١٠ حوزەیرانی ٢٠٢٣
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین گروپێکی 4 کەسی لە هاوڵاتی ناوخۆیو و بیانی دەستگیرکرد کە بە نیازبوون ماددەی هۆشبەر لە سنورەکەدا ساغبکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 10ی حوزەیرانی 2023، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە لاپەڕەی فەرمی خۆی ڕاگەیەندراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی بڵاوکردەوە و تیادا هاتووە: "پاش کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچونی ورد، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، ڕۆژی 5ی حوزەیرانی 2023 لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، گروپێکی 4 کەسیان لە هاوڵاتی ناوخۆیی و بیانی دەستگیرکرد".
ڕاگەیەندراوەکە ئاشکراشیکرد گروپەکە پێکهاتوون لە: "(ی، و، ح) بیانی، (ن، خ، ص)، (ح، أ، ح) و (ە، خ، خ) کە کاریان فرۆشتن و دابەشکردنی ماددە هۆشبەرەکانی جۆری کریستاڵ و حەپی تراماڵ بووە لە سنورەکەدا".
ڕونیشی کردەوە: "دەستگیرکراوان بەپێی ماددەکانی 26 و 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ئەوەش دراوە: "دەزگای ئاسایشی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست و دوور لە ماددەی هۆشبەر".
