٢٩ ئایاری ٢٠٢٣
وتەبێژی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، پرسی گواستنەوەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی بۆ بەغدا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنیا دەنگدان لەسەری ماوە.
ئەمڕۆ دوو شەممە 29ـی ئایاری 2023، ئەحمەد کەرکوکی وتەبێژی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و هاوکات سەرۆکی لیژنەی داکۆکی لە مافی مامۆستایان لە یەکێتییەکە بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "جێگری وەزیری پەروردە بە ئێمەی ڕاگەیاندووە گواستنەوەی سەرجەم مامۆستایانی خوێندنی کوردی کە ژمارەیان 13 هەزار مامۆستایە بۆ بەغدا کۆتایی هاتووە".
وتیشی: "بڕیارەکە مامۆستایانی وانەبێژیش دەگرێتەوە".
ئاماژەی بە ئەوەش دا: "لە خانەقینەوە تاکو شنگال شمولی بڕیارەکە دەکات، بەڵام ئەوەی ئێمە زانیاریمان لەسەری هەیە گواستنەوەکە شمولی سنوری مەخمور ناکات".
هەر لە درێژەی قسەکانیدا ئەحمەد کەرکوکی باسی لە ئەوەش کرد: "گۆڕانکاری لە مەنهەج و وەرگێڕانی مەنهەج ماوە، بەڵام ئەوە کێشەیەک نییە و پێشبینی دەکەین دوای گواستنەوە بە 5 ساڵ، ئەوکات کاری لەسەر بکرێت".
وتەبێژی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ڕاشیگەیاند: "هاوتاکردنی موچەکانیش حکومەتی ناوەند دەبێت بیکات و سندوقی خانەنشینانیش دابنرێت، لەبەر ئەوەی سندوقی خانەنشین لە هەرێم هەیە بەڵام پارەی تێدا نییە".
لەبارەی ئەو بودجەیەی بۆ پرۆسەی گواستنەوەکە تەرخان کراوە، ناوبراو وتی: "پارە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراقەوە تەرخانکراوە و هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمەوە نییە و بەپێی ئەو 13 هەزار مامۆستایە داندراوە".
خوێندنی کوردی لە کەرکوک لە ساڵی 2003ـوە ئەوکاتەی کورد لە ئەو پارێزگایە دەسەڵاتی گرتە دەست، کراوەتەوە. لە ئێستادا 435 خوێندنگای کوردی و 40 باخچەی ساوایان لە پارێزگاکە سەر بە خوێندنی کوردین، کە 9 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و 92 هەزار قوتابی تێیاندا دەوام دەکەن.
ئەو وانە و پرۆگرامانەی لە خوێندنی کوردی لە کەرکوک دەخوێندرێن، هاوشێوەی مادە و پرۆگرامەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لە حاڵەتی گواستنەوەی خوێندنی کوردی دا بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی عێراق، چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکاندا دەکرێت، چونکە پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق و هەرێم جیاوازن لە یەکتری.
