پەیوەندیی ئێران و دۆلار بە دورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە

٢٥ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

بڕیاری دورخستنەوەی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، دوای بڵاوبونەوەی ئەو راپۆرتانە درا کە باسیان لە ئەوە دەکرد، دۆلار بەقاچاخ دەبردرێتە دەرەوە.

بڕیارەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی دورخستنەوەی مستەفا غالب پارێزگاری بانکی ناوەندیی، پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا ھێناوە، بە تایبەتیش کە بڕیارەکە بووە سوپرایز بۆ کەرتی بانکیی و بازاڕەکانی دراو لەو وڵاتەدا.

رۆژی دوو شەممە، ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە کە محەمەد شیاع سودانی مستەفا غالب-ی لە پۆستەکەی دورخستووەتەوە، بێ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەوبارەیەوە بخاتە ڕو.

هەروەها ئاماژەی بە ئەوەدا کە عەلی موحسین عەلاق لەلایەن سودانی لە شوێنی مستەفا غالب لە پۆستی پارێزگاری بانکی ناوەندیی "بە وەکالەت" دانراوە.

عەلی موحسین عەلاق لە ساڵی 2014ـدا، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بوو و لە ساڵی 2020ـدا، بووە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگارانی سندوقی نەختینەی عەرەبی، ھەروەھا پارێزگاری عێراق لە سندوقەکە.

ئێران و دۆلار پەیوەندییان بە دوورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە هەیە؟

بڕیاری دورخستنەوەی مستەفا غالب لە پۆستەکەی، دوای ئەوە ھات، چەند رۆژێک لەمەوبەر بەرپرسانی ئەمریکا و عێراق رایگەیاندبوو کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022ـەوە، بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، رێکاری زۆر توندی سەپاندووە بەسەر مامەڵە داراییەکان بە دۆلار لەلایەن بانکە بازرگانییە عێراقییەکان.

ھاوکات لە میانی ئەم ھەفتەیەدا، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی لە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمریکی بڵاوی کردبوەوە، بڕیارەکەی بانکی فیدراڵیی، بە ئامانجی بەرگرتن لە سپیکردنەوەی پارە، دەستبەسەرداگرتنی دۆلار بە نائاسایی و گواستنەوەی بۆ ئێران و وڵاتانی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لەلایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، دەرکراوە.

دوای پرۆسەی ئازادی 2003 لە لایەن ئەمریکاوە، بانکە عێراقییەکان بەجۆرێک کاریان کردووە کە رێکاری توند لە بەرامبەریان نەگیراوەتەبەر.

بەپێی داتا فەرمییەکانی عێراق، بەرلە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022، حەواڵەکردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، گەیشتبووە 250 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەو کات بانکی ناوەندیی عێراق، ھەروەھا ئەمریکا زانیاریی تەواوی لەبارەی شوێنی کۆتایی ئەو پارانە نەبوو.

عێراق ماوەی دوو دەیەیە بەدەست ناجێگیربوونی نرخی دراوی بیانی دەناڵێت، بەڵام لە میانی 5 ساڵی رابردودا، نرخی دراوی بیانی لە عێراق زیاتر روی لە ناجێگیربوون کردووە، ئەوەش وێرای ئەوەی عێراق یەکێکە لە 5 گەورەترین وڵاتانی ھەناردەکاری نەوتی خاو لە جیھاندا، بەو پێیەی رۆژانە 3 ملیۆن و 300 ھەزار بەرمیل ھەناردە دەکات.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە کە بەئامانجی دابینکردنی دۆلار بۆ عێراق، فڕۆکەکان ھەر چەند مانگ جارێک، دۆلار لە ئەمریکاوە دەگەیەننە بەغدا.

بەڵام لە بانکە تایبەتەکانی عێراقدا، هاتنی دۆلار زیاتر بە ئەلیکترۆنی دەکرێت کە ئێستا لە ھەژمارە فەرمییەکانی عێراق لە بانکی یەدەگی فیدراڵییەوە چارەسەر کراوە و داھاتی فرۆشتنی نەوت لەو ھەژمارانە دادەنرێت.

بەھۆی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپاوە، کەناڵەکانی ھاوردەکردنی دراوی بیانی بۆ ئێران داخراون، ئەوەش وەک ھەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە سستەمە دارایی و ئابورییەکانی تاران.

بەڵام ئێران بۆ چەندین جار بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە لەبەرامبەر ھەناردەکردنی بەشێک لە نەوت و غاز و بەروبومەکانیان بۆ دەرەوە، دراوی بیانی یان زێڕ وەردەگرێت.

ھەورەھا بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە، کەناڵەکانی ھاتنی دراوی بیانی بۆ سووریا وشککراون کە ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەی دراوی ئەو وڵاتە (لیرە) بەھاکەی لەدەست بدات.

گومان دەکرێت بەشێکی زۆر لە دراوی بیانی لە عێراقەوە بگوزراێنەوە بۆ ئێران و سوریا کە ئەوەش وای کردووە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سزای توند بەسەر حەواڵەکردنی دۆلار بۆ عێراق بسەپێنێت.

بڕیاری دورخستنەوەی مستەفا غالب لە پۆستەکەی، بەھۆی ئەوە دراوە کە بانکی ناوەندیی نەیتوانیوە رێوشوێنی توند بە ئامانجی رێگریکرتن لە بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ دەرەوە، بگرێتەبەر.

مستەفا غالب کە کەسێکی شارەزایە لە بواری یاسادا، نەک بواری بانکیی لە ئەیلولی 2020ـدا، بووە پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بەر لە ئەوەش بەڕێوەبەری بەشی یاسایی بوو لە بانکی ناوەندیی.

بە بڕیاری دورخستنەوەی مستەفا غالب لە پۆستەکەی، دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی 5٪ بەرزبوەوە.

لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا، دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەڕێژەی 10٪ دابەزینی تۆمارکرد، وێرای ئەوەی بانکی ناوەندیی رایگەیاندوو کە دۆلاری زیاتری خستووەتە بازاڕەوە.