ڕێبەر ئەحمەد: یاسای بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر لە حکومەتی هەرێم پەسەندکراوە

٩ ئایاری ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

ڕێبەر ئەحمەد: یاسای بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر لە حکومەتی هەرێم پەسەندکراوە

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژە یاسای هەرێم بۆجێبەجێکردنی یاسای فیدراڵیی بەرەنگاربونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراوە، بۆ دەرچواندنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە.

ئەمڕۆ سێ شەممە 9ی ئایاری 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرەی فەرمیی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە: "ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە تیمی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییە داراییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر مەترسییە داراییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکران".

ئاماژەی بە ئەوەشکردووە: " تیمەکە لە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و 15 دامەزراوەی هەرێمی کوردستان پێکهاتوە و ئەرکی ئەو تیمە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی هەرێمی کوردستانە کە هاوتەریبە لەگەڵ ڕاسپاردەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان لە بواری نەهێشتنی دەرفەتەکانی سپیکردنەوەی پارە و بەدواداچوونی ورد و وشککردنی سەرچاوەکانی پارەدارکردنی تیرۆر".

ئاشکراشیکردووە: "بۆ نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە هەنگاوی زۆر باش نراون، دەربارەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان".

ئەوەشی خستووەتە ڕو: "پڕۆژە یاسای هەرێمی کوردستان بۆ ئینفازکردنی یاسای فیدراڵی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر لە ئەنجومەنی وەزیران پەسندکراوە، بۆ دەرچواندنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە".