منداڵان

و هونەر و گەپبازیدا کاردەکات، بە ئامانجی پێشکەشکردنی ناوەرۆکێکی سودمەند و جێ

متمانە کە ببێتە مایەی بەرەوپێشبردنی میدیا و کۆمەڵگا. 

دەزگای میدیایی قەڵەم لەلایەن چەند ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆوە دامەزرێندراوە

و سەرچاوەی دارایی دەزگاکە لە ئێستادا بریتییە لە سپۆنسەرکردنی لەلایەن کۆمپانیا

بازرگانییەکان و بڵاوکردنەوەی ڕیکلام. دەزگاکە ئامانجیەتی لە داهاتوودا ببێتە

میدیایەکی خۆژێن، بۆیە لە ئێستاوە پلانی درێژخایەنی بۆ ئەو مەبەستە داڕشتووە، کە

لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی میدیاییەوە بتوانێت سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ خۆبەڕێوەبردن

بەدەست بهێنێت. 

لە سەرەتای دەستبەکاربوونەوە، دەزگای قەڵەم ئەوپەڕی پیشەییانە کاری کردووە

و هەمیشە بێلایەنانە و بابەتییانە نوێترین هەواڵ و زانیارییەکانی گواستووەتەوە بۆ

بینەر و خوێنەرانی و بەردەوام ناوەرۆکێکی ڕەسەن و پەروەردەکارییانەی ئەوتۆی پێشکەش

کردووە، کە ببێتە مایەی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا و هاندانی بۆ دوورکەوتنەوە لە

میدیای زەرد و خەڵەتێنەر. ئەوەش لە ڕوانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی پیشەی

ڕۆژنامەگەریی کە لە ئێستادا زۆرێک لە دەزگاکان پشتیان تێکردووە. 

دەزگای میدیایی قەڵەم پێکدێت لە چوار کەناڵی تەلەڤزیۆنی، دوو کەناڵی

ڕادیۆیی، ماڵپەڕی قەڵەم، لەگەڵ لاپەڕە و پێگەکانی قەڵەم لە تۆڕە

کۆمەڵایەتییەکاندا. 

کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی قەڵەم: 

قەڵەم: 

کەناڵێکی گشتیی فرە ڕەهەند. 

کەناڵێکی تەلەفزیۆنییی گشتییە و بوارێکی فراوانی مەودای میدیایی لەخۆ

دەگرێت. ئامانجی سەرەکی پیشاندانی نمونەی میدیایەکی ڕاستەقینەیە تاوەکو بینەران

بتوانن جیاوازیی لەنێوان ناوەرۆکی باش و خراپدا بکەن و لە میدیای نابەرپرس دوور

بکەونەوە کە بوونەتە مایەی شیواندنی کۆمەڵگا و زڕاندنی ناوی پیشەی ڕۆژنامەنوسی. 

ئەو بڕگە و بابەتانەی لە کەناڵی قەڵەمەوە پێشکەشدەکرێن بریتین لە: 

 

هەواڵ: 

تیمی هەواڵی قەڵەم ئامانجی سەرەکییان ڕاستی و دروستیی زانیارییە

هەواڵییەکانە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان نوێترین ڕوداو و زانیارییەکان بە خێراترین

کات بگوێزنەوە بۆ بینەران، بەمەرجێک کار نەکاتە سەر ڕاستیی و دروستیی هەواڵەکە و

هیچ هەواڵێک بەبێ دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەکەی لە لایەن قەڵەمەوە ناگوێزرێتەوە بۆ

بینەرەکانی. 

ئەرکێکیتر کە ژوری هەواڵی قەڵەم خستویەتییە ئەستۆی، بریتییە لە ئاشکراکردنی

هەواڵی ساختە و ئەو دەزگا و میدیا زەردانەی بانگەشەی بۆ دەکەن و هەوڵی بە لاڕێدا

بردنی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی هاوڵاتییان دەدەن. 

گەڕان بە دوای نهێنییەکان و ئاشکراکردنی دۆسیە شاردراوەکان لە هاوڵاتییان و

لێکۆڵکاریی ڕۆژنامەوانی، بەشێکی سەرەکیی کاری ڕۆژنامەنوسانی قەڵەم پێکدەهێنێت و

بەردەوام لە هەوڵی ئاشکراکردنی ئەو دۆسیە و نهێنییانەدان کە مافی هاوڵاتییانی

کوردستانە بیزانن و لەبەر هەر هۆکارێک بێت لێیان شاردراوەتەوە. 

 

بەرنامەی شیکاری: 

کەناڵی قەڵەم چەند بەرنامەیەکی تایبەتی بە شیکردنەوەی هەواڵ و ڕوداوە

گەرمەکان و کێشە و دیاردە و پەیوەندییە سیاسیی و ئابورییەکان هەیە، کە تیایاندا چ

بە شێوەی دایالۆگی ناو ستۆدیۆ یان مەیدانی لەگەڵ خەڵکانی پسپۆڕ و تایبەتمەند

شیکردنەوەی زانستی و ڕیالیستییانە بۆ ئەو دیاردە و هەواڵانە دەکرێت و هۆکار و

لێکەوتەکانی بۆ بینەر ڕوندەکرێتەوە و باشترین و شیاوترین چارەسەرەکانی تێدا

دەخرێنە ڕو. 

 

بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان: 

بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی قەڵەم هەوڵێکی دیاری دەزگاکەیە بۆ دەستنیشانکردنی

کێشە و دیاردە نەشیاوە کۆمەڵایەتییەکان و لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی هۆکارەکانیان لە

ڕێی توێژەرانی تایبەتمەندەوە، تاوەکو لە ڕێگای کەسانی پسپۆڕ و شارەزاوە چارەسەری

گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە و دەزگاکە ببێتە مایەی کۆتایی هێنان بە ئەو دیاردە و کێشە

کۆمەڵایەتییانە. 

هەر لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەدا، بابەتی تەندروستی جەستەیی و دەرونی

دەبنە دووان لە بابەتە سەرەکییەکانی ئەو بەرنامانە. بە تایبەتی کە لە ئێستادا

هەردوو جۆری تەندروستیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە ئاستی پێوسیتدا نییە، بۆیە

هۆشیارکردنەوە تاکەکان کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر دروستبوونی کۆمەڵگایەکی

تەندروست. 

ئەو بەرنامانە چەندین بڕگە و بابەتی تایبەتیش لە خۆ دەگرن، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی

کە هاوڵاتی ئاسایی زانیارییەکی کەمی هەیە دەربارەیان و ئەو کەمی زانیارییە زۆر کات

لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبێتە مایەی ڕوبەڕوبوونەوەی چەندین کێشە، لە ئەوانە زانیاری

یاسایی و زانیاری تایبەت بە شێوازی بەڕێوەچونی دام و دەزگا حکومییەکان و چەندین

بابەتی گرنگیتر. 

 

بەرنامە هونەرییەکان: 

هونەر ناسنامەی گەلانە و هۆکارێکی سەرەکیی بەرەوپێشچون و کرانەوەی

کۆمەڵگایە، هەر بۆیە گرنگیدان بە هونەری ڕەسەنی کوردی لە سەرجەم بوارەکانی مۆسیقا

و شێوەکاری و شانۆ و سینەما، یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی دەزگای قەڵەم. هەر بۆیە

کەناڵی قەڵەم جەند بەرنامەیەکی تایبەت بە هونەری کوردی لەخۆ دەگرێت کەتیایدا کاری

پسپۆڕییانە دەکرێت بۆ پاراستنی ناسنامە و ڕەسەنایەتی هونەری کوردی و چۆنیەتی

بەرەوپێشبردنی پاراستنی لە ئەو هەڕەشانەی بەهۆی نزمیی ئاستی کۆمەڵێک کەس و دەزگاوە

ڕوبەڕوی دەبێتەوە. 

هاوکات لە کەناڵی قەڵەم گرنگی دەدرێت بە هونەری هەرێمی و جیهانی و کەناڵەکە

هەوڵ دەدات ببێتە ئاوێنەیەک بۆ ناساندنی بینەرەکانی بە ئەو هونەرانە، بەبێ ئەوەی

کاریگەریی لەسەر شیواندنی خواستی بینەر هەبێت بۆ هونەری کوردی، چونکە ئەو هونەرەی

گەلان کە لە قەڵەم گرنگی پێدەدرێت بە هەمان شیوەی هونەری کوردی، گرنگیی بە هونەری

ڕەسەن و ڕاستیقەیان دەدرێت، نەک ئەو بەشەی بووەتە مایەی شیواندنی خواستی بینەر بۆ

هونەر. 

 

بەرنامە گەپبازییەکان: 

گەپبازی و بەسەر بردنی کاتێکی خۆش و پڕ چیژ و پێکەنین یەکێکە لە لایەنە

گرنگەکانی ژیانی مرۆڤ کە وادەکات کەسەکان لە فشاری کار و کێشەی ڕۆژانە

دووربکەونەوە و کاتێکی هێمن و پڕ چێژ بەسەربەرن و دەرونیان ئارام ببێتەوە. 

هەربۆیە قەڵەم چەند بەرنامەیەکی هەمە چەشنی گەپبازی لەخۆدەگرێت تاوەکو

بینەر لەگەڵ شاشەی قەڵەمدا هەست بە حەوانەوە و ئارامی بکات. بەرنامەکان بڕگەی

کۆمیدی و پێشبڕکێ و خواردن و چەندینیتر لەخۆدەگرن.  

 

دۆکیۆمێنتاری: 

فیلمی دۆکیۆمێنتاری و بەڵگەنامەیی هۆکار و کەرەستەیەکی گرنگن بۆ

بڵاوکردنەوەی زانین و زانیاری لە سەرجەم بوارە جیاوازەکانی وەک زانست و مێژو و

هونەر و ژینگە و تەندروستی و .....هتد. هەر بۆیە کەناڵی قەڵەم باشترینی ئەو

فیلمانەی هەڵبژاردووە و لە ڕێگای چەند شارەزایەکی تایبەتمەندی زمانەوانییەوە

وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی و لە ڕێگای چەند ئەندازیارێکی دەنگەوە بە نوێترین

تەکنیکی سەردەمییانە دۆبلاژیکردوون، تاوەکو بەجۆرێکبێت ڕەسەنایەتی و چێژی

ڕاستەقینەی فیلمەکە لەدەست نەچێت و بینەر چێژ و زانیاریی تەواوی لێوەربگرێت. 

بەدەر لە دۆکیۆمێنتارییە جیهانییەکانیش، دەزگای قەڵەم خۆی لە ڕێی تیمێکی

تایبەتەوە هەڵدەستێت بە بەرهەمهێنانی فیلمی دکیۆمێنتاری و دیکۆدرامای تایبەت بەخۆی

و لە ڕێگەیانەوە چەندین تەلیسمی تایبەتی ژیانی کوردستان و مێژو و کەسایەتی و

شوێنەوار و چەندین ڕەهەندی گرنگیتر دیکۆمێنت دەکرێن. 

فیلم: 

فیلمی سینەمایی ڕوبەرێکی گەورەی هونەری جیهانیی داگیرکردووە و گرنگییەکی

زۆری هەیە بۆ هۆشیاری هونەریی کۆمەڵگا و هاوکات یەکێکە لە هۆکارەکانی چێژوەرگرتن و

ئارام بوونەوەی بینەر. هەر بۆیە کەناڵی قەڵەم ڕۆژانە نوێترین فیلمە جیهانییەکان لە

سەرجەم ژانرەکان پەخشدەکات تاوەکو بینەرەکانی هەستبکەن سینەما لە ماڵەکانیاندایە. 

