٢٧ شوباتی ٢٠٢٣
کەمێک پێش ئێستا لە پارێزگای مەلەتی باکوری کوردستان، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر رویدا و بەهۆیەوە چەند باڵەخانەیەکی دیکە ڕوخان.
ئەمڕۆ دوو شەممە 27ـی شوباتی 2023 ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا – ئافاد بڵاویکردەوە، کاتژمێر 12:04 خولەکی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی یەشیلیورت سەر بە پارێزگای مەلەتی باکوری کوردستان لە قوڵایی 6.96 کیلۆمەتر تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بومەلەرزەکەی مەلەتی لە پارێزگاکانی مەرەش و سەمسوری باکوری کوردستان هەستیپێکراوە.
ئافاد ئاماژەی بە ئەوەش داوە، بەهۆی بومەلەرزەکەوە تائێستا کەسێک گیانی لەدەستداوە و 69 کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات ژمارەیەک لەو باڵەخانانەش روخاون کە پێشتر لە بومەلەرزەکەی 6ـی شوبات زیانیان بەرکەوتبوو.
دوای بومەلەرزە وێرانکەرەکەی مەرەش لە 6ـی شوباتدا کە لە 11 پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 44 هەزار کەس، تائێستا زیاتر لە 10 هەزار پاشلەرزە تۆمارکراون.