١٦ نيسانی ٢٠٢٣
شەوی ڕابردوو لیۆنیل میسی توانی گۆڵێک تۆمار بکات لە خولی تۆپی پێی فەرەنسا، بەو گۆڵەش ژمارەی پێوانەی گۆڵەکانی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکسان کردوەوە لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا.
ئەمڕۆ یەک شەممە 16ی نیسان 2023 ، تۆڕی سکواکا کە تایبەتە بە ئامارەکانی تۆپی پێ ئاشکرایکرد، لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمان، لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا توانی گۆڵی ژمارە 495 تۆماربکات و ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ هێرشبەری پرتوگال یەکسان بکاتەوە.
شەوی ڕابردوو میسی لەیاری یانەکەی بەرامبەر لانس سەرکەوتو بوو لە تۆمار کردنی گۆڵێک و یاریەکە بە بردنەوەی پاریسیەکان بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایهات.
لە ئێستادا ڕۆناڵدۆ ژمارەی گۆڵەکانی لە 495 گۆڵدا وەستاوە، دوای ئەوەی پەیوەندی کرد بە یانەی نەسری سعودی و پۆشینی درێسی ئەو یانەیە و دوورکەوتنەوەی لە خولەکانی ئەوروپا.
ڕۆناڵدۆ گرێبەستێکی دوو وەرزەی لەگەڵ یانەی نەسر واژۆکرد و ساڵانە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ وەک موچە وەردەگرێت.