٢١ نيسانی ٢٠٢٣
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، لە شارۆچکەی کەلار تەرمی گەنجێک بە کوژراوی دۆزرایەوە. سەرچاوەیەکیش بە قەڵەمی ڕاگەیاند: "جەستەی کوژراوەکە شوێنەواری 7 فیشەکی پێوەیە".
ئەمڕۆ هەینی 21ـی نیسانی 2023، سەرچاوەیەک لە شارۆچکەی کەلار بە قەڵەم-ی ڕاگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێک لە نزیک پردی گازینۆ لە کەلار دۆزرایەوە و لەکاتی دۆزینەوەیدا شوێنەواری 7 فیشەک و چەند چەقۆیەک بە جەستەیەوە بووە".
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، کەسوکاری کوژراوەکە ڕایانگەیاندووە تاوەکو کاتژمێر 11ـی شەوی رابردوو ئاگایان لە کوڕەکەیان بووە، بەڵام دواتر ئاگایان لێی نەماوە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لە پەڕەی فەیسبوکی خۆی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "بەیانی ئەمڕۆ هەینی یەکەم ڕۆژی جەژن ئاگادارکراینەوە لەبونی تەرمێک لەسەر ڕووباری سیروان".
ئەوەش هاتووە: "دەست بەجێ بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان چونە شوێنی ڕوداوەکە دوای ئەوەی بەڵگەو زانیاری دروست لەسەر تاوانەکە کۆکرایەوەو توانرا تۆمەتبار بناسرێتەوە لەئێستادا تۆمەتبار لەلای پۆلیسەو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 405 بەندکراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستی پێکردوە".
پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستووەتە ڕو: "تۆمەتبار شەوی ڕابردوو بەچەکی جۆری دەمانچە هەستاوە بەکوشتی هاوڕێیەکی خۆی بەناوی (خالد ڕحیم محمد ) لەدایکبووی 1993 دانیشتووی قەزای کەلار بنگرد لەئێستادا بەمەبەستی توێکاری تەرمی ناوبراو ڕەوانەی پزیشکی دادوەری قەزای کەلار کراوە".
