٢١ نيسانی ٢٠٢٣
بنەماڵەی کاوە بازیانی، کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی کافرۆشی کە دوێنێ پێنج شەممە تەقەی لێکرا، ڕونکردنەوەیەکیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ هەینی 21ـی نیسانی 2023، بنەماڵەی کاوە بازیانی لە ڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بە ئەوە داوە، سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمەتبار تۆمار کردووە و داوا دەکەن سزا بدرێت.
دەقی ڕونکردنەوەکە:
ڕوونكردنەوەیەك لەبنەماڵەی “كاوە ئەحمەد تۆفیق” ناوسراو “كاوە بازیانی”ە بۆ ڕایی گشتی :
كاك كاوە لە ساڵی 1978 وە لە ڕیزەكانی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خزمەتكردن و پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان چەكی پێشمەرگایەتی كردووەتە شان و تا ئێستا و بەبێ دابڕان لە ئەركە پیرۆزەكەی بەردەوام بووە
بە پێویستی دەزانین لێرەوە بە ڕایی گشتی ڕابگەیەنین كە ئێمە سكاڵای یاساییمان تۆمار كردووە و بڕوامان بە توانای هێزە ئەمنییەكان هەیە كە تۆمەتبار ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە و سزای ئەو كارە نا مەردانەیەی وەربگرێت
داواكاریشین لەو سایت و پەیجانەی هەواڵی ساختە و بێ بنەمایان بڵاوكردووەتەوە لەسەر ئەم ڕووداوە، هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و چیتر هەواڵی ناڕاستی گیان لەدەستدانی كاك كاوە بڵاو نەكەنەوە چونكە ناوبراو لە ژیاندا ماوە و پێویستی بە دۆعای خێری هەموو لایەكە نەك بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست، بە مافی خۆشمانی دەزانین كە سكاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو دەزگا و سایتانە تۆمار بكەین كە هەواڵی ناڕاستییان بڵاوكردووەتەوە
خودا حەقی كەس بەسەر كەسەوە ناهێڵێت و شیفای كاك كاوە بازیانیش بدات