٣٠ نيسانی ٢٠٢٣
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکان پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتەکەیانەوە و چارەسەرێکیشی بۆ کێشەی هاتوچۆی نێوان هەولێر و سلێمانی خستە ڕو.
ئەمڕۆ یەک شەممە 30ی نیسانی 2023، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی ڕونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وەک وەزارەتێکی خزمەتگوزار، ئەرکی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان درێغی ناکات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاککردن و دروستکردنی رێگا ھەیە".
نوسیویشیەتی: "لەمڕوەوە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا سەرباری قەیرانەکان و ئەوەی لە توانا و دەسەڵاتی وەزارەتدا بووە، ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداوە، ھەربۆیە ھەمیشە خزمەتکردنمان بە ئەرک زانیوە بەرامبەر ھاونیشتیمانیان لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان".
ئاشکراشی کردووە: "ئەوەی لە ئێستاشدا بەشێک لە ھاوڵاتیان ژمارەیەک لە ڕێگاکانیان گرتووە، بۆ گۆڕینی ئاراستەی ھاتوچۆی بارھەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نییە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن".
لە ڕونکردنەوەکەی وەزارەتەکەدا ئەوەش باسکراوە: "لەئێستادا ڕێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر و سلێمانی، جگە لە ڕێگای کەرکوک پێکھاتوە لە ئەم ڕێگایانە: 1-ڕێگای هەولێر-کۆیە-دوکان. 2-ڕێگای هەولێر-سماقوڵی-دوکان. 3-ڕێگای هیران-شەقڵاوە. 4-رێگای دۆڵی بالیسان. ھەر چوار ڕێگاکە لاوەکین و رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر بۆ سلێمانین و بە پێچەوانەشەوە، کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و بارھەڵگر گوزەری پێدا دەکەن، کە بە نزیکەیی بریتیە لە 15 هەزار ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و تێیدا 3 هەزار تانکەر و بارهەڵگرن و زۆربەی بارهەڵگرەکان رۆژانە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەکەن".
ئەوەشی خستووەتە ڕو: "ئێمە وەک وەزارەت هەوڵی تەواومان داوە و دەیدەین بۆ باشکردنی باری رێگاوبانەکان و نۆژەنکردنەوەیان، بۆ نمونە هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2019 بە بڕی نزیکەی 42 ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی هەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک لە خزمەت هاوڵاتیانی کوردستان بێت و بتوانن بەکاریبهێنن، دواترش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بوە چاککردنەوە لە ڕێگاکان بەردەوام بووە، بەڵام داخستنی ڕێگاکان لە لایەن هاوڵاتیان پەیوەندیدارە بە رێگریکردن بە تێپەڕبونی بارهەڵگر بە ناوچەکانیاندا، دیاریکردنی ئاراستەی هاتوچۆ و بە تایبەتیش بارهەڵگرەکان ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و سەرۆکی یەکە ئیداریەکانە لە پارێزگاکان نەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن".
جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی: "بە بڕوای ئێمە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای هەولێر کۆیەیە (بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی ڕابردو وەک وەزارەت هەوڵی زۆرمان داوە و چەندین جار داوامانکردوە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی 2023 وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردووە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی".
لە کۆتاییشدا ڕایگەیاندووە: "تیمەکانی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، وەک چۆن لە ڕابردوو ھەمیشە لەخزمەتی ھاونیشتیمانیان و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بووە، لەئێستاشدا تیمەکان دەخەینە خزمەتی هاوڵاتیان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو ڕێگا لاوەکیانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە بە پێی ئەو توانایەی لە بەردەستمان دەبێت".
ماوەی چەند ڕۆژێکە هاوڵاتیانی سماقوڵی بەهۆی خراپیی ڕێگاوبانەکانەوە ڕێگای نێوان هەولێر سلێمانییان بە ڕووی بارهەڵگرەکاندا داخستووە و دەڵێن تاوەکو ڕێگاکە چاک نەکرێت ناهێڵن بەرهەڵگرەکان بە ئەو ڕێگایەدا بڕۆن.