شیکاری.. جیهان بەبێ پلاستیک مەحاڵە؟

٤ شوباتی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

بەکارهێنانی پلاستیک لە شیوەی شیلاکدا کە مێروی لاک دروستیدەکات دەگەڕیتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، بەڵام بە شێوەی ئێستای کە لە نەوت دەردەهێندرێت داهێنانی سەدەی بیستەمە و ساڵی 1907 لە شێوەی باغەدا دەرکەوت. دوای جەنگی جیهانی دووەمیش لەوە دەرچوو تەنیا بۆ بەکارهێنانی سەربازی بێت و لە بوارەکانیتریشدا بەکارهێندرا.

لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوەوە تائێستا، زیاتر 8 ملیار و 300 ملیۆن تۆن پلاستیک بەرهەمهێندراوە، لەو بڕە 6 ملیار و 300 ملیۆنی فڕێدراوە.

ئەو فڕێدراوانە تا ئێستا لەگەڵماندان، لە ژێر خاکدا نێژراون، لە سەهۆڵی جەمسەرەکاندا دەدۆزرێنەوە، بوونەتە وردبینەپلاستیک و لە هەناوی ئاژەڵی قوڵترین خاڵی دەریاکاندان، لە گۆشتی ماسی و ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکاندان، تەنانەت لە ئاوی خواردنەوەشدا و لەوانیشەوە، بۆ ناو گۆشت و هەناوی خۆمان. کار گەیشتووەتە ئەوی زاناکان، پلاستیک بە دیاریکەری چاخی جیۆلۆجی ئێستامانی دابنێن.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، پلاستیک بە هەموو کونجەکانی ژیانماندا ڕۆچووە، ئەگەر چی پێچانەوە گەورەترین بەکارهێنەریەتی بەڵام پلاستیک لە باڵەخانەکانماندایە، لە هۆکارەکانی گواستنەوەماندا، لە کەلوپەلی ناو ماڵەکان، ئامێر و کەرەستەکان، تەلەفون و تەلەڤیزیۆن و ڕاخەر و جلوبەرگەکانمان و بێشومار شتیتردا. هەموو ئەوانە وا دەردەخەن، ژیانی مۆدرێن بەبێ پلاستیک مەحاڵ بێت.

بەڵام گەورەیی زیانەکانی زۆر لە سودەکانی زیاترن، با دوو نمونەی بەرچاو وەربگرین.

تەندروستی و ژینگە

نەمانی پلاستیک لەو ڕوەوە زۆر پێویستە، گۆڕینی نەوت و غاز بۆ پلاستیک چەندین گازی ژەهراوی لێدەردەچیت و هەوا پیسدەکات. ئەوانە بەدەر لە ئەو مادانەی بۆ ئامادەکردنیان تێیاندەکرێت.

دیارترین ئەو ماددانە بریتین لە فتالاتەکان و بیسفینۆڵ ئەی کە لە هەندێک جۆری مەیکەپیشدا بەکاردێن و هەردوکیان کاریگەری خراپیان لەسەر ڕژێنە کوێرەکان هەیە بەتایبەتی ڕژێنەکانی گەورەبوون و زاووزێ و بەوەش دەبنە هۆی زیاتر بوونی نەزۆکی.

زاناکانی زانکۆی نیویۆرکیش دەڵێن، ئەو ماددانە نەک تەنیا کۆئەندامی زاووزێ، بەڵکو کاریگەریی خراپیان لەسەر هەموو کۆئەندامەکانی تری وەک هەرس و دەمار و بەرگری و دڵ و خوێنیش هەیە.

ئەو مادانە کە لە پلاستیکەکەدا بەکارهاتون دەکرێت دزەبکەنە ئەو خۆراکەی پێیان پێچراوەتەوە و لەوێشەوە بۆ جەستەمان. کێشەکەش لە ئەوەدایە بەرکەوتنیان کاتی نییە و هەمیشەییە و لەنەوەیەکەوە بۆ ئەویتر دەگوێزرێتەوە، واتە ئەگەر نەنکێک بەرکەوتەبێت ئەوا کاریگەریی لەسەر کوڕەزا و کچەزاکانیشی دەبێت.

