بەڵگەنامە: خوێندنی کوردی ناوچە دابڕێنراوەکان دەخرێتە سەر پەروەردەی عێراق

١٧ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی سەنا هیدایەت گەرمیانی بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی پێکهێنا بۆ پەیوەستکردنی خوێندنی کوردی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆ سەر پەروەردەی عێراق.

ئەمڕۆ سێ شەممە 17ـی کانونی دووەمی 2023 سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی فەیسبوکی خۆی لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسیویەتی: "پاش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە 13ـی کانونی یەکەمی 2022 بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی وزاری حکومەت بۆ پەیوەست کردنی خوێندنی کوردی ناوچە دابڕێنراوەکان بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەکی پێکهێنا بە سەرۆکایەتی خاتو سەنا هیدایەت گەرمیانی بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگەی کارنامەی حکومەت".

سۆران عومەر نوسیویشیەتی: "بەمەبەستی بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە لە شاری بەغدا لەگەڵ خاتو سەنا سەرۆکی لیژنەکە کۆبومەوە، لە ئێستادا دەستبەکاربوون و داوایان لە پەروەدەی موسڵ و کەرکوک و دیالە و خورماتو ئەو ناوچانەکردووە کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە تاکو پێداویستیی میلاکاتی فیعلیان بنێرن بۆ لیژنەکە".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بە ئەوەش داوە کە: "هەرچی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەش کە کارتی نیشتەجێبوونیان ئەو ناوچانە بێ کە لە بڕیارەکەدا هاتووە، دەگوازرێنەوە سەر پەروەردەی عێراق، بەمەش 17 هەزار و 455 مامۆستا و فەرمانبەر سودمەند دەبن، تەنها ئەوانە ناگرێتەوە کە ساڵێکیان ماوە خانەنشین ببن، پاشان پرۆگرامی خوێندنیان دەگۆڕێت بۆ سەر سیستمی پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی عێراق".

لەکۆتاییدا ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاشکراشیکردووە، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی کوردی باسی لە ئەوە کردووە، بەردەوام کار دەکەن تاکو بتوانن لە ماوەی 6 بۆ 8 مانگدا، کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن.