ئەژی ئەمین: هەوڵى نەزۆک هەن بۆئەوەى ئەزمونى کوردستان بخرێتە مەترسییەوە

٣١ ئایاری ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

ئەژی ئەمین لە یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا پەیامێکی پیرۆزبایی لە یەکێتییەکان بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر ئامانجە سەرەکییەکانی پارتەکە کردەوە.

کەمێک لەمەوبەری ئەمشەو 31ی ئایاری 2023، ئەژی ئەمین لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، پەیامێکی پیرۆزبایی لە ساڵیادی یەکێتیدا بڵاوکردەوە و نوسیویەتی: "پیرۆزبایى ساڵیادى دامەزراندنى یەکێتى نیشتمانیى کوردستان لە هەڤاڵانى یەکێتى دەکەم و لەم دەرفەتەدا جەخت دەکەمەوە لەسەر ئەو ئامانجە سەرەکییانەى کە حزبەکەى لەسەر بنیاتنراوە کە بریتین لە ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و چاره‌ی خۆنوسین".

ڕونیشی کردووەتەوە: "لەم ڕۆژانەدا هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکدا تێدەپەڕێت، کە هەوڵى نەزۆک هەن بۆئەوەى ئەزمونى هەرێمى کوردستان بخرێتە مەترسییەوە، بەشێوەیەک کە نەتەوەکەمان لەسەروەرى خاک و هەنگاو بۆ سەربەخۆییەوە بەرەو پەرت و پەرتەوازەکردن و دابەشکردنى بەسەر چەند پارێزگایەکدا خۆى ببینێتەوە".

جەختیشی کردووەتەوە: "هەرکەس و لایەنێک پشتگیرى لەمامەڵەى ڕاستەوخۆى بەغدا لەگەڵ پارێزگاکاندا بکات، خەونى داگیرکەران و دوژمنانى ئەم نەتەوەیە دەهێنێتەدى، لەبنەڕەتیشدا دژایەتى دروشم و ئامانجە باڵاکانى یەکێتى دەکات".

ئەژی ئەمین لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئەوەی خستووەتە ڕو: "گومانى تێدانیە، یەکێتیە راستەقینەکان و خەباتگێڕە نەبەردەکانى کورد هیچ کات خۆیان ناخەنە بەرەى خیانەت لە نەتەوەکەیان. هەرچەندە، لەمێژووى نیو سەدەى ڕابردوودا زۆرجار هەوڵدراوە یەکێتى بەلارێدا ببرێت، لەنەتیجەدا یەکێتیە ڕاستەقینەکان سەرکەوتو بوون لە مانەوەیان لەسەر ڕێڕەوى کوردایەتى".

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ڕای گەیاندووە: "بەپێویستى دەزانم لەم ساتەوەختە مێژووییەدا جەخت لە یەکپارچەیى و سەروەرى ئەزمونى هەرێمى کوردستان بکەمەوە، ئەوەش بە یەکدەنگى و کۆڕەنگى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و هەموو هێزو لایەنەکان و ناوخۆی یەکێتى و بە هەنگاوى ڕاشکاو و دڵسۆزانە بەدیدەهێنرێت. سڵاو بۆ گیانى پاکى شەهیدانى ڕێگاى ڕزگارى کوردستان".