١٤ کانونی دووەمی ٢٠٢٣
چاڤی هێرناندێزی ئیسپانی، ڕاهێنەری یانەی بەرشەلۆنە، جەختی لەسەر گرنگی بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا بۆ بلاوگرانا کردەوە، لەپێناو بەدەستهێنانی متمانە.
چاڤی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە وتی: "دەمانەوێت هەموو پاڵەوانێتییەکان بەدەستبهێنین، ئێمە ئامادەین بۆ هەموو بارودۆخێک، تەنانەت ئەگەر بگاتە لێدانی سزا، ئێمە نوێنەرایەتی بەرشەلۆنە دەکەین، هەربۆیە هەمیشە هەمیشە چاومان لە سەرکەوتنە، و بردنەوەی جامی سوپەر متمانەیەکی زۆرمان پێدەبەخشێت".
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە یاریزانی گەنجمان هەیە کە هەرگیز پاڵەوانێتی لەگەڵ بارسا بەدەست نەهێناوە، بۆیە برسی بوون بۆ بەدەستهێنانی یەکەم نازناو، ئێمە هاتووین بۆ ئێرە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە، و هەست بە جۆش و خرۆشێکی زۆر دەکەین پێش ڕووبەڕووبوونەوەکەی سبەینێ.
باسی لەوەشکرد، ئەم یارییە جیاوازە لە کلاسیکۆی پێشوو، لە ئێستادا یانەی ڕیال مەدرید تیپێکی بەهێزە لەسەرجەم هێڵەکاندا، بۆیە دەبێت بەشێوەیەکی باش هێرشبکەین و بەرگرییەکی بەهێزیش بکەین، بۆ ئەوەی هەلی کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکەمان هەبێت.
وتیشی: "دەبێت ئارام بین، و ئاستێکی باش نیشان بدەین، لە هەمان کاتدا دەبێت خولیاو ئارەزووی سەرکەوتنمان لە یاریگادا بکەینە کردار".
ڕوونیشیکردەوە، لێرە کار بۆ خزمەتکردنی بەرشەلۆنە دەکەم و بۆ بەرژەوەندی شەخسی نییە، هەروەها نامەوێت هیچ یاریزانێک لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەجێبهێڵم، دڵخۆشم بە کۆمەڵەکە.
سەبارەت بە جیاوازی کاتی یاریی نێوان ڕیال مەدرید و بەرشەلۆنە لە قۆناغی پێش کۆتاییدا، باسی لەوەکرد، ڕۆژێک پشوودانی زیادەیان هەبووە، چونکە یارییەکەیان بەرامبەر ڤالێنسیا پێش یارییەکەمان بوو بەرامبەر بیتیس، پێموایە ئەگەر لە هەمان ڕۆژدا یاریمان بکردایە دادپەروەرتر دەبوو، بەڵام ئەمە هیچ بیانوو نییە.