دەریا و زەریاکان

ئەو بڕە زۆرەی پلاستیک لە دەریاکاندا وادەردەخات پاککردنەوەیان مەحاڵ بێت، بەڵام زاناکانی زانکۆی تۆرنتۆی کەنەدی دەڵێن سەرئاوکەوتووەکان کێشەنین، ئەوانە بە تێپەڕێنی کات دەشۆرێنەوە کەنارەکان و لادەبرێن، کێشەکە لە قوڵایی و وردبینەپلاستیکدایە.

ئەو پلاستیکانەی ئێستا ورد بوون و لە گۆشت و ڕیخۆڵەی بونەوەرە ئاوییەکاندان، پشکنینەکان دەریانخستووە هی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوون، بۆیە ئەگەر لە ئێستاوە لە ئەوە بووەستین پلاستیک بخەینە دەریاکانەوە، ئەوا تا سی ساڵیتر دیاردەکە بەردەوامدەبێت، بەڵام بە ڕێژەی کەمتر.

بۆیە کاری لەپێشینە ئەوەیە لە فڕێدانە دەریا بووەستین و هەوڵبدەین سەرئاوکەوتووەکان پاک بکەینەوە، پێش ئەوەی وردببن. بەوجۆرە دەتوانین بگەینە ئەو ڕۆژەی هیچ ئاژەڵێکی دەریایی هەڵگری وردبینەپلاستیک نەبێت.

زیانە ژینگەییەکانی پلاستیک بە جۆرە جیاوازەکانی باغە و نایلۆنەوە وایکردووە، مرۆڤایەتی بکەوێتە جەنگەوە لە دژی و هەمیشە خەوەن بە نەهێشتنییەوە ببینێت، بەڵام ئایا ئەوە کاری کردەیە؟ ڕۆچونی پلاستیک بە ژیانماندا، دەرفەتێکی هێشتووەتەوە بۆ ڕزگار بوون لێی؟

با هەندێک نمونەش لەوە وەربگرین:

سێکتەری تەندروستی:

لە نەخۆشخانەکاندا پلاستیک بووەتە پێکهاتەیەکی سەرەکی، دەستکێش و سرنج و تیوب و کیسی خوێن و کانیۆلا و دەیان کەرەستەیتر لەپلاستیک دروستکراون. ئەگەر پلاستیک نەبێت، هیچ کام لەوانە نابن. بیهێنە پێش چاوت ئەگەر دەستکێش و دەمامک نەبوایە، کۆرۆنا چەند خێراتر و زیاتر تەشەنەی دەسەند؟

کشتوکاڵ و خواردن و ئاو:

ئاو و خۆراک بە هەمان شیوە لەژێر هەژمونی پلاستیکدان، چونکە بەبێ پێچانەوە، خواردن، بەتایبەتی سەوزە و میوە لەوانەیە نەگەنە دوکانەکان و لەناوبچن، یان زۆر کەمتر بەرگە بگرن و بمێننەوە، بۆیە ئەوسا دەبێت جوتیار و کڕیار و فرۆشیار، شێوازەکەیان بگۆڕن.

سەبارەت بە ئاو و شلەمەنییەکانی وەک شیر و شەربەت و بابەتەکانیتر، ئەگەر چی شوشە لە پلاستیک باشترە بۆ ژینگە و دەکرێت تا ناکۆتا ڕیسایکل بکرێتەوە، بەڵام شوشەیەکی یەک لیتری بارستاییەکەی نزیکەی 800 گرامە، لەکاتێکدا هی پلاستیک تەنیا 40 گرامە.

ئەو زیادبوونی قەبارەیەش وادەکات بارهەڵگرەکان سوتەمەنی زیاتر بەکاربهێنن لە گواستنەوەیاندا و بەوەش زیاتر ژینگە زیاتر پیسدەکەن. ئەگەر بوتڵەکانی هەڵگرتنیش بکرێن بە شوشە، ئەوا ئەو بۆری تیوبانەی بۆ پڕکردنیان بەکاردێت هەر پلاستیکن.

ئەگەر سەوزە و میوەکان نەشپێچرێنەوە و بە هەڵوەشاوەیی ببرێنە بازاڕ، بەڵام هێشتا باغەوانەکان سفرەی پلاستیکی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی تۆوەکانیان پارێزراوبن و تنۆکێنەری پلاستیکی بەکاردەهێنن تاوەکو ئاو بەشیان بکات و بە فیڕۆی نەدەن.

