٥ شوباتی ٢٠٢٣
ئەندامێکی دوو خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان لەسەر قەرەبوو نەکردنەوەی قوربانیانی جینۆسایدی کوردستان، لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار دەکات.
ئەمڕۆ یەک شەممە 5ـی شوباتی 2023 له لێدوانێكدا بۆ دهنگی ئهمریكا، سالار مەحمود ئەندامی دوو خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان ڕایگهیاند: "بۆ قەرەبوکردنەوەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران، رێکارەکان بە بەڵگەی پێویستەوە ئامادە کراون و بەزوترین کات دەخرێنە بەردەم دادگای فیدراڵی و داوای قەرەبوی زیان لێکەوتوانی هەرێمی کوردستان کراوە".
سالار مەحمود وتیشی: "بۆ سکاڵاکە پشتم بەستووە بە مادەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق، بە تایبەت ماددەی 112، کە تیایدا هاتووە، دەبێت گوژمەیەک لە داهاتی نەوت و داهاتی وڵات تەرخان بکرێت، بۆ هەرێمە زیان لێکەوتووەکان لەلایەن ڕژێمی پێشوی عێراقەوە".
پهرلهمانتاره كوردهكه مادەی 132ـی دەستوری عێراقی بهبیرهێناوهتهوه كه تیایدا ھاتووە: "دەوڵەت ڕێعایەتی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دەکات، لەگەڵ ئەوانەی لەلایەن ڕژێمی پێشوەوە زەرەر مەند بوون. لەگەڵ پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق، لە دۆسیەکانی ئەنفال و ڕاگواستن، کەیسی فەیلیەکان و کیمیابارانی ھەڵەبجە".
بەپێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانهكان، دەبێت کەسوکاری قوربانییەکان و گوندە ئەنفالکراوەکان و ناوچە کیمیاباران کراوەکان و راگواستراوەکان قەرەبو بکرێنەوە. قەرەبوەکەش لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە.
وهك سالار مەحمود وتویهتی: "داواکەی تەواو هاوڕایە لەگەڵ بڕگەکانی دەستور و قانونی عێراقی، بەو پێیەی لە دیباجەی دەستور و ھەردوو مادەی 112 و 132ـی دەستوری عێراقدا ھاتووە. ھەروەھا بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق".
سەبارەت بە میکانیزمی قەرەبو کردنەوەکەش، وتی: "دەبێت لە ڕێگەی ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراقەوە، یان لە میزانیەی ساڵانە، یان وەک چۆن قەرەبوی زیانەکانی کوەیت کرایەوە، بە هەمان میکانیزم بێت".
لە بهشێكی دیكهی قسەکانیدا ناوبراو ئەوەی ڕاگەیاند: "کەیسەکە ئامادە کراوە و پشتیوانیی نێودەوڵەتیشی هەیە، بەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش هاوڕان لە قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید، هاوکات قەرەبو کردنەوەی قوربانییەکان و زیانەکان، تەنیا لە پرۆسەی ئەنفالدا ھەزاران گوند وێران بوون، جگە لە 182 ھەزار قوربانی و ئەنفالکراو."
ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە: "سکاڵاکە کەسییە و لەسەر ئەرکی خۆم دەبێت بە ھاوکاری چەند پارێزەرێک. هیچ لایەنێک و تەنانەت حکومەتی هەرێمیش بەشدار نییە تێیدا".