ڕاستی دەربارەی دۆزینەوەی دەرگایەک لەسەر هەسارەی مەریخ

١٩ ئایاری ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

ئاژانسی ناسا، لە ٧ی ئایار، وێنەیەکی مۆزایکی گەورەی سەر هەسارەی مەریخی بڵاوکردەوە، بەجۆرێک دەتوابنرێت وێنەکە زوو بکرێتە سەر هەموو بەشەکانی و وردەکارییەکانی ببینرێت، گومان دەکرێت دەرگایەک هەبێت.

وێنەکانی ئاژانسی ناسا لە ڕێگەی گالیسکەی کریاسیتی و پێرسەڤیرەنس تۆماردەکرێن و بڵاودەکرێنەوە.

ئەم وێنەیەی مەریخیش، بە گالیسکەی کریاسیتی گیراوە و لە ناوچەیەکە ڕووبەرەکەی زۆر گەورە نییە و لە گردۆڵەتەک کە درێژی و پانیەکەی چەند دە مەترێک زیاتر نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی وێنەکە زۆر وردە و بە ڕێزۆڵیوشنێکی زۆر گەورە تۆمار کراوە بۆیە دەتوانرێت بە وردی زووم بکرێتە سەر هەموو بەشەکانی تا ڕادەی سانتیمەتر.

بەهۆی ئەوەی کە وێنەکە زۆر زووم دەکرێت، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵێک سایتی نێو تۆڕی ئینتەرنێتیش لە سەرانسەری جیهان وردەکاری بەشێکی زۆر بچووکی وێنەکە بڵاو دەکەنەوە، کە زۆر زووم کراوەتەسەری و لە شێوەی دەرگایەک دەچێت کە داتاشرابێت لەسەر شاخێک.

باس لەوەدەکەن، گوایا ناسا دەڵێت ئەمە دەرگایەکە و بەکارهێنراوە لەلایەن بوونەوەرە ئاسمانیەکانی پێشتری سەر هەسارەت مەریخ.

لێرەدا پسپۆڕان بەدوایی ڕاستییەکاندا دەگڕێن و ڕاستی ئەم گومانە دەخەنەڕوو، وەک باسی دەکەن ئەو بەشەی وێنەکە کە زووم کراوەتەسەری دەرگا نیە، ناساش هەرگیز دڵنیای نەکردووەتەوە کە دەرگایە و کونیش نیە.

تەنها پارچەیەکی بەردەکەیە لێبۆتەوە کە دیوێکی بە ڕێکی شکاوە، ڕووبەڕێکی زۆر بچووکی سەر بەردەکەشە کە زۆر زووم کراوەتەسەری، پانیەکەی تەنیا نزیکەی ٣٠ سانتیمەترە و بەرزیەکەشی تەنیا نزیکەی ٤٥ سانتیمەترە.

لەلایەکی دیکەوە، هەموو ئەو وێنانەی لەڕێگەی گالیسکەی کریاستیتی و پێرسەڤیرەس دەگیرێن زۆر وردن و مۆزایکن واتە دەتوانرێت زۆر زووم بکرێتە سەریان تا ڕادەی چەند سانتیمەترێک، بەمەش زۆربەیجار کە زووم دەکرێتە سەریان شێوە و نەخشی نامۆ دەبینرێت وەکو بەردەکانی سەر ڕووی هەسارەی زەوی.

ئەمەش نابێتە بەڵگە بۆ هەبوونی ژیان لە ئێستادا یاخود لە ڕابردوو لەسەر هەسارەی مەریخ.

بەپێی توێژینەوەکانیش، لەسەر کەندی Gale.crater و Jzero.cratorی هەسارەی مەریخ، کە هەردوو گالیسکەی کریاسیتی و پێرسەڤیرەنسی لێیە، هیچ ئاماژەیەکی بوونی ژیان نەدۆزراوەتەوە.

بەمەش تا ئێستا دڵنیانین لەوەی ژیانی سەرەتایی واتە ژیانی یەکخانەیی وەکو بەکتریاکان دروست بووبێت پێش ملیارەها ساڵ لەسەر هەسارەی مەریخ یان نا.

جگە لەوە پشکنین لەسەر هەزارەها پارچە بەرد کراوە و هیچ جۆرە بەبەردبووێک نەدۆزراوەتەوە ئاماژە بەبوونی ژیان بکات لەسەر هەسارەکە پێشتر یان ئێستا.

کەواتە تا ئێستا بەپێی توێژینەوە و پشکنینەکانی ناسا، هیچ دۆزراوەیەک یان پاشماوەیەک وەکو بەڵگەیەکی زانستی و دڵنیا نەدۆزراوەتەوە، بۆ هەبوونی ژیان یان بوونەوەری زیرەک لەسەر هەسارەی مەریخ.

نووسەر: لوقمان حەوێز