ئەو منداڵەی کەوتە ناو بیرێکەوە گیانی لەدەستدا

٢ نيسانی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

دوای ئەوەی منداڵێکی کوردی شاری کۆبانێ بەناوی (ساڵح عەبدۆ)ـی تەمەن هەشت ساڵان كه‌وته‌ ناو بیرێكى 130 مه‌ترییه‌وه‌، به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ توانرا ته‌رمه‌كه‌ى ده‌ربهێندرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى ئەمڕۆ یەک شەممە 2ـی نیسانی 2023 سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردووە، ئەو منداڵەی لە دوێنێوە کەوتووەتە ناو بیرێکی گەورەوە لە شاری کۆبانێ، ئەمڕۆ تەرمەکەی دەرهێندراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، منداڵه‌كه‌ سه‌ره‌تا ته‌ندروستیى باش بووه‌، به‌ڵام به‌هۆى ته‌نگه‌به‌رى ده‌مى بیره‌كه‌ و نه‌مانى هه‌وا له‌ناو بیره‌كه‌دا، منداڵه‌كه‌ گیانى له‌ده‌ستداوە و به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆش ته‌رمه‌كه‌ى له‌لایه‌ن خەڵکی ناوچەکە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆبانێوه‌ ده‌رهێندرایه‌وه‌.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئاماژەی بە ئەوەش داوە، منداڵە هەشت ساڵانەکە دانیشتوی گوندی (دیهابان)ـی سەر بە شاری کۆبانێیە و ئەو بیرەی منداڵەکەی تێکەوتووە قوڵییه‌كه‌ى 130 مەترە، به‌ڵام ساڵح لە دوریی نزیکەی 50 مەتری ناو بیرەکەوە گیریخواردبوو.

دوێنێ شەممە قەڵەم لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ساڵح عەبدۆ لە کاتژمێر 1ـی نیوەڕۆوە کەوتووەتە ناو بیرەکە و هەر لە دوێنێشەوە تیمەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدا بوون بۆ ڕزگارکردنی.