١٢ ئازاری ٢٠٢٣
موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند ڕێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق تەواوکراون و نێردراوە بۆ ئەمینداریەتیی ئەنجومەنی وەزیران.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئازاری 2023، موسەننا ئەمین، بە میدیاکانی وت: "دوای ئەوەی ئەمینداریەتیی ئەنجومەنی وەزیران کارە یاسایی و کارگێڕییەکان تەواو دەکات، ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکات و لەوێشەوە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بە فەرمی رادەگەیەندرێت".
وتیشی: "نوێنەرانی هەڵەبجە و چەند پەرلەمانتارێک چەند ساڵێکە بۆ ئەم دۆسیەیە کاردەکەن. تەواوکردنی کارەکانیش لەسەر داوای هیچ حیزبێک نەبووە و هیچ وەزارەتێکیش لەسەر خواستی لایەنێک یان شەخسێک شارێک ناکاتە پارێزگا".
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بە ئەوەشکرد: "مەگەر بە بڕیارێکی تایبەت ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات، ئەگەرنا پێویستی بە پەرلەمانی عێراق نییە".
موسەنا ئەمین باسی لە ئەوەشکرد، سێ هەفتەیە داوای بینینی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە بە فەرمی هەڵەبجە وەکو پارێزگا رابگەیێنێت.
لەساڵی 2014ەوە شاری هەڵبجە وەک چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە و لە ئەو کاتەوە چاوەڕێی ئەوەیە وەک پارێزگای ژمارە 19ی عێراق بە فەرمی بناسێندرێت.
