١١ ئایاری ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرایکردئەو منداڵەی لە چەمی خاس تەرمەکەی بە خنکاوی دەرهێندرایەوە خۆی نەکەوتووەتە ئاوەکەوە، بەڵکو لەلایەن باوەژنی و خوشکی باوەژنی خراوەتەوە ئاوەکەوە و بەهۆیەوە خنکاوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 11ی ئایاری 2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەرین لەڕونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی دەست قەڵەم کەوتووە نوسیویەتی: "دوێنی چوار شەممە لە کاتی ئێوارە ژنێک بەناوی (ن،ع،ا) تەمەن 39 ساڵ دانیشتوی شاری هەولێر کە پێشتر بەسەردان هاتووەتەوە بۆماڵی باوکیان لە شاری قەڵادزێ، دوای دیارنەمانی زڕ کچەکەی سەردانی بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕینی کردووە و هەواڵیدا بەوەی کە زڕکچەکەی بەناوی (ئ،ئ،م) تەمەن 11 ساڵ دیارنەماوە و ونبووە. دەستبەجێ هێزەکانمان لە قەزای پشدەر دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دیارنەمانی کچەکە.
نوسیویشیەتی: "لەئەنجامی لێکۆڵینەوە کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچون، دەرکەوت ونبوونی کچەکە گوماناویە، دوای 4 کاتژمێر بەسەر هەواڵی ونبوونی هێزەکانمان خوشکێکی باوەژنی تاوانلێکراویان دەستگیرکرد کە ناوی (ه،ع.ا) تەمەن 15 ساڵە و دانیشتوی قەڵادزێیە. دوای ئەوەی لێکۆڵیەنەوەی لەگەڵ کرا لەبەردەمی پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەوەی کە هەر پێش نیوەڕۆی دوێنی لەسەر ڕاسپاردەی خوشکەکەی بەمەبەستی خنکاندنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە لە ماڵی خۆیان بردویەتی بۆ زێی بچوک لە خاس، بەگەیشتنیان بۆ ئەو شوێنە لە قەراغ ئاوەکە پاڵی بەکچەکەوە ناوە بەمەبەستی خنکاندنی و بەو هۆیەشەوە خنکاوە".
پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕونکردنەوەکەدا ئاشکراشی کردووە: "ئەو تۆمەتبارە دانی ناوە بە ئەوەشدا کە ئەم تاوانەی ئەنجامداوە بەقسەی خوشکەکەی بووە کە دەکاتە باوەژنی کچە تەمەن 11 ساڵانەکە، پێشتریش چەند جارێک هەوڵی کوشتنی ئەو کچەیان داوە، بەڵام هەوڵەکانیان شکستیهێناوە".
ئاسیا لە تەمەنی 6 مانگیدا لەلایەن ئەشرەف هەڵگیراوەتەوە و بە یاسا کردویەتی بە کچی خۆی، کاتێک ئاسیا دەبێتە 8 ساڵ، باوکی لەگەڵ ئەم باوەژنەی هاوسەرگیری کردووە.