حکومەتی هەرێم دەتوانێت لە زبڵ سەدان ملیار دینار پەیدا و پاشەکەوت بکات

٢٥ شوباتی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

حکومەتی هەرێمیی کوردستان بەردەوام باس لە ئەوە دەکات، دەیەوێت سەرچاوەکانی داهات جۆراوجۆر بکات و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێت. بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا دەیبینین ئەوەیە تەنیا پشتی بە نەوت بەستووە و کەمێکیش داهاتی ناوخۆ، کە بووەتە مایەی قورسکردنی ئەرک و بژێوی هاوڵاتییان، چونکە سەرجەم باج ڕسوماتی لەسەر خەڵکی ئاسایی کردووەتە چەند هێندە.

لەم شیکارییەدا دەزگای میدیایی قەڵەم نمونەی سەرچاوەیەک دەخاتە ڕو، کە حکومەت دەتوانێت لە بەری ئەوەی پارەی تیدا خەرج بکات، چەندین ملیاری لێ دەستبکەوێت، ئەویش خۆڵ و خاشاک یان زبڵی کۆکراوە و فڕێدراوە.

پێکهاتەکانی ئەو خۆڵ و خاشاکەی فڕێدەدرێت هەر یەکەیان و نرخی خۆیان هەیە، چونکە هەموو یان زۆرینەی هەرە زۆریان دەکرێت ڕیسایکل بکرێن. بەپێی بەدواداچونەکانی قەڵەم، تەنێک پلاستیک نرخەکەی لەنێوان 300 بۆ 350 هەزار دیناردایە. کاغەز و کارتۆن 175 بۆ 190 هەزار دینار. ئاسن، 200 بۆ 250 دۆلار. مس، لە 6 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تا 6 هەزار و 900 دۆلار. ئەلەمنیۆم یاخود فافۆن، 1000 بۆ 1200 دۆلار.

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی حکومەت ئەوەیە تا ئێستا نازانێت ڕێژەی هەر یەکێک لە ئەو پێکهاتانە لەناو زبڵی فڕێدراوی هەرێمی کوردستاندا چەندە. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە ڕێکخراوی ئایندە پۆ پاراستنی ژینگە بە هاوکاری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرایان کردوە و دەڵێن ڕێژەی پلاستیک تیایدا بریتییە لە %35.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێم، ڕۆژانە نزیکەی 7 هەزار تەن، مانگانە 200 هەزار تەن خۆڵ و خاشاک لە هەرێمدا کۆدەکرێتەوە و فڕێدەدرێت. بۆیە بەلێکدانێکی ئاسایی بۆمان دەرەکەوێت بڕی پلاستیک تیایدا بریتییە لە 70 هەزار تەن. ئەگەر نێوەندی نرخەکەی وەربگرین و 325 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک دابنێین، دەبینین ئەو پلاستیکە فڕێدراوە، بایی 22 ملیار و 750 ملیۆن دینارە.

هەر بە پێی داتاکانی وەزارەتی شارەوانی، حکومەت مانگی 10 ملیار دینار لە فڕێدانی ئەو 200 هەزار تەن زبڵەدا خەرج دەکات. واتە هەر تەنێک 50 هەزار دینار. بۆیە ئەگەر پلاستیکەکەی لێ دەربکرێت ئەوا ئەوکات 3 ملیار و 500 ملیۆن دیناری تری لە خەرجی بۆ دەگەڕێتەوە.

بە پێی زانیاری و بەدواداچونەکانی قەڵەم، زۆرن ئەو کۆمپانیایانەی داوایان لە حکومەت کردووە پلاستیکی ناو زبڵیان پێ بفرۆشێت تاوەکو کارگەی ڕیسایکلینی بۆ دابمەزرێنن. کارگەی ڕیسایکلین، بە ئەو مانایەی پلاستیکەکە بتوێننەوە و دووبارە بەرهەمی نوێی لێ دروستبکەن، نەک وەک ئەوانەی ئێستا لە هەرێمدا هەیە، تەنیا خۆڵ و خاشاکەکە وەردەگرێت و هەر بەتێکەڵی و بەبێ جیاکردنەوە دەیفرۆشنەوە یان دەیسوتێنن.

ڕۆتین و گەندەڵی و داواکردنی پشک لە ئەوانەی داوای دروستکردنی ئەو کارگانەیان کردووە و لەسەرو هەموشیانەوە گوێنەدانی حکومەت بە وڵات و ژینگە و دروستکردنی ئابورییەکی فرە سەرچاوە، وایانکردووە هیچ کام لە ئەو داوایانە نەگەنە ئەنجام و هیچ کام لە ئەو کارگانە دروستنەکرێن.

