هەموو ژمارە و ئامارەکان لەسەر هەڵبژاردنی تورکیا

١٣ ئایاری ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

سبەینێ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوە دەچیت و بەڕای چاودێرانی دۆخی ئەو وڵاتە، یەکێکە لە هەرە چارەنوسـسازترین هەڵبژاردنەکان لە مێژوی تورکیادا، قەڵەم لە شیکارییەکدا ژمارە و ئامار و ئەگەرەکانی سەرکەوتنی کاندیدەکان ئاشکرا دەکات.

سبەینێ یەک شەممە 14ی ئایاری 2023دا، كاتژمێر 8ی بەیانی دەنگدان دەستپێدەكات و دەنگدەران دەتوانن لە ماوەی 9 كاتژمێردا، دەنگبدەن و كاتژمێر 5ی ئێوارە دەنگدان كۆتایی دێت.

لە هەر 81 پارێزگاکەی تورکیا، پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت و 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 كەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەناوخۆی وڵاتدا 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 كەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە دەرەوەش 3 ملیۆن و 416 هەزار و 98 کەس كە لە كۆتایی مانگی ڕابردووەوە دەستیان بە دەنگدان كردووە.

لە ئەو ژمارەیەی لە ناوخۆی وڵاتدا مافی دەنگدانیان هەیە، 30 ملیۆن و 710 هەزاریان ژنن كە دەكاتە ڕێژەی %50.6 و، 29 ملیۆن و 988 هەزاریان پیاون کە دەکاتە %49.4.

ژمارەی ئەوانەی بۆ یەكەم جار مافی دەنگدانیان هەیە، 4 ملیۆن و 904 هەزار و 672 کەسە.

سیستمی هەڵبژاردنی توركیا بەپێی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكان داڕێژراوە. بۆ نمونە پارێزگای ئیستەنبوڵ 15 ملیۆن و 840 هەزار و 900 دانیشتوی هەیە، بە ئەوەش 98 كورسی پەرلەمانی بەردەکەوێت. بەڵام پارێزگایەکی وەک بایبورت کە 84 هەزار و 241 دانیشتوی هەیە و پارێزگای دەرسیم کە 35 هەزار و 161 دانیشتوی هەیە، یەكی 1 نوێنەریان دەبێت لە پەرلەمان.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن سەرۆكی بنكەكان دەتوانن بڕیاربدەن بە درێژكردنەوەی ماوەی دەنگدان، بۆ ئەوەی تەنیا ئەو دەنگدەرانەی لە ڕیزەكاندا وەستاون دەنگ بدەن.

دوای داخستنی دەرگای بنكەكان سندوقەكان لە دوای كاتژمێر ٦ی ئێوارەوە دەكرێنەوە و دەست بە جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكرێت. دەستەی باڵای هەڵبژاردن لە كاتژمێر 6 تا 9ی ئێوارە زانیاریی لە بارەی دەنگی كاندید و پارتەكانەوە بڵاودەكاتەوە.

ئەنجامی گشتی دەنگدان هەمان شەو كاتژمێر ١٢ لە لایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنی توركیا ڕادەگەیەنرێت.

بەپێی دواین ڕاپرسی كە ناوەندی لێكۆڵینەوە و ڕاپرسی ئێرۆپۆڵ ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە و لە نێوان 8 تا 10ی ئایار لە 28 پارێزگای گەورەی تورکیا ئەنجامیداوە و 2 هەزار و 387 دەنگدەر بەشدارییان کردووە %51.5ی بەشداربووان دەنگیان بە کەمال کڵچدار ئۆغڵو، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت داوە و %46.2 دەنگیان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، كاندیدی هاوپەیمانی كۆمار داوە و %2.3 دەنگیان بە سینان ئۆغان داوە.

پێشتریش لە زۆرینەی هەرە زۆری ڕاپرسییەکاندا، کەمال کلیچدار ئۆغلو لەپێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بوو.