٤ نيسانی ٢٠٢٣
پارێزەرێک سکاڵای یاسایی لەسەر گوندی لوبنانیی پارێزگای هەولێر تۆمارکرد و دەڵێت: "سکاڵاکەمان بەهۆی ئەو بەدڕەوشتی و لەشفرۆشییە تۆمارکردووە کە لە هەولێردا بڵاوبووەتەوە و کاریگەریی خراپی لەسەر ناوبانگی هەولێر بەجێهێشتووە".
ئەمڕۆ سێ شەممە 4ـی نیسانی 2023، پارێزەر گۆران دیبەگەیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "یادداشتێکی داواکاریمان دا بە داواکاری گشتی و داوامان کرد لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، لەمپەر و چارەسەرێک بۆ کاری لەشفرۆشی و بەدڕەوشتی دابین بکەن".
وتیشی: "ئەم کارە کاریگەریی خراپی هەبووە لەسەر شیرازەی خێزانەکان و گەنجەکانمان، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقافڵە بێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بەرامبەر ئەم کارە بەدڕەوشتییە".
ئەو پارێزەرە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ئەوەش کرد: "ئەو بەدڕەوشتییەی لە گوندی لوبنانیدا دەکرێت، تەنانەت ناوبانگی خراپی هەرێمی کوردستانی بردووەتە دەرەوەش".
گۆران دیبەگەیی ئاماژەی بە ئەوەش دا: "ئەم کارە یاریکردنە بە هەستی موسوڵمانانی هەرێم بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی، چونکە بەشێکی زۆری دانیشتوانی هەولێر موسوڵمانن و تەنانەت ئەم کارە لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزیشدا ئەنجام دەدرێت و دێنە سەر شەقام و مامەڵە دەکرێت لەسەر کاری لەشفرۆشی، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و دەستورە".
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "لەڕوی یاساییەوە، یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 1988 ماددەی 2، بە ڕونی لەشفرۆشی و دەڵاڵیی قەدەغە کردووە، ئەوەی کە لە ئەو شوێنەش دەکرێت، دەڵاڵی و لەشفرۆشییە".
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا، چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە کە تێیاندا کۆمەڵێک ژن لە شەوانی ڕەمەزاندا بە جلوبەرگی نیمچەڕوتەوە لە گوندی لوبنانیی پارێزگای هەولێر دەردەکەوتن، ئەمەش ناڕەزایی بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی پارێزگاکە و هەرێمی بەدوای خۆیدا هێنا.