دراما: 

ئەو درامایانەی لە هەندێک لە کەناڵەکانەوە پەخش دەکرێن، ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی

زۆر دەبنەوە چونکە ناوەرۆکەکەیان لەگەڵ خو و ڕەوشتی کۆمەڵگای کوردستانیدا ناگونجێت

و زۆرکات بوونەتە مایەی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی. 

لەو ڕوانگەیەوە دەزگای قەڵەم هەستاوە بە دابینکردنی چەندین زنجیرە دراما کە

بە وریاییەکی زۆرەوە هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی درامایەکی بەسود پێشکەش بە بینەرەکانی

بکات و ببێتە مایەی ئارامی ئاشتەوایی لە نێو خێزانەکاندا. ناوەرۆکی دراماکان

بەجۆرێکن هە موو خێزان بەیەکەوە کۆبکاتەوە و کەشێکی خێزانیی ئارام و پڕ چێژ

دروستبکات. 

 

کەناڵی قەڵەم سپۆرت: 

وەرزش لە باڵاترین ئاستدا. 

لە قەڵەم سپۆرت چەند ڕۆژنامەنوسێکی وەرزشیی شارەزا و تایبەتمەند

بەردەوام ڕوماڵی سەرجەم چالاکییە وەرزشییە جۆراوجۆرەکان دەکەن و لە ڕێی کەسانی

شارەزا و تایبەتمەندەوە، شیکردنەوە بۆ یاری و چالاکی و پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان

دەکرێت و زۆرترین زانیاری دەربارەی یاساکان و چۆنییەتی بەڕێوەچونی پاڵەوانێتی و

چالاکییەکان ڕوندەکرێتەوە. 

قەڵەم سپۆرت تەنیا کەناڵێک نییە بۆ پەخشکردنی یاری و

چالاکییە وەرزشییەکان، بەڵکو سەکۆیەکە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی وەرزشی لە لای

بینەرەکانی و ناساندنیان بە دیوە نەزانراوەکانی وەرزش. 

کەناڵەکە سەرنجێکی زۆر دەخاتە سەر وەرزش لە هەرێمی

کوردستاندا، کە لەلایەن زۆرێک لە کەناڵە وەرزشییەکانەوە وەلا نراوە و گرنگیی

پێنادرێت، ئەوەش بووەتە بەشێک لە ئەو هۆکارانەی وایکردووە گرنگیدان بە وەرزش کەمتر

ببێتەوە و کێشەکانی ئەو بوارە بە چەقبەستویی و چارەسەرنەکراوی بمێننەوە. 

یەکێک لە ئەو کارانەی بۆ خزمەتکردنی وەرزشی ناوخۆیی دەکرێت بریتی دەبێت لە

ئەو بەرنامانەی تیایدا کێشەکانی بوارەکە دەرێنە ڕوو وە لە ڕێگەی کەسانی پسپۆڕ و

شارەزاوە چارەسەری زانستییانەیان بۆ دەدۆزرێتەوە و ڕۆژنامەنوسەکانی قەڵەم پردێکی

پەیوەندی دروستدەکەن تاوەکو ئەو چارەسەرانە لەلایەن لایەنە بەرپرسەکانەوە جێبەجێ

بکرێن. 

 

 

 

 

کەناڵی قەڵەم کیدس: 

دەروازەیەک بۆ پەروەردە و گەشەکردن. 

منداڵان نەوەی داهاتون، ئایندەی وڵات و کۆمەڵگا لە پەروەردە و گەشەکردن و

پێشکەوتنی ئەواندا ڕەنگ دەداتەوە. لەو سۆنگەیەوە دەزگای میدیایی قەڵەم کەناڵێکی

تایبەت بە منداڵانی دامەزراندووە تاوەکو بیکاتە کەرەستەیەک بۆ برەوپێدان و پێشخستنی

توانا و بەهرەکانی منداڵان و ئەستێرەی گۆرانی و میوزیکی منداڵان

دروستبکات. هەربۆیە بەرنامە و پرۆگرامی تایبەتی دەبێت بۆ دروستکردنی ئەو ئەستێرانە

و پێگەیاندنیان لەسەر بنەما هونەرییە ڕەسەن و زانستییەکان. 

فیلم کارتۆن و فیلمی ئەنیمەیشنی دۆبلاژکراو بەشێکی تری بابەتەکانی کەناڵی

قەڵەم کیدس پێکدەهێنن. ئەگەر چی ئەو فیلمانە وەک بابەتی چێژ بەخش و گەپبازی بۆ

منداڵان سەیردەکرێن، بەڵام لە ڕاستیدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر دونیابینی

خو و ڕەوشتی منداڵان هەیە، هەربۆیە دەزگای قەڵەم بە وریاییەکی زۆرەوە و بە پرسوڕا

لەگەڵ شارەزایانی پەروەردەییدا ئەو فیلمانە هەڵدەبژێرێت و پەخشیان دەکات، تاوەکو

کاربکاتە سەر فراوانبوونی دونیابینی و ڕۆشنبیربوونی بیرکردنەوەی منداڵان نەک

تێکدانی خو و ڕەوشتیان. 

بەرنامە پەروەردەیی و خێزانییەکان بەشیکی سەرەکیی و بنەڕەتیی کەناڵی قەڵەم

کیدسە و دەزگای قەڵەم کەسانی پسۆڕ و تایبەتمەندی لە ئەو بوارەدا ئامادە کردووە بۆ

نیشاندانی باشترین شیوازەکانی پەروەردەکردن ئاراستەکردنی خێزان بەرەو برەودان بە

تواناکانی منداڵەکانیان و یارمەتیدان و پشتیوانیکردنیان بۆ پێشخستن و کارپێکردنی

ئەو توانایانە، کە خودی کەناڵی قەڵەم کیدس دەبێتە یەکێک لە کەرەستەکانی ئەو

پشتیوانی و پێشخستنە. 

