لەبارەی تەقەکردن لە کاوە بازیانی-یەوە پۆلیس ڕونکردنەوەی دا

٢١ نيسانی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

دوای ئەوەی دوێنێ تەقە لە کەسایەتییەکی عەشیرەتی کافرۆشی لە بازیان کرا و لەئێستادا دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە. وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەبێ هۆشی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، نەتواندراوە وتەی لێوەربگیرێت و لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە دەستپێکردووە.

ئەمڕۆ هەینی 21ـی نیسانی 2023، سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی روداوی تەقەکردن لە کاوە بازیانی، کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی کافرۆشی، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "دوێنێ دوای عەسر روداوەکە رویداوە. ئەو هاوڵاتییە لەناو بازیان لە شەقامێکی سەرەکی بووە و بەوتەی شایەتحاڵەکان، لە ئەو کاتەدا تەقەی لێکراوە".

سەرکەوت ئەحمەد وتیشی: "لەبەر ئەوەی هاوڵاتییەکە بەبێ هۆشی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، پۆلیس نەیتوانیوە وتەی لێ وەربگرێت، بەڵام لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و سەیری کامێراکان دەکرێت و وتەی شایەتحاڵەکانی نزیک روداوەکەش وەردەگیرێت بۆ زانینی وردەکاریی روداوەکە و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە".

روداوەکە دوێنێ پێنج شەممە 20ـی نیسانی 2023 رویداوە و هێشتا پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان هیچ راگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.