بێژەن کامکار: باوکم دیکتاتۆر بوو

٢٢ ئایاری ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

گۆرانیبێژ و دەفژەنی بەناوبانگی کورد ( بێژەن کامکار) لە میانی بەرنامەیەکی هونەرییدا کە هانا کامکاری کچی پێشکەشی دەکات دەڵێت: باوکم ( کۆچکردوو حەسەن کامکار ) چونکە پیاوێکی سەربازیی بوو، دیکتاتۆرانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکردین بۆ فێربوونی مۆسیقا.

حەسەن کامکار، یەکێکە لە مامۆستا بەرز و پڕبەرهەمەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت شاری سنە و بناغەیە بنەماڵەیەکی هونەریی وەکو کامکارەکانی دامەزراند کە ئێستا لەسەرئاستی ئێران و جیهاندا ناوبانگ ورێزێکی زۆریان هەیە.

بێژەن کامکار لە بەرنامەکەدا وتی: باوکم زۆری لێدەکردین تا فێری مۆسیقاژەنین بین.

هەرچەندە من ئارەزووم لێی نەبوو پێم دەوت: ئاخر باوکەگیان من دەخوێنم، وانەی فیزیا و کیمیا و بیرکاریی کەوتووە بەسەرمدا.

کەچی ئەو دەیوت نەخێر هەر دەبێ فێربی. ئەوەبوو سێ مانگی رێک بەبێ وەستان، تەمرینی پێکردم بۆ ژەنینی ساز. سێ مانگی زۆر زەحمەت.

بێژەن دەشڵێت: ئوستاد حەسەن کامکار وەکو کۆمۆنیستەکان دەڵێن دیکتاتۆرێکی پڕۆلیتاریابوو، ئەو جۆرە دیکتاتۆرانەی سەرکوتت دەکات بە قازانجی خۆت.

باوکم لەو دیکتاتۆرانەبوو، لێناگەڕا تا ئێمەی فێری مۆسیقاژەنین کرد وگەیشتین بەم قۆناغەی ئێستا گروپی کامکارەکان پێیگەشتووە.