تاڵیبان ڕێگە نادات خوێندکاری کچ تاقیکردنەوەی وەرگرتنیان لە زانکۆ ئەنجام بدەن

٢٩ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان لە ئەفغانستان فەرمانی بە زانکۆ تایبەتەکانی وڵاتەکە کرد ڕێگە نەدەن خوێندکارە کچەکان تاقیکردنەوەکانی وەرگرتنیان لە زانکۆ ئەنجام بدەن کە بڕیارە مانگی داهاتو ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ یەک شەممە 29ـی کانونی دووەمی 2023 وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان لە ئەفغانستان نامەیەکی ئاراستەی دامەزراوەکانی هەرێمەکانی باکوری ئەفغانستان کردووە بە کابوڵیشەوە کە بڕیارە تاقیکردنەوەکان لە کۆتایی مانگی شوباتدا لەو ناوچانەدا بەڕێوەبچن، لە نامەکەدا وەزارەتەکە داوای ئەوە دەکات ڕێگە نەدەن خوێندکارە کچەکان تاقیکردنەوەکانی وەرگرتنیان لە زانکۆ ئەنجام بدەن و "هەر دامەزراوەیەک فەرمانەکە جێبەجێ نەکات ئەوا ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە".

لە مانگی کانونی یەکەمدا وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان فەرمانی بە زانکۆکان کرد ڕێگە بە خوێندنی کچە خوێندکارەکان نەدەن، چەند ڕۆژێک دوای ئەوە، تاڵیبان کارکردنی کارمەندانی ژنانی لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان قەدەغە کرد، زۆربەی خوێندنگا ئامادەییەکانی کچانیش لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە داخراون.

شایانی باسە ئەفغانستان لە ناوەندی قەیرانێکی قورسی ئابوریدایە، بەشێکی بەهۆی ئەو سزایانەوە کە کاری کردووەتە سەر کەرتی بانکی وڵاتەکە و نەمانی یارمەتییە داراییەکان بۆ پەرەپێدان بە وڵاتەکە، هاوکات ڕێکخراوە مرۆییەکانیش هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی دەیان ملیۆن هاوڵاتی لە ئەفغانستان پێویستیان بە یارمەتییە.