١٢ کانونی دووەمی ٢٠٢٣
عێراق و هەرێمی کوردستان بە چەند قۆناغێکی جیاوازدا تێپەڕیون، ئەمەش وایکردووە چەک بکەوێتە دەست هاوڵاتییان و لە ئەنجامی خراپ بەکارهێنانیدا، ئامارەکانی کوشتن وتەقەکردن ڕوو لە هەڵکشان بکەن.
لە عێراق چەندین گروپی جۆراوجۆر هەن کە زۆرترینیان شیعە مەزهەبن و ساڵانێکی زۆرە لە دەرەوەی یاسا چەکیان لەژێر دەستدایە و بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی یەک ملیۆن پارچە چەکی بێ مۆڵەت لەدەست هاوڵاتییاندایە. ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانی خەڵک و حکومەت، چونکە کۆنترۆڵکردنی ئەستەمە و زۆرجاریش لە ناکۆکییەکان و شەڕی نێوان هۆز و تیرەکاندا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان پەنا بۆ چەک دەبردرێت.
لە دوای ساڵی 2003 و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق بە بڕیای پۆل بریمەر، فەرمانڕەوای مەدەنیی ئەوکاتی ئەمریکا لە عێراق، وای کرد چەک و جبەخانەیەکی زۆر بکەوێتە دەست میلیشا و عەشایەر و گروپە چەکداری و تیرۆریستیەکان و تەنانەت هاوڵاتییانی ئاساییش. دواتریش ساڵی 2014 لە گەڵ هێرشەکانی داعش و داگیرکردنی 3 پارێزگای عێراق و بەهۆیەوە دروستبوونی حەشدی شەعبی جارێکی دیکە ژمارەیەکی زۆری چەک کەوتەوە دەست خەڵک.
بە درێژایی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە 2003 بەدواوە، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت و بنبڕکردنی ئەو دیاردەیەیانداوە، بەڵام هیچکام لە کابینەکان لەم هەوڵەدا سەرکەوتوو نەبوون، دواترینیشیان لە میانی دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی لە 28ی ئەیلولی 2022 دا، بەڵێنی دا کە لە ماوەی 90 رۆژدا، هەموو ئەو چەکە بێ مۆڵەتانەی لە عێراق هەن کۆی بکاتەوە، بەڵام رێک دوای 92 رۆژ و لە ئێوارەی 28ی کانونی یەکەمی 2022، شەڕێکی سەخت لەنێوان دوو تیرەی ھۆزێک لە پارێزگای میسان رویدا و بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی پارێزگاکە لە ئاکامی بەکارهێنانی چەکی سوک و مامناوەند، حەوت کەس لە شەڕەکەدا کوژران، بۆیە تا ئێستاش ئەم بابەتە بە کراوەیی ماوەتەوە و بەشێک لە لایەنەکانیش چاودێری بەڵێنەکەی سودانی دەکەن.
ئەگەرچی پرسی کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت لە عێراق بابەتێکی گەرمە، بەڵام هەموو هەوڵەکان تا ئێستاش بێ سود بوون، چونکە ئەم هەنگاوە پێویستی بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەکان و هۆزەکان هەیە بە تایبەت پێکهاتەی شیعە کە زۆرترین گروپی چەکداریی دەرەوەی یاسایان هەیە لە عێراق و هەریەک لە سوپای مەهدی و رێکخراوی بەدر لە دوو گەورەترین گروپە چەکدارییەکانی عێراقن، بەڵام بەشێک لەوانەی لە دەسەڵات و ناوەندی بڕیاردان، بە پاڵپشت و دەنگی هۆزەکانەوە بەرپرسیارییەتییان گرتووەتە دەست، هەر بۆیەش هەنگاونانی کردەیی لەم دۆسیەیەدا ئەستەمە و هەموو هەوڵەکان ناتوانن لە چوارچێوەی بەڵێندا ببنە کردار.
هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق لەم دیاردەیەدا بێبەش نییە، بەڵام رێژەی تاوان و شێوازی بەکارهێنانی چەک جیاوازترە و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی نوێی گرتووەتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت و لە ساڵی 2022 دا، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر هەزار و 373 چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە.
هەر لە ئەو ساڵەدا یاسای ژمارە دووی چەک لە هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچوو، هەروەها ژمارەیەک بڕیاریش بە مەبەستی داماڵین و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەرچوو. دواترین هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەستنیشانکردنی 42 بنکە بوو لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکە بێ مۆڵەتانەی لەدەست هاوڵاتییاندایە و ئەو هەوڵەی وەزارەتی ناوخۆش لە مانگی تەموزی ئەمساڵ کۆتایی پێ دێت و لەدوای ئەو بەروارەوە، هەر چەکێکی تۆمارنەکراو وەک چەکی یاساغ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2022 تا کۆتایی مانگی حوزەیران، 850 چەکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەرداگیرابوو، دواترینیشیان چەکی ئەو قوتابییەی زانکۆ بوو کە لە رۆژی 28ی حوزەیرانی 2022 هەستا بە کوشتنی دکتۆر کاوان ئیسماعیل راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەدین و دکتۆر ئیدریس عزەت حەمەخان مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆکە، کە بەهۆیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری داخستنی بازاڕی چەکفرۆشانی دەرکرد و تا ئێستاش ئەو بازاڕانە داخراون.
هەر بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران لە سەرەتای مانگی تەموز تا کۆتایی ساڵی 2022، هێزە ئەمنییەکان لە رێگای بازگە جیاوازەکانەوە دەستیان بەسەر 523 چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە و بەم پێیەش لە ساڵی 2022 دا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەزار و 373 چەکی بێ مۆڵەتدا گرتووە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی ئامارەکانی هەمان بەڕێوەبەرایەتی لە ساڵی 2021 دا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەزار و 51 چەکی بێ مۆڵەت و لە 2020 یشدا، دەستیان بەسەر 661 چەکی بێ مۆڵەتدا گرتبوو.
وێڕای بڕیار و یاسا دوا بەیەکەکانی حکومەتی هەرێم، بەڵام دیاردەی چەکداریی هێشتا بەردەوامە و ساڵانە ڕوی لە زیاتر بوون کردووە، بە جۆرێک بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022 دا، 215 روداوی کوشتن و 212 حاڵەتی تەقەکردن تۆمارکراوە.
بڕیاری تۆمارکردنی چەک لەلایەن حکومەتەوە کاردانەوەی جیاوازی هەیە و هەندێک دەڵێن بەبێ وەرگرتنەوەی چەکەکان هیچ سودێکی نابێت، لە بەرامبەردا دەوترێت کە بڕیارەکە هەنگاوێکی باشە بۆ سەرژمێریکردن و زانینی ژمارەی ئەو چەکانەی لای هاوڵاتیانن و دەبێتە هەنگاوی یەکەم بۆ بنبڕکردنی تەواوی دیاردەی چەکداریی، یان لانیکەم ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی.