ئەمڕۆ 18 ساڵ بەسەر یەکەم ھەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق تێپەڕدەبێت

٣٠ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

18 ساڵ لەمەوبەر و بەدیارییکراوی لە رۆژی 30ی کانونی دووەمی 2005 دا، ئەوەش بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی و پێکھێنانی حکومەتێکی راگوزەر، یەکەم ھەڵبژاردنی گشتی دوای روخانی رژێمی بەعس لە عێراق ئەنجامدرا.

لە سەرجەم ھەڵبژاردنەکاندا، کە کورد و شیعە و سوننە و پێکھاتەکانی دیکە بەشداربوون، بەردەوام لایەنە شیعەکان براوەی ھەڵبژاردنەکان بوون و حکومەتیان پێکھێناوە چونکە شیعە گەورەترین پێکهاتەی عێراقە.

لە عێراق هەموو هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیاندا بەڕێوە چوون جگە لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ساڵی 2021. بە پێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، زۆرترین ڕێژەی بەشداریکرن لە ساڵی 2010 دا بووە کە بریتی بوو لە %62.4.

هەر بە پێی ئامارەکانی ئەوان، رێژەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکاندا بریتی بووە لە:

2005 - %59. 2010 - %62.4. 2014 - %60. 2018 - %44.52. 2021 - %40.

کەمیی ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی 2005 دا دەگەڕێتەوە بۆ بایکۆتکردنی لەلایەن سوننەکانەوە. وەک لە ئامارەکانەوە دەردەکەوێت، لە دوای ساڵی 2010 ەوە بەردەوام ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە دەنگداندا ڕوی لە کەمیی کردووە و چاودێران هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە هیچ کام لە حکومەتە دوابەیەکەکانی عێراق سەرکەوتوو نەبوون و ئەوەش بێئومێدییەکی زۆری لای هاوڵاتییان دروستکردووە.

ئەو ئامارانەی لەسەرەوە ئاشکرا کران، ئامارە فەرمییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقە، بەڵام بە وتەی چاودێران و شارەزایانی بواری هەڵبژاردن، ڕێژەی بەشداریکردن زۆر لە ئەوە کەمترە و کۆمسیۆن بۆ شاردنەوەی شکستی هەڵبژاردنەکان ئەو ئامارانە بڵاو دەکاتەوە. لە دوایەمین هەڵبژاردنی ساڵی 2021دا زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسی و چالاکوان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی چاودێریکردنی دۆخی هەڵبژاردن ڕایانگەیاند، ڕێژەی بەشداریکردن کەمتربووە لە %20.