ئەگەر ئەو هۆکارانە نەمێنن و حکومەت سیستمێک دابنێت بۆ جیاکردنەوەی پلاستیک لە ماڵەکانەوە و بیفرۆشێتەوە بەو کۆمپانیایانە، ئەوا لەبری خەرجکردنی 10 ملیار دیناری مانگانە، 6 ملیار و 500 ملیۆن لە فڕێدانی زبڵدا خەرج دەکات، چونکە بڕی زبڵی فڕێدراو 70 هەزار تەن کەمتردەبێتەوە، کە هەر تەنێک 50 هەزار تێچوی فڕێدانیەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا 22 ملیار و 750 ملیۆن دیناری لە فرۆشتنی پلاستیکەکە دەستدەکەوێت. واتە بە کۆی گشتی 26 ملیار و 250 ملیۆن دیناری مانگانە. کە دەکاتە 315 ملیار دیناری ساڵانە. ئەوە تەنیا لە پلاستیک.

ئەوەی دەمێنێتەوە دەکرێت بە چەندین شیوە سودی لێوەربگیرێت، دیارترینیان بەکارهێنانیەتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، وەک ئەوەی ئێستا کارگەکانی ڕیسایکلینی هەرێمی کوردستان دەیکەن. زبڵەکە پرێس دەکەن و دەیدەنە هەندێک لە کارگە زەبەلاحەکان، ئەوانیش دەیسوتێنن و دەیکەن بە کارەبا بۆ کارگەکەیان.

بە پێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا، 565 ملیۆن و 772 هەزار و 318 دۆلاری داوە بە سوتەمەنی، بۆ بەرهەمهێنانی 3 هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە کاتژمێرێکدا. واتە هەموو مێگاوات/کاتژمێرێک 37.5 دۆلار خەرجیی سوتەمەنییەکەیەتی.

ئەی چی ڕودەدات ئەگەر لە بری غاز و نەوت زبڵ بکاتە سوتەمەنی؟

بە پێی ستانداردی جیهانی هەر تەنێک زبڵ بە شیوەی سوتاندن توانای بەرهەمهێنانی 500 بۆ 600 کیلۆوات کارەبای هەیە لە کاتژمێرێکدا. یان بەشیوەیەکیتر، ئەگەر ڕۆژانە 200 تەن زبڵ بسوتێندرێت ئەوا دەتواندرێت 1200 مێگاوات کارەبای لێ بەرهەم بهێندرێت بۆ هەر کاتژمێرێکی ڕۆژەکە.

ئەگەر پلاستیک لە بڕی زبڵی کۆکراوەی هەرێم لابەرین، ئەوا ڕۆژانە 4 هەزار و 550 تەن دەمێنێتەوە، واتە دەتوانرێت زیاتر لە 2 هەزار و 400 مێگاوات/کاتژمێر کارەبای لێ بەرهەم بهێندرێت.

بۆ هەر مێگاوات/کاتژمێرێک حکومەت 37.5 دۆلار دەدات سوتەمەنی. کەواتە ئەگەر زبڵەکە بسوتێنێت، ئەوا لە هەر کاتژمێرێکدا 90 هەزار دۆلار، کە دەکاتە 13 ملیۆن و 500 هەزار دینار، لە پارەی سوتەمەنی بۆ دەگەڕێتەوە. مانگانە 9 ملیار و 720 ملیۆن، ساڵانە 116 ملیار و 640 ملیۆن دینار.

بە کۆکردنەوەی لەگەڵ ئەو پارەیەی لە پلاستیک پاشەکەوت و قازانجی دەکات، دەکاتە 431 ملیار و 640 ملیۆن دینار. ئەوە بێجگە لە دروستبوونی چەندین هەلی کار و زیاتر بوونی بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو لە هەرێمدا و لەسەرو هەموشیانەوە پاکبوونەوەی ژینگە، کە ئێستا زبڵی فڕێدراو بووەتە کێشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ژینگەی هەرێم و تەندروستیی هاوڵاتییان.

سودێکی تری بریتی دەبێت لە ڕێگریکردن لە چونە دەرەوەی پارە و کەمکردنەوەی هاوردە. ئەگەر ئەو کارگەی ڕیسایکلینانە دروستبکرێت، ئەوا ئەو بڕە پارە زۆرانەی بۆ هاوردەکردنی پلاستیک دەنێردرێنە دەرەوە، لە ناوخۆدا دەمێننەوە و تەرازوی هاوردە و هەناردە لەهەرێم بەرەو پارسەنگی دەبات، ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت.

بە وتەی ئەندامێکی لیژنەی پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی کوردستان، کۆی قەرزی بەڵێندەران لای حکومەت، بە هی وەبەرهێنان و بەگەڕخستنەوە 160 ملیار دینارە، کە بەهۆیەوە نزیکەی هەزار بەڵێندەر مایەپوچ بوون و دەیان پرۆژە لە کارخراون. ئەگەر حکومەت ئەو کارە بکات ئەوا دەتوانێت لە پارەی زبڵ، هەموو پارەکانیان بداتەوە و هەموو پرۆژە ڕاگیراوەکانیش بخاتەوە گەڕ و بگرە دەیان پرۆژەی تریش دروستبکات.

بەڵام ئایا دەیکات؟