قەڵەم جیۆگرافیک: 

زانیاریی لە روخسارێکی پڕ چیژدا. 

کەناڵی قەڵەم جیۆگرافیک هۆکارێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە و تێڕوانین لە ئەو

شێوازەی بینەر سەیری تەلەڤزیۆنی پێدەکات و تەنانەت شێوازی دونیابینییان بۆ تەواوی

جیهان، لەڕیگای پێشکەشکردنی بەرنامەی زیرەک و داهێنەرانەوە و نیئشاندانی بابەت و

زانیارییەکان بە دیدگایەکی نوێ و نەبینراو. 

بەرنامەکانی قەڵەم جیۆگرافیک هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن و پاراستنی جیهان، بە

مرۆڤ و ژینگە و سروشت و زانست و تەکنەلۆجیا و هەموو ڕەهەند و وردەکارییەکانیانەوە.

ئەوەی بەرنامە و دۆکیۆمێنتاری و دۆکیۆدرامانی قەڵەم جیۆگرافیک لە ئەوانیتر

جیادەکاتەوە، بریتییە لە شێوازی تاوتوێ کردن و نمایشکردنی زانیارییەکان و

پێشکەشکردنیان. 

بەرنامەکان ناوەرۆکێکی گەپبازیی واقعییان هەیە، واتە هەموو شتە ڕاستییەکان

بە جۆرێک نمایش دەکرێن کە بینەر چێژی لێوەربگرێت، نەک بەشێوازێکی وشک و واقعییانەی

بێزارکەر، وە بە جۆرێکن خزمەت بە زانستە گشتییەکان و تەکنەلۆجیا و مێژوی سروشتیی و

مرۆیی و شوێنەوارناسی و مەتەڵ و نهێنییە سروشتی و گەردونییەکان و چەندین بواریتر

دەگەیەنن. 

 

 

یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی قەڵەم کلیپ بریتیدەبێت لە زیندوکردنەوەی

کلتوری ڕەسەنی مۆسیقا و گۆرانیی کوردی و دووبارە ئاشناکردنەوەی هونەرمەندە ڕەسەکان

بە نەوەی نوێ و ئاشتکرنەوەیان لەگەڵ ئەو هونەرە رەسەنەدا، کە لە ئێستادا بەهۆی

گوێپێنەدانەوە، بەشێک لە گەنجان بێئاگان لە بوونی کلتورێکی لەو جۆرە و دابڕاون

لێی. 

قەڵەم ئاینی: 

لێبوردەیی و پێکەوە ژیان. 

ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە بنەما سەرەکییەکەیدا ئاینی لێبوردەیی و

بڵاوکردنەوەی ئاشتی و پێکەوە ژیانە. ئاینێکە بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک و کامەرانی و

سەرفرازیی و شکۆمەندیی مرۆڤ هاتووەتە خوارەوە. کەناڵی قەڵەم ئاینی هەوڵی دەزگای

میدیایی قەڵەمە بۆ تۆخکردنەوەی ئەو بنەمایانە و کارکردن لە پێناویدا، تاوەکو میللەتی

زۆرینە موسوڵمانی کورد، بگەڕێتەوە سەر ڕێچکە ڕاستەقینەکەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و

ئیمانداریی ببێتە مایەی ئاشتبوونەوەی کۆمەڵگا و پێکەوە ژیانی. 

بەشیکیتر لە ئەرک و کارەکانی کەناڵی قەڵەم ئاینی، بریتیدەبێت لە

بەرپەرچدانەوەی گوتاری توندڕەویی و ئەو گوتارانەی مرۆڤی ئیماندار بەرەو ڕێگای هەڵە

دەبەن و بە کۆمەڵێک ناوی جیاوازەوە، هەوڵی لێکترازاندنی کۆمەڵگا و بگرە

موسوڵمانانیش دەدەن. ئەوەش لەڕێگای شارەزایانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامەوە کە بە

ئایەتە پیرۆزەکان و حەدیسە شەریفەکان، ناڕاستیی و نا دروستیی ئەو جۆرە گوتارانە

بسەلمێنن و ڕوی ڕاستەقینەی موسوڵمانیەتیی بۆ بینەران ئاشکرا بکەن. 

 

 

ماڵپەڕی قەڵەم: 

تەواوی میدیا لە یەک شوێندا 

ماڵپەڕی قەڵەم یەکێکە لە گشتگیرترین ماڵپەڕە کوردی و جیهانییەکان و دەگمەنن

ئەو ماڵپەڕانەی وەک قەڵەم تەواوی ڕەهەند و جۆرەکانی میدیا لە بینراو و بیستراو و

خوێندراو لەخۆ بگرن و هاوکات سەرجەم ڕەهەندە میدیاییەکان، لە هەواڵ و سییاسەت و

وەرزش و گەپبازی و فیلم و دراما و پەخشی ڕاستەوخۆی ڕادیۆ و چەند کەناڵێکی تی ڤی

و... هتد، لە یەک پێگەدا کۆبکاتەوە. 

لیستی سەرەکیی ماڵپەڕی قەڵەم کۆمەڵێکی زۆر لە هەواڵ و زانیاریی لەخۆ دەگرێت

و هاوکات دەروازەیەکە بۆ هەموو بەشەکان و لەوێوە سەردانکەر دەچیتە لیستە

دووەمییەکان، کە هەریەکەیان تایبەتن بە جۆر و بابەتی جیاواز کە بریتین لە: 

 

هەژمار: 

تایبەتە بە بەشی کتێبخانەی قەڵەم، بۆ زانین و ئەژمارکردنی خوێنەرانی

پەرتوکەکان. 

 

کەناڵەکان: 

پۆرتاڵێکە بۆ بینینی پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵەکانی قەڵەم، قەڵەم سپۆرت، قەڵەم

کیدس، قەڵەم جیۆگرافیک، قەڵەم هێڵس، قەڵەم فلێکس، قەڵەم ئاینی، قەڵەم کیچن و قەڵەم

کلیپ، لە ڕێی مۆبایل و تابلێتەوە. 

