١٦ ئایاری ٢٠٢٣
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کێشەی کەم ئاوی 2 تەوەری سەرەکی لەخۆی دەگرێت ئەویش فەرمانگەی ئاوە لەگەڵ کارەبای بەردەوامی بیرەکان و وتیشی بەرنامەیان وایە بتوانن بەشیوازێکی زۆرباش کۆنترۆڵی کەم ئاوی بکەن لە هەولێر.
ئەمڕۆ سێ شەممە 16ـی ئایاری 2023، عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "وەکو دەزانن کێشەی کەم ئاوی 2 تەوەرەی سەرەکی لەخۆی دەگرێت، تەوەرەیەکیان فەرمانگەی ئاوە و تەوەرەکەی تریان کارەبای بەردەوامی بیرەکان. لەڕێگای پارێزگاوە داوامان لەوەزارەتی کارەبا کردووە ئەو بیرانەی لەناو هەولێرن کارەبای بەردەوامیان پێ بدات، بە بەستنی کارەبای بەردەوام بەشێکی زۆری کەم ئاوی لە هەولێر چارەسەر دەبێت".
وتیشی: "بەشی دووەمیان فەرمانگەی ئاوە و داوامان لێکردون خۆیان بکەن بەچوار زۆن. هەولێر دابەشی چوار زۆن بکەن بۆ هەر زۆنێک تیمی تایبەتیان هەبێت بۆ ئەوەی سەرلێشێوان نەبێت. لە کاتێکدا بیرێک وشکبوو بەزوترین کات ئاگاداربن و ماتۆڕێک توانای نەما ئەو ئاوە قوڵتر ڕابکێشیت بەپەلە بیگۆڕن".
ڕونیشیکردەوە: "خاڵی سێیەم ئەوەیە هاوڵاتیانیش پێویستە دەست بە ئاوەوە بگرن بەڕاستی ئاو موڵکی هەمومانە، موڵکی چەند ماڵێک نین ئەوانەی نزیکی بیرن بە بەردەوامی ماتۆڕ دابگرسێنن و حەوشە بشۆن و ئەو ماڵانەی دوورن ئاویان نەیانگاتێ و بێ ئاو بن. بۆیە پلان و بەرنامەمان وایە بتوانین بەشیوازێکی زۆرباش کۆنترۆڵی کەم ئاوی بکەین لە هەولێر".
لەبارەی کێشەی زۆربوونی بیر و پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 4ەوە عەلی ڕەشید ئاشکرایکرد: "چەند بیر لێبدەین بیریتر وشک دەکات. کەواتە مانای ئەوەیە چارەسەری ستراتیژی نیە، 2 چارەسەری ستراتیژیمان هەیە، یەکەم ئەوەیە پڕۆژەی ئیفراز 4 واتە ئەو بۆریەی ئاو دەگەیەنێتە ناو هەولێر و دابەش دەکرێت چارەسەریەکی لەسەدا %90ـی یاخود %100ـی ئاوی هەولێر دەکات، بەشی دووەمیش ئەوەیە ئاو لەبەنداوی گۆمی گۆمەسپان دوای تەواو بوون بە بۆریەک بهێنرێتە ناو هەولێر".
ڕاشیگەیاند: "لەمانگی تەموز و ئاب هاوڵاتی پێویستی بە زۆرترین ئاو دەبێت و دەتوانین لە ڕۆژێکدا 250 هەزار ماڵ واتە 250 هەزار مەتر سێجا ئاو بدەیینە ناو هەولێر. واتە سێ چارەکی دانیشتوانی هەولێر دەکات و دەتوانین بەو دوو شێوەیە کۆنتڕۆڵی ئاو بکەین لەو کاتەدا بیرەکانیش ڕادەوەستن واتە قەپات دەبن چونکە هەم ئیفراز هەم گۆمەسپان تەواو بێت پێویستمان بە ئاوی ژێر زەوی نامێنێت ئاوی ژێر زەوی بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەمبار دەکەین".
ساڵانە لە شاری هەولێر و بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا کێشەی کەم ئاوی ڕو لە بەشێکی زۆری شارەکە دەکات و گەڕەکەکانی شارەکە بۆ چەندین ڕۆژ بێ ئاو دەبن.