٢٦ ئازاری ٢٠٢٣
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند باندێکیان بە تۆمەتی دزی دەستگیرکردووە کە چەند کچێکی نەوجەوانیان لەگەڵدا بووە و تا ئێستا 3 کەیسیان لەسەر یەکلایی بووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئازاری 2023، هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی کە ڕێکەوتی 14ی ئازاری 2023 دادخوازێک هات داوای یاسایی تۆمارکرد لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر کەوا بڕی 80 هەزار دۆلاری ئەمریکی واتە 8 دەفتەر دۆلاری لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لێدزراوە، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تیمێکی لێکۆڵەرەی پتەویان پێکهێنا و لێکۆڵینەوەیان کرد لەسەر بابەتەکە".
وتیشی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان: "دەرکەوت کەوا دوو ژن و کەسێک هەڵدەستن بە ئەنجامدانی تاوانی دزییەکە. وە دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن لەلایەن بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکرا، توانرا لە نێویاندا چەند باندێکی گەورەی دزیکردن دەستگیر بکرێن".
هۆگر عەزیز ئاشکراشیکرد باندەکە پێکهاتبوو لە: "4 ژن و 3 کچ کە تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 17 ساڵیدا بوو لەگەڵ پیاوێک".
ڕاشیگەیاند: "ئەوانە هەڵدەستان بە وەستان لە ڕێگاکانی هەولێر – موسڵ وە لەگەڵ ئۆتۆمبێلە بار هەڵگرەکان یان ئۆتۆمبێلە تاکەکان سواری ئۆتۆمبێل دەبوون و لەنێو چەکمەنجەکەدا هەرچییەک هەبوایە دەیاندزی و دەیانبرد".
سەبارەت بە ئەو تاوانانەی یەکلایی کراونەتەوە، وتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر وتی: "ئەو تاوانانەی دانی پێدانراوە و هەروەها هێندراوەتەوە بۆ دەست خاوەنەکانیان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هەموو ئەو بابەتانەی یەکلایی کراونەتەوە و پارەکانیان گەڕاندووەتەوە بریتییە لە، 80 هەزار دۆلاری ئەمریکی. 4 ملیۆن دینار. لەگەڵ 5 ملیۆن دیناری دیکەش لە کەیسێکیتر. واتە تاکو ئێستا ئەوانە 3 کەیسیان لەسەر یەکلا کراوەتەوە کە بڕی 9 ملیۆن دیناری عێراقییە لەگەڵ 80 هەزار دۆلاری ئەمریکی".
دواتر هۆگر عەزیز داوایەکی ئاراستەی هاوڵاتییان و شۆفێران کرد و وتی: "داوا دەکەم لە هەموو هاوڵاتیان و هاونیشتیمانیان و شۆفێرانی سەر ڕێگا دەرەکییەکان، هەر کاتێک ئەو ژنانە دەستیان لێڕاگرتن بەوەی کە هاوکارییان بکەن و بیانگوازنەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر تکایان لێدەکەم با سواری ئۆتۆمبێلەکانیان نەکەن. لەبەر ئەوەی ئەوانە دوو کار ئەنجام دەدەن، هەم کاری بەدڕەوشتیش ئەنجام دەدەن، هەم کاری دزییەکانیش ئەنجام دەدەن. بۆیە داوادەکەم ئەو ژنانە سواری ئۆتۆمبێلەکان نەکەن".
لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەوەی کچان و ژنان لەسەر ڕێگا دەرەکییەکان و شەقام و نزیک ترافیکەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و بووەتە دیاردە، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەم کارە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، بەڵام تائیستا نەتواندراوە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.