١٩ ئازاری ٢٠٢٣
نوسینگەی لاهور شیخ جەنگی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر سەندنەوەی دوو ئۆتۆمبێل لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە ئەم هەڵسوکەوتە نا شارستانی و نامرۆڤانەیە دژ بەژنانی ناو یەکێتیی پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە خودی قوبادتاڵەبانی بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان بانگەشەی بۆدەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئازاری 2023 نوسینگەی ڕاگەیاندنی لاهور شیخ جەنگی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕوداوی لێسەندنەوەی دوو ئۆتۆمبێل لە کەسانی نزیک لە شێخ جەنگی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا هاتووە: "بەداغەوە ئەمرۆ هێزێکی چەکدار بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی، بە شێوەیەکی زۆر نایاسایی و نامرۆڤانە هەڵیانکوتاوەتە سەر خاتو (پەروین کاکە حەمە) ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و خاوەن بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و خەباتگێڕ و خاتوو (لاوين ئازاد) بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ئۆفیسی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کچی فەرماندەی قارەمان و تيکۆشەر و پيشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کاک (ئازادی سەگرمە)".
ڕاشیگەیاندووە: "ئەو هێزە چەکدارە بەرۆژی ڕوناک و لە ناوەراستی شەقامێکی گشتیدا لە شاری سلێمانیی وەک ئەوەی تاوانبارێکیان دەستگیرکردبێت بەزەبری چەک ئۆتۆمبیلەکانیان لێ سەندون".
نوسیویشیەتی: "ئێمە لەکاتێکدا ئیدانەی ئەم کارە نایاساییەی گروپێکی ناویەکێتیی دەکەین، نیگەرانین لە ئەو شێوازی هەڵسوکەوتەی بەرامبەر بە دوو ژنی بەتوانای ناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەنجامیانداوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە قوباد تاڵەبانی دراوە و نوسراوە: "ئەم هەڵسوکەوتە نا شارستانی و نامرۆڤانەیە دژ بەژنانی ناو یەکێتیی پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە خودی قوباد تاڵەبانی بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان بانگەشەی بۆدەکات و دژی خەباتی چەندین ساڵەی سەرۆک مام جەلال و ڕێبازەکەیەتی کە ئێستا کورەکانی لە دژی وەستاونەتەوە".
ئەوەش خراوەتە ڕو: "یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان موڵکی بەتەنیا کەس و گروپێک نییە کە بە کودەتا و بە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن خۆیان سەپاندووە. هەریەک لە خاتو پەروین و خاتو لاوێن بە شایستەیی خۆیان و لە بەرامبەر ئەو خزمەتە زۆرەی لەناو ڕیزەکانی یەکێتییدا کردویانە و بەردەوامن، بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان پێیاندراوە.
ڕاگەیەندراوەکە جەختی لە ئەوە کردووەتەوە: "ئەو گروپە مافی ئەوەیان نییە بە ئەو شێوازە نا یاساییە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن. بۆ هەر کارێکی لە ئەو جۆرەش، ڕێکاری یاسایی و ئیداریی و حزبیی خۆی هەیە نەک بەو شێوازە ناشارستانییە".
ڕاشیگەیاندووە: "لێرەدا بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کە یەکێتیی موڵکی هەموو شەهیدان و پيشمەرگە قارەمان و تيکۆشەرە دێرینەکان و هەموو یەکێتییەکانە. یەکێتی کە حزبێکی سۆشیال دیموکراتە و باوەڕی بە ماف و تواناکانی ژنان و خەباتەکەیان هەیە، دڵنیاین هەموو یەکێتییەکان ئیدانەی ئەم ڕەفتارانە دەکەن و دژی ئەو هەڵسوکەوتانەن کە ئەو گروپە بەناوی یەکێتییەوە ئەنجامی دەدەن و ناو و ناوبانگ و مێژووەکەی لەکەداردەکەن، ئاگاداریشیان دەکەین کە ئەو جۆرە رەفتارانە ساردمان ناکاتەوە لەو هەوڵانەی خستومانەتەگەڕ لەپێناو راستکردنەوەی ئەو بارە لارەی بەسەر یەکێتیدا هێنراوە".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا نوسینگەی ڕۆژنامەوانیی لاهور شێخ جەنگی کە وەک هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندویەتی، نوسیویەتی: "داواش لە ئەو هێزە چەکدارە دەکەین کە ناو و ناسنامەیان لای ئێمە ئاشکرا کراوە، چیتر نەکەونە داوی ئەو گروپەی ناو یەکێتی و ڕێگا نەدەن بەکاربهێندرێن بۆ کاری نایاسایی و دژایەتیکردنی یەکێتییەکان، کە خۆیان و بنەماڵەکانیان هیچیان کەمتر نەکردووە لە ئەوانەی کە ئێستا خەریکی خۆسەپاندنن. چونکە لەهەر ڕوداوێکی نەخوازراودا خۆیان وەک بەرزەکی بانان لێی دەردەچن و ئێوەش کە ڕۆڵەی خێزانی هەژاری ئەم وڵاتەن ڕوبەڕوی یاسا و بەرپرسیارییەتی دەکەنەوە".
ئەمە دووەم جارە ئۆتۆمبێل لە کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی دەسەندرێتەوە بە پاساوی ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە هی ئیدارەی گشتی یەکێتین و ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان پێوەی نەماوە.