واتە لەهەرشوێن و کاتێکدا، هەر هێندەی مۆبایل یان تابلێتی سەردانکەری

ماڵپەڕەکە هێڵی ئینتەرنێتی هەبێت، دەتوانێت بینەری زۆرترین کەناڵی تەلەڤزیۆنی بێت.

جیاواز لە ماڵپەڕەکانیتر کە یان ناتوانێت بینەری کەناڵ بێت یان تەنیا دەتوانێت

بینەری تاکە کەناڵێک بێت و بۆ بینینی بابەتی جیاوزتر ناچاربێت سەردانی ماڵپەڕێکیتر

بکات. 

 

تازەترین: 

لە لیستی تازەتریندا سەرجەم هەواڵە ناوخۆیی و هەرێمی جیهانییەکان، بەپێی

کات لە نوێترینەوە بۆ کۆنترین ڕیز کراون و سەردانکەر دەتوانێت ئاگاداریی نوێترین

هەواڵەکان بێت. 

 

دراما: 

بۆ یەکەم جار لە ماڵپەڕێکی کوردیدا سەردەادنکەر دەتوانێت بینەری سەرجەم ئەو

درامایانە بێت کە لە کەناڵەکانی قەڵەمەوە دۆبلاژ و پەخشکراون. جیاواز لە

دەزگاکانیتر کە دەبێت سەردانکەر ئەپلیکەیشنی تایبەت بۆ بینینەوەی دراماکان

دابەزێنێت، قەڵەم ئەو کورتبڕییەی بۆ سەردانکەرانی ماڵپەڕەکەی کردووە و ڕاستەوخۆ

دەتوانن لە ماڵپەڕی قەڵەمەوە بینەری داراماکان ببن. 

هەر لە ئەوێوە بینەر دەتوانێت دراماکان دابەزێنێتە سەر ئامێرە

ئەلکترۆنییەکەی خۆی تاوەکو لە هەر کاتێکیتردا بیەوێت تەماشای بکات. 

ئەوەی دراماکانی قەڵەم جیادەکاتەوە بریتییە کە ئەوەی زۆرێک لەئەو دراما

جیهانییە نوێیانەی بینەر تەنیا بە پارە دەتوانێت تەماشایانکات، لە قەڵەم دراماوە

بەخۆڕایی بەردەستە بۆی، بەتایبەتی بەرهەمە نوێیەکانی نێتفلێکس. قەڵەم لەسەر ئەرکی خۆی

هەستاوە بە کڕینی ئەو درامایانە و بە بێ بەرامبەر بۆ بینەرانی کەناڵەکانی و

سەردانیکەرانی ماڵپەڕەکەی دابینی کردووە، تاوەکو بینەری کورد لێیان بێبەش نەبێت. 

 

فیلم: 

بەهەمان شیوەی دراما، سەردانکەری ماڵپەڕی قەڵەم دەتوانێت بینەری نوێترین و

باشترین فیلمەکان بێت و پێویستی بە سەردانی ماڵپەڕی جیاواز یاخود دابەزاندنی

ئەپڵیکەیشن نییە. ئەو فیلمانەی لە کەناڵەکانی قەڵەمەوە پەخش دەکرێن، هەموو

ژانرەکان لەخۆ دەگرن و هەمیشە ئەو فیلمانە هەڵدەبژێردرێت کە لە هەڵسەنگاندنی

ڕەخنەگرانی سینەمادا، بەرزترین پلەکان بەدەست دەهێنن. 

هەر بە هەمان شێوەی دراما، ،ئەو فیلمانەی کە تەنیا لەڕێگەی پارەدانەوە

بینەران دەتوانن تەماشایان بکەن، قەڵەم لەسەر خۆی کڕیونی بێ بەرامبەر بۆ بینەرانی

کەناڵەکەی سەردانیکەرانی ماڵپەڕەکەی دابینی کردووە و دەشتوانن داونلۆدی بکەن و لە

کات و شوێنی بژاردەی خۆیاندا بینەری بن. 

هەر لە لیستی فیلمدا سەردانکەر دەتوانێت بە ئەو پەڕی ئاسانییەوە ئەو فیلمە

هەڵبژێرێت کە خوازیاریەتی. چونکە لەوێ بژاردەی هەیە بۆ دیاریکردنی فیلمەکان لە ڕوی

زمان و کاتیگۆرییەوە و بە ئەوەش تەنیا ئەو فیلمانە دەمێننەوە کە خواستی بینینیان

دەکات. 

هەر لە ئەو لیستەدا، تەواوی دۆکیۆمێنتارییە دۆبلاژکراوەکانی قەڵەم هەیە و

سەردانکەر پێویستی بە ئەوە نییە لە ماڵپەڕ یان بەشێکی جیاوازدا بۆیان بگەڕێت و

دەتوانێت بە هەڵبژاردنی کاتیگۆری دۆکیۆمێنتاری، ڕاستەوخۆ بینەریان بێت. 

 

97.7FM:

هەر لە ڕێگەی سەردانکردنی ماڵپەڕی قەڵەمەوە، دەتوانیت لە هەموو کات و

شوێنێکدا ڕاستەوخۆ گوێبیستی ڕادیۆی قەلەم ئێف ئێم بیت و پێویستت بە ئامێری ڕادیۆ و

ئەپڵیکەیشنی تایبەت نییە. 

 

کوردستان: 

بەشێکی تایبەتە بە هەواڵەکانی کوردستان و لەڕێیەوە سەردانکەر دەتوانێت

ئاگاداری نوێترین ڕوداوەکانی هەرێم و پارچەکانیتری کوردستان بێت. خێرایی گەیاندنی

هەواڵ و پیشەگەریی و بێلایەنی بوون لە گواستنەوەی ڕوداو و زانیارییەکاندا، بریتین

لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی دەزگای میدیایی قەڵەم. 

