١٢ نيسانی ٢٠٢٣
بەریتانیا و ئێرلەندا بەفەرمی دۆسیەی خۆیان پێشکەشی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا کرد بۆمیوانداری کردنی پاڵەوانیەتی نەتەوەکانی ئەوروپای 2028 و 2030.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی نیسانی 2023 یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند: "دۆسیەی بەریتانیا و ئێرلەندایان پێگەیشتووە بە مەبەستی میوانداریکردنی یارییەکانی جامی یۆرۆی 2028 و 2030".
هاوکات یەکێتی تۆپی پێی ئنگلتەرا لە بەیانامەیەکدا ئاشکرای کرد: "چەند یاریگایەکیان ئامادەکردووە یاریگاکانیش برتین لە یاریگای لەندەن و ویمبڵی و هامدن پارک و کرۆک پارک و ئاڤیڤا و سانت جەیمس و یاریگای ئیتیحاد و هەردوو یاریگای کامەنت و دۆکی براملین کە لەقۆناغی دروست کردندان".
لە بەیاننامەکەدا یەکێتی تۆپی پێی ئنگلتەرا ئەوەشی خستووەتە ڕو، ئەو یاریگایانەی دیاریانکردوون دەتوانن ببنە سەکۆیەک بۆ میوانداری کردنی پاڵەوانییەتی ئەوروپا.
پێشتر وڵاتانی تورکیا و ئیسپانیا و پورتوگال دۆسیەی خۆیان پێشکەشی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا کردووە و هەریەک لە لە وڵاتانی ڕۆمانیا و یۆنان و بولگاریا و سربیا بە هاوبەشی و دانیمارک و سوید و نەرویج و ئایسلەندا و فینلەندا و دورگەکانی فارۆ بە هاوبەشی، داوای میوانداری جامەکەیان کردووە.
