ئەمساڵ کێشەی کەمیی گەنم دروستدەبێت؟

٣١ ئایاری ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

گەنم بابەتێکی سەرەکی خواردەمەنی دانیشتوانە و لە ڕوبەرێکی فراواندا دەچێندرێت کە هیچ بەروبومێکی تر نایگاتێ، تا ڕادەیەک کشتوکاڵی گەنم سێ یەکی ئەو ڕووبەرانەی داگیرکردوە کە بۆ دانەوێڵە تەرخان کراوە.

لەهەرێمی کوردستانیش، ساڵانە 3 ملیۆن و نیو دۆنم زەوی بە گەنم دادەچێندرێت، کە بەهۆی کەمی بارانبارین لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرهەمی گەنم کەمیکردووە و بەشێوەیەکی گشتییش گەنم لەکوردستاندا بە شێوەیەکی بەربڵاو دەچێندرێت، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە ڕێژەی دابارینی ساڵانەیان، لەنێوان(٤٠٠ بۆ ٥٠٠)ملم دایە.

بەجۆرێک لەساڵی ٢٠١٩ بڕی گەنمی بەرهەمهێنراو، زیاتر لە سێ ملیۆن تەن بووە و ئەم ڕێژەیەش بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دابەزیوە بۆ زیاتر لەیەک ملیۆن تەن و دواتریش لە ساڵی ٢٠٢١ بۆتە سەدو بیست و شەش هەزار تەن و بۆ ئەم ساڵیش بەپێی پێشبینیەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێشبینی دەکرێت هەمان ڕێژەی ساڵی ڕابردوو بێت.

لەئێستادا کە کاتی دروێنەی گەنمە لە هەرێمی کوردستاندا و جوتیاران بەرهەمی گەنمەکانیان دەدورنەوە، بەهۆی نەبارینی بڕی پێویستی باران،

بەرهەم هێنانی گەنم و دانەوێڵە بە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە.

بەجۆرێک بەپێی ژمارەی دانیشتووانی، هەرێمی كوردستان، ساڵانە پێویستی بە 750 هەزار تەن گەنم هەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستەکانی و بەو پێیەش ڕەنگە بەرهەم هێنانی گەنم بۆ ئەم ساڵ، بڕی پێویستی پێداویستی دانیشتوان پڕ نەکاتەوە.

لەعێراقیشدا ساڵانە بڕی پێنج ملیۆن تەن گەنم پێویستە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ناوخۆ و لەو ڕێژەیەش تا ئێستا بڕی یەک ملیۆن تەن گەنم بەرهەم هاتووە.

نەوزاد كامل" بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێکدا باس لەوە دەکات:

لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عیراق جەختیان لەوەكردووەتەوە سەرجەم بەرهەمی گەنمی جوتیاران وەردەگرن، بەنرخێكی زیاتر و بەپێی نرخی رۆژ.

جگە لەوەش رەزامەندی بۆ هاوردەكردنی سێ ملیۆن تۆن گەنم بۆ عیراق وەرگیراوە و ئەگەر بەرهەمی ناوخۆ كەمی هەبوو ئەوكات بڕی پێویست هاوردە دەكرێت و ئەو كەمییە پڕ دەكرێتەوە.

لەدوای دروستبوونی جەنگ لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیادا، بەشێوەیەکی گشتی نرخی گەنم و دانەوێڵەکان لە زۆرێک لەوڵاتانی جیهاندا بەرزبۆتەوە و

وڵاتی هندستانیش کە دوەم گەورەترین

وڵاتی بەرهەم هێنەری گەنمە لەجیهاندا، بڕیاری قەدەغکردنی هەناردەی گەنمی دەرکردوە بۆ وڵاتانی دیکە و ئەمەش بەڕێژەی لەسەدا ٦ نرخی گەنمی بەرزکردۆتەوە لە بازاڕەکانی جیهاندا.

ھەرێمی کوردستان و عێراقیش جگە لە جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، کەمی بڕی بارانی پێویست هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بەرهەمی گەنم بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکات و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ناوخۆ، پشت بە بەرهەمی وڵاتانی دیکە و دراوسێ ببەستن..