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: 

تایبەتە بە هەواڵەکانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کاریگەریی

ڕاستەوخۆیان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان هەیە. لەلایەکی تریشەوە ئامانجی گەیاندنی

ڕوداو و زانیارییەکانی ناوچەکەیە بە سەردانکەر. 

 

جیهان : 

ڕوداو و پێشهاتە جیهانییەکان ڕۆژانە ڕیتمێکی خێراتر وەردەگرن و تا دێت

بەهۆی کاریگەرییەکانی تەکنەلۆجیا و جیهانگیرییەوە جیهان بچوکتر و بچوکتر دەبێتەوە

و کاریگەریی ڕوداوەکانی ناوچەیەک لەسەر ناوچەکانیتر، تا دێت زیاتر دەبێت. 

هەربۆیە دەزگای قەڵەم گرنگییەکی تەواوی بە ڕوداو و پێشهاتە جیهانییەکان

داوە و مەبەستیەتی خوێنەری کورد ئاگاداری ئەو ڕوداوانەبێت. چونکە هەواڵەکانی قەڵەم

تەنیا لە روداوە سیاسییەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکو پڕن لە زانیاریی نوێ لەسەر

داهێنانە زانستی و ئەدەبی و پزیشکی و تەکنەلۆجییەکان و شیوازی ژیانی وڵات و

میللەتانیتر کە وادەکات بەشی جیهان ببێتە دەروازەیەک بۆ سەردانکەرانی ماڵپەڕی

قەڵەم تاوەکو لێیەوە جیهان بەشیوەیەکی جیاواز و سودمەند ببینن. 

 

ئابوری: 

ئابوری یەکێکە لە سەرەکیترین ڕەهەندەکانی ژیان و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر

هەموو ڕەهەندەکانیتر هەیە لە سیاسەت و کۆمەڵگا و ژینگە و تەندروستی و تەکنەلۆجیا و

... هتد. 

هەربۆیە ئاگاداربوون لە ڕوداو و پێشهات و گۆڕانکارییە ئابورییەکان،

ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان و بەهۆیەوە دەتوانن پلان و

بەرنامەڕێژییەکی باشتر بۆ داهات و خەرجییەکانیان بکەن. 

لە ئەو ڕوانگەیەوە، دەزگای میدیایی قەڵەم گرنگییەکی تایبەتی بە هەواڵە

ئابورییەکان داوە، بەتایبەتی لە ئێستادا کە دۆخی گوزەرانی هاوڵاتییان لە

قەیراندایە و چەندین کێشەی ئابوری بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە. 

 

بیروڕا: 

وتار و شیکردنەوەی نوسەر و ڕوناکبیران، هەمیشە دەرگایەکن تاوەکو خوێنەر

باشتر ئاگاداری ئەو ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەبێت کە تێیدا دەژی و

لەڕێیانەوە هۆشمەندی و بەرچاوڕونیی زیاتری هەبێت بۆ چۆنیەتی مامەڵە کردن لەگەڵیان. 

لە ماڵپەڕی قەڵەم ئەو وتار و بیروڕا و شیکردنەوانە بڵاودەکرێنەوە، کە

پیشەییانە نوسراون و هەوڵی شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکان و بیانوهێنانەوە

بۆ کار و ڕەفتار و دۆخە نەخوازراوەکان نادەن. بەهەمان شێوە، هەوڵی ئەوە نادەن

ڕەخنەی بێ هۆ و بێ بنەما بگرن و تۆمەت و تاوانی بێبنەما ببەخشنەوە. بەڵکو

شیکردنەوە و لێکدانەوەیەکی پیشەییانە و بابەتییانە دەکەن و ڕاستییەکان وەکو خۆیان

دەخەنە ڕو. هەوڵدەدەن چارەسەر و دەرچەی گونجاو بۆ کێشە و قەیرانەکان بدۆزنەوە و

شیکارێکی زانستییانە بۆ ڕوداوەکان دەکەن، تاوەکو خوێنەر بەرچاوی ڕونتر و دیدگای

فراوانتر بێت و ببێتە خاوەن هۆشیارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی ئەوتۆ،

لەڕێیەوە ژیانی ڕۆژانەی خۆی باشتر بکات و کاریگەر بێت بۆ بەرەپێشبردنی وڵات و

کۆمەڵگا. 

 

جۆراوجۆر: 

جۆراوجۆر چەند بەشێکی جیاواز لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە: 

 

شیکاری: 

ئەم بەشە تایبەتە بە شیکار کردنی کێشە یان دیاردە یان ڕوداوێکی دیاریکراو و

ڕونکردنەوەی هەموو ڕەهەند و لایەنەکانی و دواتر دۆزینەوەی چارەسەر یان ئەو

چاکسازییانەی لە ئەو بوارەدا دەبێت بکرێن، یان خستنە ڕوی پێشنیار بۆ بەرەوپێشبردن

و باشتر کردنی ئەو بوارە، وەک دیاردە کۆمەڵایەتی و مێژوییەکان، یان شێوازەکانی

بەڕیوەبردنی وڵات. 

بەشێکی تری شیکارییەکان تایبەتن بە خستنە ڕوی داتا و ئاماری تایبەت بە

ڕوداوێک یان دۆسیەیەک، تاوەکو خوێنەر ئاگاداری وردەکاریی ئەو ڕوداوە بێت و بەرچاو

ڕونیی و زانایاریی تەواوی هەبێت لەسەری، وەک جەنگەکان یاخود بڵاوبوونەوەی

نەخۆشییەک یان دۆسیە ئابورییەکان. 

 

وێنە: 

لە بەشی وێنەدا چیرۆکەکان بە فۆتۆ دەگێڕدرێنەوە و دیاردەیەک یان شێوازی

ژیانێک یان ڕوداوێکی تایبەت لە ڕێی چەند فۆتۆیەکەوە نیشانی بینەر دەدرێت. 

