لە ناوچەیەکی دیکەی هەرێم کاتەکانی بانگ گۆڕدرا

٢٥ ئازاری ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

دوابەدوای پارێزگای سلێمانی، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كاتەكانی بانگ گۆڕانكارییان تێدا كرا و لەئێستادا نزیكەی 10 خولەك جیاوازی لەگەڵ شاری هەولێر هەیە.

ئەمڕۆ شەممە 25ـی ئازاری 2023 سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران ئاشکرایکرد، لیژنەیەكی پسپۆڕی ئاینی و زانستی پێكهێندراوە بۆ ڕێكخستنەوەی كاتەكانی بانگدان لە سنوری ئیداری سەربەخۆی سۆران.

هەر بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف بۆ ڕێكخستنەوەی كاتەكانی بانگ، لە سنوری ئیدارەی سۆران لەلایەن لیژنەیەكەوە ڕێكخستنەوە بۆ كاتەكانی بانگ كراوە و ڕۆژژمێرێكی تایبەت دروست كراوە، كە كاتەكانی بانگی فەرزەكانی بەپێی ناوچەكان ڕونكردووەتەوە.

ئەوەش خراوەتە ڕو، لە ئیدارەی سۆران كاتەكانی بانگ نزیكەی 10 خولەك جیاوازی هەیە لەگەڵ ناوەندی شاری هەولێر و بڕیاریش دراوە، كە لە سەرجەم مزگەوتەكان كار بە ئەو ڕۆژژمێرە بكرێت.

لە ڕابردودا ئیدارەی سۆران وەك شارۆچكەیەك سەر بە پارێزگای هەولێر بووە و كاتەكانی بانگی لەگەڵ ئەو پارێزگایە ڕێكخراوە، بەڵام لە ئێستادا، ئەوقافی سۆران دەستی بە ڕێكخستنەوە و ڕێككردنەوەی كاتەكانی بانگ كردووە بەپێی كاتەكانی ناوچەكە.