١١ ئازاری ٢٠٢٣
وتەبێژی پۆلیسى کەرکوک رایگەیاند، بازرگان، روشدى سەعید لەلایەن بنکەى پۆلیسى قۆریە دەستگیرکرا و ناوبراو چەندین سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی ئازاری 2023 عامر نورى، وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "بازرگان، روشدى سەعید کە بە دکتۆر روشدى ناسراوە، لەلایەن بنکەى پۆلیسى قۆریە بە ماددەى 459ى یاساى سزادانى عێراقى دەستگیر کراوە".
وتیشی: "تۆمەتى دەستگیرکردنى ئەو بازرگانە دروستکردنى چەکى بانکیی بێ پارە بووە".
وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک باسی لە ئەوەش کرد، لە ئێستادا روشدى سەعید لە گرتوخانەى گرتن و گواستنەوەى کەرکوکە و جگە لە ئەو تۆمەتەى لەسەرى دەستگیر کراوە، چەندین سکاڵاى یاسایی دیکەشى لەسەر تۆمار کراوە.
دکتۆر روشدی یەکێک بوو لە ئەو سەرمایەدارانەی لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی هەولێردا بڕەپارەیەکی زۆری هاوڵاتییانی برد و ئەو کاتە باس لە ئەوەکرا کە هەڵاتووە و پۆلیس بەدوایدا دەگەڕان.