وەزارەتی پێشمەرگە: گوێر ئارامە

١٢ ئایاری ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە سنوری گوێر ئەنجامداوە و هاوڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە لە ئەوەی ناوچەکە ئارامە.

ئەمشەوی هەینی 12ی ئایاری 2023، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و نوسیویەتی: "دوای ئەوەی دوێنێ تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر سەنگەری سوپای عێراق، گومان دەکرا دزەیان کردبێتە سنوری هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ بەرواری 12ی ئایاری 2023 کاتژمێر 07:30 بەیانی لیوای 21ی پیادە، لە سنوری چالاکی لیواکەیان، ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان ئەنجامدا".

ئاشکراشی کرد: "لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، فەوجی 2ی لیوای 21ی پیادە و سریەی کۆماندۆ بەشداربوون. ناوچەی زێی گوێر و ناو چەم و ڕوبارەکانی گوێر کیوماڵ کرا، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی چڕ بوون و گومانی زیاتریان لێ دەکرا. کاتژمێر 10:30 ئۆپراسیۆنی بەیانی کۆتایی هات. پاشان دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆ زیاتر دڵنیا کردنەوەی هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەکە دەڤەرەکە کێوماڵ کرایەوە".

لە کۆتاییشدا وەزارەتی پێشمەرگە جەختی کردووەتەوە لە ئەوەی: "هێزەکانی پێشمەرگە هاوڵاتیانی ناوچەکە دڵنیا دەکەنەوە کە ناوچەکە ئارامە و هەموو هەوڵێک دەدەن، ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و خەڵک بپارێزن".

دوێنێ لە یەکێک لە گوندەکانی سنوری گوێر شوانێکی کورد لەلایەن چەند کەسێکەوە بۆ ماوەیەک ڕفێندرا و دواتر ئازادکرا، شوانەکە ڕایگەیاند ئەونەی ڕفاندویانە چەکداری داعش بوون.

بەڵام فەرماندەکانی پێشمەرگە ئەوەیان ڕەتکردەوە و دەڵێن سنورەکە هیچ چەکدارێکی داعشی لێنییە و ئەو ڕوداو و دەنگۆیانە لەلایەن عەرەبی ناوچەکەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت تاوەکو کوردەکان گوندەکانیان چۆڵ بکەن.