مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی داخرا

٧ ئایاری ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانییان داخست، "چونکە ئەو شوێنەی مەیدانەکەی لێبووە شوێنی نیشتەجێبوونە و هاوڵاتییان بەردەوام بەهۆی بۆنی مەیدانەکە سکاڵایان تۆمارکردووە"، بڕیاریشە بەم زوانە مەیدانێکی نوێ لە دەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانی دروست بکرێت.

ئەمڕۆ یەک شەممە 7ـی ئایاری 2023، زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی لە ناو ماڵاندایە و 2 پرۆژەی نیشتەجێبوونیشی لێ نزیکە، زەویی مەیدانەکەش زەویی نیشتەجێبوونە، بۆیە داخرا".

زەردەشت رەفیق وتیشی: "مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی نافەرمی بووە و بڕیارە مەیدانێکی نوێ لە دەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانی کە دەکەوێتە قەرەگۆل لە نزیکی عەربەت بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە دروست بکرێت".

وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی باسی لە ئەوەش کرد، چەندینجار هاوڵاتییان سەردانی شارەوانیی سلێمانیان کردووە و سکاڵایان لەسەر مەیدانی ئاژەڵان تۆمارکردووە و داوایان کردووە دابخرێت، چونکە "بۆنی ناوخۆشی بڵاوکردووەتەوە بۆ گەڕەکەکانی دەوروبەری".

مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەکەوێتە ناوچەیەکی نزیکی دانیشتوانەوە. بۆ ئەو مەبەستە لە 2007ـەوە لە قەرەگۆل شوێنێک وەک مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دیاریکرا بۆ ئەوەی بۆ ئەو شوێنە بگوازرێتەوە.

ماوەی 6 مانگە پرۆژەی گۆڕینی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون دواخراوە بەهۆی چۆڵنەکردنی لە لایەن کاسبکاران و ئاژەڵ فرۆشانەوە.