٣ ئایاری ٢٠٢٣
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، درەنگانی شەوی ڕابردوو دوای گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بەرەو رانیە لە نزیک گوندی قەرەنی ئاغا، کەسێک کە هاوڕێی موراد کانی کوردەیی بووە، دراوەتە بەر دەستڕێژیی گوللە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادار بۆ میدیاکان ئاشکرایکرد، درەنگانی شەوی ڕابردوو کە دەکاتە 3ـی ئایاری 2023، فرسەت مەلەکی کە بە وتەی کەسوکارەکەی پێشتر "لە ساتەوەختی تیرۆركردنی شەهید موراد دا وەك هاوڕێیەك هاوەڵی شەهید مورادی كردبوو بۆ نان خواردی ئێوارە لە شاری رانیە"، ئۆتۆمبێلەکەی دراوەتە بەر دەستڕێژیی گوللە و 5 گوللەی بەرکەوتووە و یەکێک لە گوللەکان بەر سەری کەوتووە و بە سەختی برینداربووە.
سەرچاوەکە وتیشی: "بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە فرسەت مەلەکی رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراوە بۆ چارەسەرکردنی، بەڵام دواتر گیانی لەدەستداوە".
ئەو سەرچاوە ئەمنییە باسی لە ئەوەش کرد، فرسەت مەلەکی پێشتر لەگەڵ موراد کانی کوردەیی دراوەتە بەر دەستڕێژیی گوللە کە کە ئەوکات موراد کانی کوردەیی بەهۆی روداوەکەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام فرسەت مەلەکی-ش بۆ ماوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و دواتر ئازاد کراوە.
ئەوەشی خستە ڕو: "فرسەت مەلەکی تاکە شاهیدی روداو و وردەکاریی تەقەکردن لە موراد کانی کوردەیی بووە و لە ئێستادا سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بووە".
هاوکات، بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی لەسەر روداوی تەقەکردن لە فرسەت مەلەکی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "فرسەت مەلەکی لە ساتەوەختی تیرۆركردنی شەهید موراد دا وەك هاوڕێیەك هاوەڵی شەهید مورادی كردبوو بۆ نان خواردی ئێوارە لە شاری رانیە، بەداخەوە لەو رووداوەدا شەهید موراد و سێ لە هاوڕێكانی شەهید دەكرێن و كاك فرسەتیش لە لایەن ئەو هێزەوە دەستگیر دەكرێت و دوای ماوەیەك ئازاد دەكرێت".
ئاماژەیان بە ئەوەش داوە: "شەهید فرسەت پیاوێكی كاسب و دەست و دڵ پاك بوو بە هیچ شێوەیەك تێكەڵی كاری سیاسی و ململانێی نەكردووە بەداخەوە ئێوارەی ئەمڕۆ لە رووداوێكی تەمومژاویدا بە دەستێكی رەش و لەرزۆك تیرۆركرا".
ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2021، موراد عەبدولرەحمان عەوڵا، ناسراو بە "موراد کانی کوردەیی" و 2 لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی (خۆشناو وەیسی و ھاوکار نازم) له شاری رانیه، لهلایهن ژمارهیهك چهكدارهوه درانه بهر دهستڕێژیی گولله و كوژران.