قسەیەکی قوباد تاڵەبانی سێ ساڵ لەمەوبەر

١٨ نيسانی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

مانگی هەشتی 2020 لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، چووم بۆ دانیشتنێک لە ماڵەکەی مام جەلال لە دەباشان.

قوباد سەرەتای قسەکانی بەوەزعی کابینەی نۆ دەستپێکرد، لەناویاندا ویستی ئاماژەیەکی سەرپێی بدا بە پەیوەندی نێوان خۆی و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەت.

قوباد وتی: سەرەتای دەسپێکی کابینەی نۆ، منیش وەک زۆر کەسی تر ئومێدم هەبوو ئیشەکان بەجدی بکرێن لەسەر دەستی مەسروور بارزانی. بەڵام وردە وردە ئومێدم نەما چونکە مەسروور توندبوو لەگەڵ ئەوانی تر، کەچی چاوپۆشیی لە خراپەی نزیکەکانی خۆی دەکرد.

پاشان وتی: ئەم پیاوە ئیشکردن لەگەڵیدا زەحمەتە چونکە لە ژیانی سیاسی خۆیدا هەر لە سلکی ئەمنیی و ئیستخباراتیدابووە. وادەزانێ حوکمڕانی ناوحکومەتیش بریتییە لە ئەمر و ئەوامیری ئیستخباراتیی چ حکومەتێکیش حکومەتی هەرێم کە هەموومان دەزانین لە پێکهاتە ئەساسییەکەی کە دوو زۆنی ئاشکران . من بە نێچیرڤان بارزانیم وت: غەڵەتێکی گەورەتان کرد خێرا مەسروور بارزانیتان بردە هەرەمی حوکمەتەوە، دەبوو لانیکەم چەند ساڵێک لەناو حکومەتدا بوایە ئەوسا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ بدرایە.

قوباد کە کەوتە سەرباسی مەسروور بارزانی، خۆی بۆ نەگیرا و زیاتر ڕوونیکردەوە بۆ ئامادەبووانی دانیشتنە دۆستانەکە و وتی: بەچیدا زانیم مەسروور ناتوانێ ئیدارەی حکومەتی هەرێم بدات کاتێک مستەفا سەلیمی کوردەکەی ڕۆژهەڵات کە دواتر ئیعدامکرا، مەسروور لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دروستکردو زۆر پەلەی بوو، پێم وت ئەم لیژنەیە سەرکەوتوو نابێ، دەبوو پەلە نەکەی. کەچی بەم قسەیە زۆر توڕەبوو وتی من سەرۆکی حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانم نەک تەنیا هەولێر و دهۆک. وتم دڵنیابە سەرکەوتوو نابێ چونکە هێشتا واقیعەکە بەوجۆرە نییە ئێمە دەمانەوێت. لیژنەکەی سەرۆکی حکومەت دەستی بە ئیشکرد، بەڵام هیچی دەست نەکەوت چونکە من دەمزانی کەس نەگوێی لێدەگرێ نە ئامادەن بچنە ژێر فەرمانەکانیانەوە.

قوباد بە پێکەنینەوە وتی: مستەفا کازمیش خۆی بە سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق دەزانێ.. ئێ ئێمەیش واین!

دواتر ناڕاستەوخۆ وتی: ئێمە بەردەوام دەبین بەس بڕواناکەم تاسەر بڕوات، ئیشکردن لەگەڵ سەرۆکی کابینەی نۆ ئەستەمە چونکە تێگەیشتنی بۆ واقیعەکە نییە.

ئەمەی باسی دەکەم هی نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەرە. ساڵ و نیوێک بوو کابینەی نۆ پێکهێنرابوو، پێکهاتە سەرەکییەکانی ناوی تەنانەت لە هەرەمەکەیشیدا بەمجۆرە هێنایان تا گەیشتە بنبەست و ئێستا کابینەی نۆ بە دەستێک و قاچێکەوە دەڕوات بەڕێوە، دەست و قاچەکەی تری بایکۆتیان کردووە.

قوباد تاڵەبانی کە ئێستا دەڵێ: بەمجۆرە لەگەڵ مەسروور بارزانیدا هەڵناکەم، سێ ساڵ پێشتر ئەمەی بە ئێمە وت. ئەمە لەکاتێکابوو هێشتا هیچکام لە ڕووداوەکانی هەشتی تەمووز و کوشتنی موراد کانی کوردەیی و هاوکار جاف و فەوج دروستکردن بۆ عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک و مەسەلەی رێگری لەناردنی غاز لەسنووری یەکێتی و دنیایەک شتی تر ڕوویان نەدابوو.

لەو دانیشتنەدا هەریەکە لە هاوڕێیانی رۆژنامەنووس: ڕەحمان غەریب..کارزان عوسمان.. سیروان رەشید.. ژووان ئەحمەد سەعید.. سۆران ڕەشید ئامادەبوون و ئێمەیش بە نۆرەی خۆمان، قوبادمان دایە بەرپرسیار و هەندێ لە پرسیارەکانیشمان ئیحراجیان تێدابوو بۆ قوباد بەڵام بەڕاشکاوانە وەڵامی دەدانەوە.