٣٠ ئایاری ٢٠٢٣
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە خانەوادەی موراد کانی کوردەیی کرد. میدیاکانی یەکێتیش باس لە ئەوە دەکەن، بنەماڵەی ناوبراو گەڕاونەتەوە ناو ئەو حزبە.
ئەمڕۆ سێ شەممە 30ـی ئایاری 2023، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی و بنەماڵەی موراد کانی کوردەییدا، تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی و حزبەکەی بۆیان دەربڕیوە و ئاماژەی بە ئەوە داوە، ئەوان پشتیوانیان دەکەن "لە بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا".
جەختیشی لە ئەوە کردووەتەوە: "هەر کەسێک لەپشت شەهیدکردنی موراد کانی کوردەییەوە بێت، ڕوبەڕوی دادگا دەکرێتەوە".
ئەوەش خراوەتە ڕو، لە بەرامبەردا بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی سوپاسی تاڵەبانییان کردووە و باسیان لە ئەوە کردووە، سەرۆکی یەکێتی "هەمیشە پشتیوانبووە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە".
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە ئەوەش کراوە، بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی بە بافڵ تاڵەبانییان ڕاگەیاندووە: "یەکێتی حزبی ئێمەیە و لەمەودواش بە گڕوتینێکی زیاترەوە لە خزمەتکردن بەردەوام دەبن".
ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 25ی تشرینی دووەمی 2021، عەمید موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا، ناسراو بە موراد کانی کوردەیی و 2 لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی خۆشناو وەیسی و هاوکار نازم، لە ناو سەنتەری شاری رانیەوە لەلایەن هێزێکەوە تەقەیان لێکرا و بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
پاش ئەم ڕوداوە، بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی پەیوەندیکردنی خۆیان بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند و پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتی پچڕاند، ئەمڕۆش بە کۆبونەوەکەی نێوانیان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی، میدیاکانی ئەو حزبە باس لە ئەوە دەکەن بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی گەڕاوەتەوە ناو ڕیزەکانی یەکێتی.