 

ڤیدیۆ: 

تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دەگمەن و ناوازەی ڕوداوەکان و کۆنگرە

ڕۆژنامەوانییەکان و لێدوانەکان. بەشی ڤیدیۆی قەڵەم پڕە لە ئەو ڤیدیۆی ئەو هەواڵ و

روداوانەی لە میدیاکانیترەوە بڵاونەکراونەتەوە، یان زۆر بە دەگمەن بڵاوکراونەتەوە. 

هاوکات چەندین ڤیدیۆی ناوازەی گەپبازی و سەرسوڕهێنەر و بابەت و ڕوداوی سەرنجڕاکێش،

کە بەهەمان شێوەی ڤیدیۆ هەواڵییەکان، دەگمەنن ئەو میدیایانەی دەستیانکەوتووە و

بڵاویان کردووەتەوە. 

 

تەندروستی: 

تەندروستیی مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیەتی، بۆیە ئەم بەشە لە ماڵپەڕی قەڵەم،

تایبەتە بە هەواڵ و داهێنان و ئامۆژگارییە تەندروستییەکان، تاوەکو خوێنەر بتوانێت

ژیانێکی تەندروستانەتر بژی. 

 

وەرزش: 

بەشێکە تایبەت بە هەواڵی وەرزشی و تیایدا نوێترین هەواڵی یانەکان و

یاریزانەکان و خول و پاڵەوانییەتییە ناوخۆیی و جیهانییەکان خراوەتە بەرچاوی خوێنەر

و لەڕێی ئەم بەشەوە، هەمیشە ئاگاداری نوێترین هەواڵ و زانیاری و پێشهاتە

وەرزشییەکان دەبێت. 

 

 

ڕاپۆرت: 

دوو بەش لە خۆ دەگرێت: 

ڕاپۆرت: 

تایبەتە بە ڕاپۆرتی هەواڵی لەسەر ڕوداو و پێشهاتە و بابەتە گەرمەکانی

ڕۆژانە و خستەنەڕوی زانیاریی فرە ڕەهەند لەسەر ئەو بابەتانە. ڕاپۆرتەکان لەلایەن

شارەزا و چاودێرانی هەواڵ و سیاسەت و ئابورییەوە دەنوسرێن و تیایاندا بەدەر لە

خستنەڕوی لایەنە جیاوازەکانی هەواڵەکە، هەوڵدەدرێت لایەنە شاردراوە و

نەزانرانراوەکانیشی؛ ئەو لایەنانەی بۆ ڕای گشتی ناخرێتە ڕو؛ باسبکرێت و ئاشکرا

بکرێت. لەگەڵیشیدا لێدوان و شیکردنەوەی کەسانی تایبەتمەند و پسپۆڕ وەربگیرێت، بۆ

ئەوەی وێنەیەکی پڕاوپڕی ڕون لەسەر ڕووداوەکە بگاتە بینەر. 

 

فیچەر: 

ژانرێکی ڕاپۆرتییە و تیایدا ژیانی کەسێکی تایبەت، یاخود شوێنێکی مێژویی یان

ناودار و ناوازە، دەخرێتە ڕو. وشەی فیچەر واتە ڕوخسار، واتە ژانری فیچەر تایبەتە

بە خستنە ڕوی ڕوخساری کەسێک یان شتێک یان شوێنێک، کە هەڵگری کۆمەڵێک سیفەت و

جیاکەرەوەی تایبەت بن لە ئەونی تر، کە وابکات شایستەی باسکردن و گێڕانەوەی

چیرۆکەکەیان بێت. 

ئەو فیچەرانەی لە ئەم بەشەدا هەن بەرهەمی دەزگای میدیایی قەڵەم خۆین و

لەلایەن کەسانی شارەزا و بە ئەزمونەوە بەرهەم هێندراون و نوێترین تەکنیکەکانی

بەرهەمهێنانیان تێدا بەکارهاتووە.  

 

 

هونەری: 

لە ئەم بەشەدا خوێنەر دەتوانێت زانیاریی لە سەر سەرجەم ڕوداوە هونەرییەکان

دەستبکەوێت و ئاگاداری وردەکاریی ڕوداوە هونەرییە ناوخۆیی و جیهانییەکان و ژیانی

هونەرمەندان و داهێنانە هونەرییەکان ببێت. هاوکات ئاگادارێکی بەردەوامی فێستیڤاڵ و

خەڵاتە هونەرییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بێت و زانیاریی تەواوی لەسەر فێستیڤاڵەکان

و کات و شوێنی بەڕیوەچونیان و مێژوی دەستپێکردن و دامەزراندن و بڕ و جۆری

خەڵاتەکانیان و براوەکانی ئەو خەڵاتانە دەستبکەوێت. 

 

 

کتێبخانە: 

پەرتوک نزیکترین و دڵسۆزترین هاوڕێی مرۆڤە و سەرچاوەی سەرەکیی ڕۆشنبیربوون

و هۆشمەندییە. لە سۆنگەی ئەو گرنگییەوە دەزگای قەڵەم گرنگییەکی زۆری پێداوە و بە

ئەرکی خۆی دەزانێت ئەو پەڕی هەوڵبدات تاوەکو ژمارەی خوێنەرانی کتێب هەمیشە لە

زیاتر بووندا بن. 

ئەم بەشەی ماڵپەڕی قەڵەم تاکە بەشە کە داواکراوە سەردانکەر هەژمارێکی بۆ

دروستبکات، مەبەستی دەزگای قەڵەم لە دروستکرنی هەژمار بۆ ئەوەیە، ئامارێکی ورد و

تەواوی هەبێت بۆ ژمارەی ئەو کەسانەی خوێنەری کتێبن، لە کاتێکدا هیچ بەشێکیتری

قەڵەم پێوسیتی بە بوونی هەژمار نییە بۆ سەردانکردنی. چونکە بەلای دەزگای میدیایی

قەڵەمەوە، کتێب لە هەموو بەشەکان گرنگترە. 

