خەڵكێک دروست بووە هیچ بەخۆی رەوا نابینێت و لەسەر هەموو شتێکیش جنێو دەدات و قسەی نەشیاو دەکات

٣ شوباتی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

ئەمڕۆ هەینی کە رۆژی پشوی هاوڵاتییانە، بۆ دەربڕینی خۆشی و تۆمارکردنی وێنە و ڤیدیۆ بە مۆبایلەکانیان لە نزیک دیمەنی جوانی سروشت و ئەو بەفرەی باریوە، هاوڵاتی و گەشتیارێکی زۆر رویان لە ئەزمەڕی جوان و مێرگەپان و شارباژێڕی دڵگیر کرد، بەوهۆیەشەوە ئاساییە ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بێت، دوای ئەوەی دیمەنی ئاستەنگی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکان لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، خەڵکانێکی زۆر بە ئاستێکی نزمی هۆشیاری بە کۆمێنت قسەی نەشیاویان بەو کەسانە ئەوت کە چونەتە ئەو ناوچانە.

هاوڵاتییان غەرق بوون لە قەیرانی دارایی و گرانی دۆلار و گرانی بازاڕ و خواردەمەنی و کەل و پەل و نەبوونی ئاو و کارەبای پێویست و دڵەڕاوکێی سیاسی و چەندین بابەتی دیکە، ئەمە جگەلەوەی رۆژانە خەڵک هەواڵی کوشتن و گیانلەدەستدان بە روداوی هاتوچۆ و چەندین روداوی ناخۆشی دیکە لە رێگەی میدیاکانەوە دەبیستن، بەڵام خەڵکانێک بە هاوڵاتییانی رەوا نابینن کەمێک بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە پشوو وەربگرن و وێنەیەک لەناو بەفر بگرن، یەعنی پێتان وایە ئەبێت ئەگەر دۆلار گران بوو یان پارە کەم بوو یان کارەبا نەبوو، ئەبێت هاوڵاتییان لە ماڵەوە دانیشن و شین بگێرن بۆ ئەم دۆخە!!!!.

بەداخەوە خەڵکانێک دروست بوون لەسەر هەمووشتێک قسە ئەکەن و لە هەموو بابەتێک جنێو ئەدەن و هیچ شتێک بە هاوڵاتییانی ئەم مەملەکەتە رەوا نابینن، بەتایبەت ئەگەر بابەتێک پەیوەندی بەشاری سلێمانییەوە هەبێت.

من داوا لە خەڵکی ئازیزی کوردستان ئەکەم، هەر دەرفەتێکیان بۆ رەخسا بڕۆنە دەرەوە و لەناو سروشت یان لەناو بەفر و جوانی وێنە بگرن و دڵخۆشی دەرببڕن، لەکوێ پێتان خۆش بوو هەڵپەڕن و چێژ لە ژیان وەربگرن و سوپاسی خوای گەورە بکەن بۆ ئەو نیعمەتە سروشتیانە و ئەو سروشتە جوانەی هەمانە، گوێ بەو خەڵکە دەرون نەخۆشانە مەیەن کە لە سۆشیال میدیا جنێو ئەدەن.

لێرەشەوە وەک هاوڵاتییەک بەو کەسانەی ئەمڕۆ چونە ئەزمەڕ و مێرگەپان و سروشتە جوانەکانی دیکەی کوردستان، دەڵێم یاخوا بەخۆشیتان بێت و لەشساغ و سەرفراز بن.