وێنە: بەهۆی نەبوونی پردی پەڕینەوە دانیشتوانی 15 گوند گردبونەوە

١١ ئازاری ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

لە ناوچەی خاسی شارۆچکەی قەڵادزێ لە ئیدارەی ڕاپەڕین، ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکانی چیای بناری ئاسۆس بەھۆی نەبوونی پردی پەڕینەوە لەسەر زێی بچوک گردبونەوە.

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچوک، پردی بەستنەوەی گوندەکانی بناری چیای ئاسۆس بە قەزای پشدەرەوە کە گوندنیشینان لەسەر ئەرکی خۆیان دروستیان کردبوو ئاو بردی و بەو ھۆیەشەوە، ناتوانن ھاتوچۆ لەنێوان قەڵادزێ و گوندەکانیان بکەن، ئەمڕۆ شەممە 11ـی ئازاری 2023 بەشێک لە دانیشتوانی ئەو گوندانە گردبونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

دانیشتوانی ئەو گوندانە لەبارەی گردبونەوەکەیانەوە دەڵێن: "نزیکەی 32 ساڵ دەبێت کە داوا لە حکومەت کراوە ئەو پردە دروست بکات، بەڵام تا ئێستا بەدەم ئەو داوایەوە نەھاتووە".

دەشڵێن: "ئەو پردە لەسەر ئەرکی خۆمان دروستمان کردووە و زیاتر لە دەیان جار ئاو بردویەتی و خۆمان چاکمان کردووەتەوە، لە ئێستاشدا بە نەبوونی پردەکەوە ناتوانین بچینە ناو زەوی و زاری گوندەکانمان".

گوندنشینان ئاماژە بە ئەوەش دەدەن، بەھۆی نەبوونی پردی پەڕینەوە ژیانیان لە مەترسیدایە و ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان، داواش دەکەن، حکومەت ئاوڕی جدیان لێبداتەوە و پردەکەیان بۆ دروست بکات.

هاوکات ئەوەشیان دوپات کردەوە کە لە ئەگەری وەڵام نە دانەوەیان بەردەوام دەبن لە گردبونەوە و ھەڵوێستی تریان دەبێت.