گۆڕان وەڵامێکی توندی مەلا بەختیاری دایەوە

١٥ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، لە چەند بۆنەیەک، بەهۆ و بێ هۆ، مەلا بەختیار، قسەی بێ بنەما؛ لە شێوەی تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندن ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات. دەشڵێت: "ئەگەر قسەکانى نەسەلمێنێت، سکاڵاى لەسەر تۆمار دەکەین".

ئەمڕۆ یەک شەممە 15ـی کانونی دووەمی 2023، دلێر عەبدولخالق وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان، وەڵامى مەلا بەختیاری دایەوە و وتی: "ئێمە دەزانین، برینەکانی ناوبراو لەناو یەکێتییە و بە قسەوتن بە گۆڕان تیمار نابێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەفتارکردن لە بەرگی ئۆپۆزسیۆنیدا تەنها لەبەرئەوەی لە پەراوێزی بڕیارەکانی حیزبەکەیەتی، خەڵکی هۆشیاری کودستان لێت وەرناگری، بەڵکو پێت دەڵێن کە ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی بوی بۆ ئەو قسانەت نەدەزانی! یان لە کوێ بای بێت، لەوێ شەن دەکەی".

وەڵامەکەی وتەبێژی گۆڕان دوای ئەوە دێت دوێنێ تۆمارێکی دەنگیی بەناوی مەلا بەختیارەوە بڵاو بوەوە کە تیایدا دەڵێت بەرپرسانی یەکێتی بەشێکی داهاتی گومرگەکانیان داوە بە بزوتنەوەی گۆڕان و کەسێک هەیە لەناو گۆڕاندا شەوانە 50 سەیارەیان داوەتێ. بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێک ئەو تۆمارەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

دەقی وەڵامەکە:

لە چەند بۆنەیەک، بە هۆ و بێ هۆ، مەلا بەختیار، قسەی بێ بنەما؛ لە شێوەی تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندن ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات.

ئێمە دەزانین، برینەکانی ناوبراو لەناو یەکێتییە و بە قسەوتن بە گۆڕان تیمار نابێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەفتارکردن لە بەرگی ئۆپۆزسیۆنیدا تەنها لەبەرئەوەی لە پەراوێزی بڕیارەکانی حیزبەکەتی، خەڵکی هۆشیاری کودستان لێت وەرناگری، بەڵکو پێت دەڵێن کە ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی بوی بۆ ئەو قسانەت نەدەزانی! یان لە کوێ بای بێت، لەوێ شەن دەکەی!.

ئێمە دوو پرس کە ناوبراو ڕایگەیاندووە، بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە:

1. بزوتنەوەی گۆڕان نە ملیۆنەری هەیە، نە کۆمپانیای بازرگانی، نە بەرژەوەندی ژێربەژێری بازرگانی.

2. گۆڕان هیچ کارئاسانیەکی بۆ دەستکەوتنی پارە لە خاڵە سنورییەکان بۆ نەکراوە.

لەبەرئەوە، مەلا بەختیار لەبەردەم دوو بژاردەیە؛ یان سەلماندنی تۆمەتەکانی بۆ ڕایگشتی، یاخود سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین، ئەوکاتە پێویستە لە دادگا ڕاستی قسەکانی بسەلمێنێ و ئەو خەڵکانە ئاشکرا بکات، کە بەناوی گۆڕانەوە خەریکی ساتوسەودای بازرگانین، ئەگەرنا چیتر ڕێگە بە مەلابەختیار و ئەمسالەکانی نادەین، بێ گومرگ قسە فڕێ بدەنە ئەو ژینگە سیاسییەی وێرانیان کرد.