مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی تێکدەدرێت

٤ حوزەیرانی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لە کاتێکدا نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە، بەڵام بێ هیچ ڕێنماییەکی تەندروستی لە مەیدانەکە ئاژەڵی نەخۆش سەردەبڕدرێت، لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێکیان بۆ نەهێشتنی ئەو شوێنە دەستپێکردووە.

ئەمڕۆ یەک شەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، قائیمقامیەتی سلێمانی لە پەڕەی خۆی ڕاگەیەندراوێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئاماژەی بە ئەوە داوە، لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێکیان بۆ مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی ئەنجامدا و بڕیارە سبەینێ سەرجەم مەیدانەکە بڕوخێنن.

بەپێی وتەکانی ڕێکان جەمال مەحمود سەرۆکی لیژنەی قائیمقامیەتی سلێمانی کە بۆ میدیاکان دواوە: "ئەو مەیدانە شوێنێکی شیاو نییە بۆ سەربڕینی ئاژەڵ، پێویستە شوێنەکە لاببرێت، ئاژەڵی نەخۆش سەردەبڕدرێت، شوێنەکە پڕە لە بەکتریای زیانبەخش".

هەڵمەتەکان بۆ ڕوخاندنی ئەم مەیدانە لە کاتێکدایە، بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ مەیدانە نوێیەکەی ئاژەڵان بکرێتەوە.

لە کاتێکدا نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، تەنانەت لە هەولێر و کەرکوک حاڵەتی گیان لەدەستدان بە نەخۆشییەکە هەیە، بەڵام هێشتا لە مەیدانەکان ئاژەڵ بێ هیچ چاودێری و ڕێنماییەکی تەندروستی سەردەبڕدرێت و ئەمەش ڕەنگە ڕێخۆشکەر بێت بۆ بڵاوبونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە.