١٢ شوباتی ٢٠٢٣
لەسەر توێژینەوەکەی بانکی ناوەندی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەهای دینار بەرز بکاتەوە و بیکاتە 1300 دینار بەرامبەر بە دۆلارێک. لەوانەیە ئەمە بۆ هاوڵاتییان هەواڵێکی دڵخۆشکەربێت و پێیان وابێت بە ئەوە نرخەکان دادەبەزن و هەڵئاوسان کەم دەبێتەوە.بەڵام ئەو بڕیارە تەواو سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەوە نییە و لە مەودای دوردا، زیانێکی گەورە بە ئابوری عێراق دەگەیەنێت، کە بێگومان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابوریی هەرێمی کوردستانیش هەیە.
بڕیارێکی سیاسی نەک ئابوری:
حکومەتی ئێستای عێراق کە زیاتر بە حکومەتی چوارچێوەی هەمەئاهەنگی ناسراوە، لایەنە پێکهێنەرەکانی لە سەرسەختترین ڕەخنەگرانی دابەزاندنی نرخی دینار بوون لە سەردەمی حکومەتەکەی کازمیدا و بە بریارێکی دژە هاوڵاتی و بۆ بەرژەوەندیی سەرانی گەندەڵیی ناوزەندیانکرد. هەندێکیاشیان بڕیارەکەیان بە پیلانێک دانا بۆ لاوازکردنی دراو و ئابوریی عێراق لەبەرامبەر هی ئەمریکادا و باسیان لە ئەوە دەکرد کە ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە عێراق هەمیشە شوێنکەوتوو و ژێردەستەی ئەمریکا بێت و نەتوانێت لە ژێر هەژمونی ئەودا بچێتە دەرەوە.
هەر لەگەڵ دەرکردنی بڕیارەکەدا، ئەو لایەنانە کەوتنە بەڵێبنی ئەوەی کە دوای هەڵبژاردن و گۆڕینی حکومەتی کازمی، کارێک دەکەن بەهای دینار بگێڕنەوە شوێنی خۆی و ئەو فشار و گرانیەی لەسەر هاوڵاتییان دروستبووە، لایبەرن. لەسەرەتای دروستکردنی حکومەتدا، چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسی سیاسیی چوارچێوە، کەوتنە بیانو هێنانەوە بۆ ئەوەی بەرزکردنەوەی بەهای دینار هەروا ئاسان نییە و بەرنامەی ورد و ڕێوشوێنی درێژخایەنی دەوێت.
تا کار گەیشتە ئەوەی بانکی فیدراڵی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکی چیتر لەبەردەم بەقاچاغبردن و سیپکردنەوەی دۆلاردا نەیتوانی بێدەنگبن. چونکە کاریگەریی لەسەر بەهای دۆلار دروستکرد لە بازاڕی جیهانیدا. بۆیە ڕێوشوێنی توندیان گرتەبەر.
دیارترینیان کەمەکردنەوەی فرۆشی دۆلار بوو لەلایەن بانکی ناوەندیەوە، لە ڕۆژیی 200 بۆ 300 ملیۆنەوە بۆ 50 بۆ 60 ملیۆن و بەهۆیەوە نرخی دۆلار زۆر زیاتر بەرزبوەوە. ئەوەش حکومەت و لایەنەکانی چوارچێوەی توشی ڕەخنەی توندکرد، کە لەبری دابەزاندن، دۆلار لە سەردەمی ئەواندا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.
وێڕای هەوڵ و بڕیار و ڕێوشوێنە زۆرەکانی بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق و ئەو بەڵێنانەی بەردەوام دووبارە دەکرانەوە کە بەرزبوونەوەکە کاتییە و لە چەند ڕۆژی کەمی داهاتوودا دۆلار دادەبەزێت، بەڵام هەر بەردەوام بوو. ئەوەش بووە مایەی ئەوەی عێراق ڕێوشوێنی ڕیشەکێشانە بگرێتە بەر. سەرەتا هەستا بە گۆڕینی پارێزگار بانکی ناوەندی و دواتریش لە بڕیارێکی شیوە کتوپڕدا، دیاریکردنی نرخی دۆلار بە 1300 دینار.
ئەگەر چی وا نیشاندرا کە بانکی ناوەندی توێژینەوەیەکی لەسەر بەهای دینار کردووە و لەسەر دەرئەنجامی ئەو توێژینەوەیە بڕیارەکە دراوە، بەڵام ئەو لێکەوتانەی بڕیارەکە بەدوای خۆیدا دەیهێنێت، دەریدەخەن بڕیارەکە سیاسییە و بۆ قایلکردنی دڵی خەڵکە، نەک ئابوری.
کورتهێنانی مەترسیداری بودجە:
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزاندنی نرخی دینار لە ساڵی 2020 دا، بۆ ئەوەبوو کورتهێنانی بودجە کەمبکرێتەوە. بەتایبەتی کە دوای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، عێراق ناچاربوو قەرزێکی زۆر بکات، بۆیە لە 19ی کانونی یەکەمی 2020، بانکی ناوەندی بەیاننامەیەکی دەرکرد و نرخی دۆلاری بە 1460 دینار دیاریکرد و بۆ بودجەی ساڵی 2021، پشت بە ئەو نرخە بەسترا.
هەر بۆیە بەرزکردنەوەی بەهای دینار جارێکیتر دەبێتەوە مایەی زیاتربوونی کورتهێنان و بگرە مەترسیش لەسەر توانای پێدانی موچە دروستدەکات.
لە ئەو بارەیەوە د. عیماد عەبدول لەتیف سالم، مامۆستای ئابوری لە زانکۆی موستەنسەریە بە ماڵپەڕی (الحرة)ی وت: "ژمارەکان لە ئابوریدا وەک یاری (مار و پەیژە) بەکار نایەن. حکومەتەکەی بەڕێز کازمی وایکرد دۆلارێک ببێتە 1460 دینار. حکومەتی بەڕێز سودانی هات کردیە 1300 دینار. کەسیش پێی نەوتین بۆ ئەوکات 1460 و کەسیش نەیوت بۆ ئێستا 1300".
د. عیماد هۆشداریدا لە "یاریکردن بە نرخی دراو" و وتی "لێکەوتەی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە".
پرسیشی: "ئەگەر دەوڵەت نەتوانێت بەرگری لە نرخی 1460 دینار بەرامبەر دۆلارێک بکات و نرخەکەی لە بازاڕدا بووە 1700، چۆن دەتوانێت بەرگری لە نرخی 1300 دینار بکات بۆ دۆلارێک؟ ئەگەر حکومەتی پێشو بیانوی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار کورتهێنان بێت لە موچەی فەرمانبەر و خانەنشین چاودێری کۆمەڵایەتیدا لە ئەو کاتەدا، ئەوا ئێستا ئەو پارانە زیاتریان کردووە بەپێی بەرنامەی حکومەتی نوێ. کەواتە حکومەتی ئێستا پارە لە کوێ ئەهێنێت تا بتوانێت کورتهێنانی نێوان فرۆشتنی دۆلاری پێ پڕبکاتەوە، لە نرخی 1460 دینارەوە، بۆ نرخەکەی ئێستای کە 1300 دینارە؟"
لە 3 ساڵی ڕابردوودا (2020، 2021، 2022) دابەزاندنی نرخی دینار زیاتر لە 22 ترلیۆن دۆلاری بۆ خەزێنەی عێراق گێڕایەوە و کورتهێنانی پێدانی موچە و خەرجییەکانی پێ کەمکرایەوە. بەڵام بە ئەم نرخە نوێیە ئەو کورتهێنانە زۆر مەترسیدار دەبێت.
چونکە بەدەر لە کەمکردنەوەی نرخی فرۆشتن، کابینەکەی سودانی دەیان هەزار گرێبەستی کردە هەمیشەیی و دەیان هەزار موچەی تریشی لە ژێر ناوی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیدا بۆ هاوڵاتییان بڕییەوە، کە بە کۆی گشتی دەگەنە نزیکەی 500 هەزار موچە خۆری نوێ.
زیاتر کردنی ئەو ژمارە زۆرەی موچەخۆر، بە وتەی خودی سودانی سەرۆک وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە 3ی کانونی دووەمی 2023، کۆی پارەی موچەی لە 41 ترلیۆن دینارەوە کردووەتە 62 ترلیۆن. واتە بە ڕێژەی %51 و بە بڕی 21 ترلیۆن دینار زیاتر بووە. ئەگەر ئەو کەمبونەوەیەشی بخرێتە سەر کە بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی دینارەوە دێتە سەری، ئەوا کورتهێنانەکە مەترسیدارتر دەبێت و عێراق ناچاردەکات قەرزی زیاتر بکات، لەبری ئەوەی قەرز بداتەوە.
بەدەر لە پارەی موچە، چەندین تێچویتر هەیە کە کەمکردنەوەی بەهای دینار کاریگەریی دەبێت لەسەریان. سەبارەت بە ئەوە، نەبیل مەرسومی پسپۆڕی ئابوری عێراق بە ماڵپەڕی (العربي 21)ی وت: "ئەم ڕێوشوێنەی دوایی بۆ چاککردنی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار، بەشێکە لە ستراتیجیەتی ڕوبەڕوبوونەوەی هەڵئاوسان و بەدوایدا دابەزاندنی نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان. بەڵام لەهەمان کاتدا بە ڕێوشوێنێکی مەترسیدار دادەندرێت چونکە تێچوگەلێکی ڕاستەوخۆ هەیە کە لەبەرامبەر باشترکردنی نرخی فرۆشتنی دراوی نیشتیمانیدا دەدرێت".
وتیشی: "یەکێک لە ئەو هۆکارانەی بە سلبی دەشکێتەوە دابەزینی ئەو داهاتە حکومییانەیە کە بە دینار پشتیوانی کراون، واتە تێچووە ڕاستەوخۆکان کە ساڵانە نزیکەی 15 ترلیۆن دینار دەخاتە سەر کورتهێنان و ئەوەش بە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی تەمویل دەکرێت و قەرزداریی زیاتر دەبێت".
ئاشکراشیکرد: "بڕیارەکە کار دەکاتە سەر بازرگانی دەرەکی و هەناردەکردنیش و کێشەیەک لە بەریەککەوتنی سەنتەرە داراییەکاندا دروستدەکات و کار دەکاتە سەر سروشتنی وەبەرهێنان، هاوکات نرخەکانیش کە بەرز بوونەوە، قورسە نزم ببنەوە".
مەرسومی وای دەبینێت کە ئەمە: "ڕێوشوێنێکە بە هۆکاری ئابوری نەگیراوەتە بەر بەڵکو بە هۆکاری سیاسی و لەگەڵ شێوازی دەوڵەتی ڕەیعیدا دەنگوجێت تا خەڵکی پێ قایل بکات".
هاوکات ڕەحیم دەراجی ئەندامی پێسوی لیژنەی دەستپاکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چاودێری دۆخی دارایی، هۆشداریدا لە دروستبوونی کێشە لە پێدانی موچە و هاوکات شڵەژان لە ئارامیی بازاڕ.
دەراجی بە ناوەندی لێکۆڵینەوەی (المدی)ی وت: "کورتهێنان لە خەرجیدا هەیە و دابەزاندنی نرخی دۆلار کێشەکە دەکاتە چەند قات و لەوانەیە حکومەت نەتوانێت موچە بدات".
هەندێک سەرچاوەش باس لە ئەوە دەکەن، حکومەتی عێراق لە چەند مانگی ڕابردودا، نزیکەی 5 ترلیۆن دیناری چاپ کردووە، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی کەمیی دۆلار.
گەمەیەکی هەڵبژاردن و قازانجەکەی لە گیرفانی گەندەڵەکاندایە.
هەموو ئەو دەرئەنجام و لێکەوتانەی بڕیارەکە دەریدەخەن، کە بەهیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی ئابوریی عێراقدا نییە. ئەحمەد ئەلهەزال پسپۆڕی ئابوری لە ئەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی (الفرات)ی وت: "بڕیاری خەرجکردنی دۆلار بە 1300 دینار کۆتا گەمەی هەڵبژاردنە لەسەر حسابی سیاسەت و یەدەگی نەختینەیی".
وتیشی: "قەیرانی کریدتەکان و حەواڵەکان تا تەواوبوونی سەکۆ ئەلکترۆنییەکە و ڕێکخستنی بازاڕی خەرجکردن بەردەوام دەبێت. نرخ تەنیا لە دیدگای هاوڵاتییەوە دادەبەزێت. لە دیدگای ئابورییەوە جیاوازیی لە نێوان دوو نرخەکەدا لە نزیکەی ڕێژەی %10 دەبێت و لەوانەیە لە 145 بۆ 150 هەزاردا جێگیربێت. هێشتا جیاوازییەکە بەهۆی پسولەکانەوە دەچێتە گیرفانی گەندەڵەکانەوە".
هەزال جەختیشیکردەوە کە: "حکومەت ناتوانێت کێشەی پسولەکان چارەسەر بکات، لەسەر حسابی کورتهێنانی بودجە، وەهمێکیان داوەتە هاولاتی. وەهمی دارایی لەسیاسەتی نەختینەدا. چاوەڕێی وەهمی دارایی دەکەین لە سیاسەتی داراییدا لەڕێی تەقینەوەی کورتهێنانەوە".
لەسەر هەمان بابەت ڕەحیم دەراجی وتی: "دابەزاندنی دۆلار دەبێتە زیاتر بوونی بەقاچاغبردن، بەهۆی جیاوازیی نرخەکەیەوە لە عێراق لەگەڵ نرخەکەی لە وڵاتانی دراوسێ".
جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی: "بڕیارەکە دەبێتە مایەی زیانی گەورە بۆ بازرگانەکان چونکە دەبێت لانیکەم 3 بۆ 4 مانگیان بدرێتێ تاوەکو کاڵاکانیان ساغ بکەنەوە".
دڵنیاییشیدا کە کاریگەریی بڕیارەکە لە بازاڕدا هێندە نابێت و لە %10 تێناپەڕێت.
لای خۆیەوە نەبیل مەرسومی مامۆستای زانکۆی بەسرە، گۆڕینی نرخی فرۆشتنی بە "دابەزاندنی سایسی" وەسفکرد و هۆشداریدا لە فراوان بوونی کورتهێنانی دارایی.
مەرسومی لە فەیسبوکی خۆی نوسی: "دابەزاندنی سیاسی چاوەڕوانکراوی نرخی فرۆشتنی فەرمیی دۆلار بەرامبەر دینار بۆ 1350 دینار بۆ هەر دۆلارێک، بڕیاردانی بودجە ئاڵۆزتر دەکات و یەکەکانی دەشێوێنێت و کورتهێنانەکەی قوڵتر دەکاتەوە. هاوکات نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا وەک خۆی بەنزیکی لە نرخی ئێستای دەمێنیتەوە. چونکە بابەتی خواست و خستنەڕوە و تا بەرەوپێش بچین، بۆشاییەکە فراوان دەبێت و خواست زیاتر دەبێت".
نوسیویشیەتی: "بۆیە دابەزاندن بێسود دەبێت بۆ بازاڕ و هاوڵاتی و،کۆمپانیاکانی دراو و نێوەندگیر و دەڵاڵەکان سودمەند دەبن. تەنانەت ئەگەر نرخی فرۆشتنی دینار بەکاتیش بەرزببێتەوە، ئەوا جارێکیتر دادەبەزێتەوە".
دۆلار لە بازاڕدا دانابەزێت.
وێڕای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی، بەڵام پسپۆڕانی ئابوری عێراق تا ڕادەیەکی زۆر کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر نرخی دینار نابێت لە بازاڕەکاندا. چونکە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی تەنیا لایەنێکی دیاریکردنی بەهای دراوەکانە و لایەنەکەیتری پەیوەندی بە خواست و خستنەڕوەوە هەیە لە بازاڕدا. لە ئێستاشدا و بەهۆی فشارەکانی بانکی فیدراڵی ئەمریکی و وەزارەتی خەزێنەی ئەو وڵاتەوە، بانکی ناوەندی عێراقی ناتوانێت وەک جاران دۆلارێکی زۆر بخاتە بازاڕەوە، کە پێداویستییەکەی پڕبکاتەوە.
لەسەر ئەو بابەتە مەحمود داغر، پسپۆڕی ئابوری عێراقی بە (المدی)ی وت: "لە ئێستادا کێشەکە ئەوەیە نرخی دۆلار لە بازاڕدا جیاوازە لە نرخی فەرمی، بەهۆی بێتوانایی بانکی ناوەندی لە خستنەڕوی دۆلار بەمەبەستی هاوردە کردن. چونکە پەنجەرەی فرۆشتنی دراو سێ مانگە بە کەمتر کاردەکات لە و توانایەی وڵات پێویستییەتی بۆ ڕاکێشانەوەی دینار لە بازاڕی ناوخۆییدا".
وتیشی: "بەشیوەیەکی گشتی، هیچ چارەسەرێکی نەختینەیی بۆ ڕێککردنەوەی ئابوریی عێراق سودی نابێت. واتە ئەگەر تەنیا جەختمان لەسەر بڕیارە نەختینەییەکان و نرخی خەرجکردن بێت وەک چارەسەری ئابوری. چارەسەری ئابوری تەنیا بە چاککردنی شڵۆقیی ئابوری دەبێت لەڕێی چالاککردنی بەرهەمی سێکتەرە ڕاستەقینەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی".
هەر لەسەر هەمان بابەت، حوسام ئەلحاج، ڕۆژنامەنوسی ئابوریی عێراقی لە تویتێکدا نوسیویەتی: "حکومەت نیوەی چارەسەرەکەی کرد و نرخی فرۆشتنی دابەزاند، بەڵام کێشەکە لە نیوەکەیتردایە. شتەکە پێویستی بە قایلکردنی وەزارەتی خەزانە و بانکی فیدراڵی ئەمریکییە، کە عێراق بووەتە ژینگەیەکی ئەمین بۆ تێپەڕبوونی نەختینەی قورس و بوونی ئەو نەختینەیە نابێتە مەترسیی تەمویلکردنی تیرۆر و پارە شتنەوە. ئەم نیوەیەی دووەم نیوە قورسەکەیە و سەرکەوتن لە ئەودایە".
