نوخشە ناسح: داواکارییەکانمان بۆ خزمەتگوزارییەکان و پرۆژەکانی هەڵەبجە جێبەجێ نەکراوە

١٦ ئازاری ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

لە ساڵیادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا، قائیمقامی شارەکە ڕایگەیاند هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە جێبەجێ نەکراوە و وەڵامی داواکانیان بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاری شەهید و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی نەدراوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 16ی ئازاری 2023، نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجە لە میانی بەشداریکردنیدا لە مەراسیمی 35ەمین ساڵیادی کیمیابارانی شارەکەدا بە میدیاکانی وت: " داواکارییەکانمان بۆ خزمەتگوزارییەکان و پرۆژەکانی هەڵەبجە جێبەجێ نەکراوە، چەندین داواکاریی دیکەمان کردووە بۆ هاوکاریکردنی کەسوکاری شەهید و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی، ئەوانەش وەڵام نەدراونەتەوە".

وتیشی: "کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە پارێزگاکە پێویستیان بە هاوکارییە. داوا لە حکومەت دەکەین پلانێکی تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە دابڕێژێت".

ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانی شارەکەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەهۆی پەراوێزخستن و کەمیی خزمەتگوزارییەکانەوە، بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی شارەکە بایکۆتی مەراسیمی ساڵیادەکەیان کرد.