لە بەشی کتێبخانەی قەڵەم، سەردانکەر دەتوانێت بە هەردوو جۆری نوسراو و

دەنگیی پەرتوکەکانی دەستبکەوێت. 

 

کتێب: 

لە ئەم بەشەدا پەڕتوکەکان بە شێوەی فایلی پی دی ئێف PDF

بەردەستە و خوێنەر دەتوانێت ڕاستەوخۆ لە ماڵپەڕەکەوە بیخوێنێتەوە یاخود

داونلۆدیبکات و لە کاتی بڕانی هێڵی ئینتەرنێتەکەشیدا بتوانێت لە خوێندنەوەی

بەردەوام بێت. 

کتێبی دەنگی: 

بۆ ئەو کەسانەی کێشەی بینین و بیناییان هەیە، یان لەبەر نەبوونی کات یان

هەر هۆیەکیتر ناتوانن خوێنەری پەرتوک بن، دەتوانن لە ڕێگەی بیستنەوە گەشتی ناو

کتێبەکان بکەن و سودمەندبن لێی. بەهەم شێوە دەتوانن ڕاستەوخۆ بیستەربن، یان

پەرتوکەکە داونلۆد بکەن و لە کاتی نەبوونی ئینتەرنێتیشدا گوێبیستی ببن. یان بۆ

ئەوانەی کاتیان کەمە، لە کاتی شۆفێری یاخود بەدەم کارکردنەوە گوێبیستی

خوێندنەوەکان ببن. 

دەزگای میدیایی قەڵەم پرۆژەیەکی ڕاگەیاندووە بۆ خوێندنەوەی ئەو پەرتوکانەی

بێبەرامبەر دەبەخشرێن، ئەو پەرتوکانە لەلایەن قەڵەمەوە بێبەرامبەر دەخوێندرێنەوە و

لەگەڵ هەر دانەیەکی نوسراودا، سی دی خوێندراوەکەش دەدرێت بە خوێنەر. ئەو کتێبانەشی

بۆ فرۆشتنن، تەنیا تێچوی خوێندنەوە و چاپکردنی سی دییەکانیان لێوەردەگیرێتەوە. 

 

ABZ:

بەشێکی تایبەتە بە ئەو ڕاپۆرتانەی بە شێوەی ئینهاوس یاخود کورتە

دۆکیۆمێنتاری بەرهەم دەهێندرێن. ئەم بەشە زۆرترین ڕاپۆرت دەربارەی زۆرترین بابەت

لە زانستی و مێژویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژینگەیی و ...هتد لە خۆدەگرێت. 

ئەوەی ڕاپۆرتەکانی ABZ جیادەکاتەوە، بەدەر لە

سەرنجڕاکێشی و ناوازەیی بابەت و ناوەرۆکەکانی بریتییە لە وردیی هەڵبژاردنەکان و

چەندبارە چیککردنەوەی زانیارییەکانی ناوی بۆ دڵنیا بوون لە ڕاستی و دروستییان. 

لە ئێستادا زۆرن ئەو میدیایانەی ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە بڵاودەکەنەوە، بەڵام

بەداغەوە، زۆرینەیان دەکەونە ئەو هەڵە گەورەیەوە، کە کاتێک لە سەرچاوەیەکی

نەناسراو و متمانە پێنەکراوەوە ڤیدیۆیەک دەبینن، تەنیا لەبەر ئەوەی بابەتە سەرنج

ڕاکێشە، وەریدەگێڕن و بڵاویدەکەنەوە، بەبێ ئەوەی بگەڕێن بەدوای سەرچاوەی

زانیارییەکاندا و دڵنیابن لە ڕاستییان. هەر بۆیە لە ئێستادا میدیای کوردی و

بەتایبەتیش پەیئجەکانی فەیسبوک پڕن لە ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە، کە لەبری سودگەیاندن بە

بینەر، زیانێکی گەورەیان هەیە بۆی. 

دەزگای قەڵەم هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی دەیکات، لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە

دڵنیادەبێتەوە لە زانیارییەکان و پشت بە وەرگێڕان و کۆپیکردنی ئەوانیتر نابەستێت.

بۆیە ڕاپۆرتەکان مۆرکی دەزگاکەی پێوە دیارە و داڕشتنی ناوەرۆکەکانیان و خستنەڕوی

زانیارییەکان تیایاندا بەجۆرێکە لەگەڵ حەز و مۆراڵ و خواستی بینەری کورددا یەکانگیرە. 

لە بەرهەمهێنانیشیاندا، نوێترین تەکنیکی مۆنتاژ و مۆشن گرافیک

بەکاردەهێنرێت، تاوەکو بینەر هەست بەبێزاری نەکات و دیمەنەکان تەواوکەری خوێندنەوە

و زانیارییەکان بن. 

 

Qallam FM:

بەشێکی تایبەتە بە مارکێتینگ بۆ ڕادیۆی قەڵەم ئێف ئێم و بەشەکانیتری دەزگای

میدیایی قەڵەم. ئەوانەی دەیانەوێت لە دەزگای میدیایی قەڵەمەوە ڕیکلام بۆ

بزنسەکانیان بکەن، دەتوانن لە ڕێی ئەم بەشەوە سەرجەم وردەکارییەکانی ڕیکلامەکەیان

دیاریبکەن. 

وەک ئەو دەنگانەی ڕیکلامەکان دەخوێننەوە و ئەو ئەکتەرانەی بەشداردەبن لە

دروستکردنی ڕیکلامەکەدا و جۆرەکانی ئەو سیناریۆیانەی بۆ ڕیکلامەی دەدیەوێت. هاوکات

ماوەی ڕیکلامەکە و ژمارەی جارەکانی پەخشکردنی ئەو بەشانەی دەزگاکە کە دەیەوێت

لێوەی پەخش ببێت و بڵاو ببێتەوە و ...هتد.

ناونیشان
سلێمانی
سۆشیاڵ میدیا