پۆشاک و پێڵاو:

نەهێشتنی پلاستیک وادەکات جلوبەرگ و پێڵاویشمان بگۆڕین، ساڵی 2018 ، 62٪ی کوتاڵی بەرهەمهاتوو لە جیهاندا، دەستکردبوون و لە پیترۆکیمیاییەکان بەرهەم هێندرابوون. لە ئێستادا لۆکە 2.5٪ی زەوی کشتوکاڵیی جیهانی گرتووە، بەڵام 16٪ی دژە مێرووەکان بۆ ئەو بەکاردێن، کە دەبێتە مایەی مەترسی بۆ جوتیارەکان و سەرچاوە ئاوییەکانیش ژەهراوی دەکات، بۆیە ئەگەر پلاستیک نەمێنێت، ئەوا کێشەیەکی گەورەمان دەبێت لە ئەوەی چی بپۆشین.

هەر زوش جیهان پێڵاوی تیا نامێنێت، بەر لە دەرکەوتنی پلاستیک، زۆرینەی پێڵاو لە چەرم دروستدەکرا، بەڵام بەم ژمارە زۆرەی ئێستای مرۆڤەوە کە ساڵی 2020 پێویستی بە 20.5 ملیار جوت پێڵاوبووە، ئەوکارە نزیکە لە مەحاڵ.

بەڵام.....

بەتەواوی مەحاڵ نییە

لە ئێستاوە زیندەپلاستیکی لە ڕووەک دروستکراو لەبەردەستدایە کە هەمان خەسڵەتەکانی پلاستیکی پترۆکیمیایی هەیە وەکو قامیشی لە گەنمەشامی دروستکراو کە لەگەڵ هی پلاستیکدا جیاناکرێتەوە.

زیندەپلاستیک دەکرێت لە بەشی خورا و یان پاشماوەی ڕوەک دروستبکرێت، وەک نیشاستەی گەنمەشامی یان پاشماوەی قامیشی شەکر.

کێشە گەورەکە ئەوەیە هێشتا زەمینە و ژێرخانی تەواومان نییە بۆی. دروستکردنی زیندەپلاستیک واتە زەویی زیاتر بۆ کشتوکاڵ و لەناوبردنی ژینگەی سروشتی، هاوکات بەکارهێنانی بەروبومە کشتوکاڵییەکان بۆ دروستکردنی، کە دەبێتە مەترسیی لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهان.

ئەوە بەدەر لە پێداویستییەکەی بۆ ئاو، ئەگەر بێت و بەرهەمی پلاستیکی ئێستا بگۆڕین بۆ زیندەپلاستیک ئەوا پێویستمان بە 300 بۆ 1650 ترلیۆن لیتر ئاو هەیە بۆ ئاودانی، کە دەکاتە ٪3 بۆ 18ی هەموو ئاوی شیرینی جیهان.

لەلایەکی تریشەوە کردنی ڕوەک بە پلاستیک پرۆسەیەکی سەختتر و درێژخایەنترە و وزەی زۆرتری دەوێت. ئەوەش واتە دوکەڵ و گازی هەواپیسکەری زیاتر.

بەڵام بە دامەزراندنی ژێرخانێکی جیهانیی گشتگیر دەکرێت زیندەپلاستیک ببێتە جێگرەوە. ئەو ژێرخانە لە ئەوەوە دەستپێدەکات بەرهەمهێنانی وزە بە سەرچاوی پاک بێت تاوەکو وزە پێویستەکەی ژینگە پیس نەکات.

هاوکات گۆڕان لە ژێرخانی هزری و پەروەردەیی مرۆڤدا بە ئەوەی بیر لە چۆنیەتی بەکارهێنان بکاتەوە و چیتر لە هەوڵی بەکارهێنانی کەرەستەی هەرزان و سەفەریدا نەبێت و تا دوا ڕاددە بەکارهێنانی پلاستیک کەمبکاتەوە.

ئەوکات لەو جیهانە پاکە بێ پلاستیکەدا، دەتوانین پێناسەی خۆمان بگۆڕین و

لە بەکاربەرەوە ببینە هاوڵاتی.