لەلای خۆیەوە وەحید عەباس، توێژەری کاروباری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند: "بڕیارەکەی حکومەت لەوانەیە ڕەهەندێکی سیاسی و هەڵبژاردنی تێدابێت. بە ئەوەی گوێیان لە داواکاریی خۆپیشاندەران گرتبێت کە داوای دابەزاندنی نرخی دۆلاریان دەکرد. بە ئەوەش توڕەیی خەڵکیان کەمکردبێتەوە، هاوکات بەڵێنێکی هەڵبژاردنیشیان پێ هێنابێتە دی کە پێشتر چوارچێوەی هەمائاهەنگی شیعی دابووی".
وتیشی: "دیناری عێراقی بەهاکەی نزمە چونکە لەسەر زەوییەکی پتەو نەوەستاوە. بەڵکو تەنیا لەسەر فرۆشتنی نەوت بەندە و نرخەکەی لەڕێی خستنەبازاڕی بڕی زۆری دۆلارەوە جێگیردەبێت. ئەویش لەڕێی پەنجەرەی مەزادی دراوی بانکی ناوەندییەوە. بۆیە بڕیارەکەی ئێستای حکومەت قەیرانەکە چارەسەرناکات. مەگەر بە چاککردنی دۆخی ئابوری وڵات نەبێت. چونکە بەهۆی کۆتوبەندە ئەمریکییەکانەوە ناتوانێت وەک جاران بڕێکی زۆری دۆلار بفرۆشیت".
هەر لەسەر هەمان بابەت، ئاژانسی بلومبێرگی ئابوری ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا باس لە ئەوە دەکات، کە عێراق کێشەی کەمیی دۆلاری هەیە، کە دەبێتە هۆی لاوازیی دینار لە بازاڕی ڕەشدا. ڕاپۆرتەکە نوسیویەتی: "هەڵسەنگاندنەوە کێشەکە چارەسەر ناکات. چونکە ئەوبڕە خراوەڕوە ناگۆڕێت کە دەچێتە بازاڕەوە. لەبری ئەوە، پشتبەستنی عێراق بە نەوت زیاتر دەکات، بەتایبەتی کە بەراورد دەکرێت بە زیاتربوونی خەرجییە حکومییەکان".
هاوکات بارق شوبەر، پسپۆڕی ئابوریی عێراقی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس، هۆشداریدا لە ئەوەی کە باشتربوونەکە کاتییە و ئاماژەی بە دابەزینی خواستکرد چونکە بە وتەی ئەو: "کڕیارانی دۆلار چاوەڕێی ئەوە دەکەن دۆلاریان بە نرخێکی کەمتر لە بانکی ناوەندی دەستبکەوێت. بۆیە پێویستە چارەسەری ڕیشەیی بدۆزرێتەوە. وەک ڕێگادان بە هاوردە لەڕێی هێڵەکانی دڵنیایی فەرمیەوە یان سەپاندنی ڕێوشوێنی توندتر بەسەر حەواڵەکاندا".
واتە لە هەموو بارەکاندا، ئەگەر عێراق شێوازێک نەدۆزێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە بردنە دەرەوە و سپیکردنەوەی پارە، تاوەکو بانکی فیدراڵی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ڕێگای بدەن وەکو پێشتر بڕێکی زۆری دۆلار بخاتە بازاڕەوە. کە بەپێی هەڵسەنگاندنە ئابورییەکان، عێراق ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی 150 ملیۆن دۆلار هەیە. بەڵام پێشتر 250 بۆ 300 ملیۆنی دەخستە بازاڕەوە و ئێستا لە ژێر فشاردا تەنیا 50 بۆ 60 ملیۆن دەخاتە بازاڕەوە. ئەوا جیاوازیی نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ بەڕێژەی زیاتر لە %10دەبێت، واتە نرخی دۆلار لە بازاڕدا لە نێوان 140 بۆ 150 هەزاردا دەمێنێتەوە.
لەبەرامبەریشدا، کورتهێنانی بودجە دەگاتە بڕی مەترسیدار و، وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک عێراق لەبری دانەوەی قەرز، ناچاردەبێت قەرزی زۆرتری ناوخۆیی و دەرەکی بکات. تاوەکو بتوانێت موچەی موچەخۆرەکانی دابین بکات.