زانیاری لەبارەی گەڕانەوەی مەلا مەزهەر بۆ وتاردان ئاشکرا دەکرێت

١١ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

بەشێک لە میدیاکان باس لە ئەوە دەکەن، پاش ئەوەی ئەمڕۆ مەلا مەزهەر خۆراسانی سەردانی سلێمانیی کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبوەوە، بڕیاردراوە ئەو مامۆستا ئاینییە بێتە سلێمانی و لە مزگەوتێکی سلێمانییەوە دەست بە وتاردان بکاتەوە.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوار شەممە 11ـی کانونی دووەمی 2023 مەلا مەزھەر خۆراسانی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای ئاینی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبوەوە، بەشێک لە میدیاکان باسیان لە ئەوە کرد کە بڕیاردراوە مەلا مەزھەر بێتە سلێمانی و لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانییەوە بەردەوام بێت لە وتاردان.

لە ئەم بارەیەوە سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار ئەوەی خستەڕو، ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی مزگەوتێکی دیاری شاری سلێمانی بدرێتە مەلا مەزھەر و دوای 5 ساڵ دورکەوتنەوەی لە میمبەر جارێکی تر دەستبکاتەوە بە وتاردان.

لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "بە ھیچ جۆرێک ڕێگە بە کارێکی لە ئەم شێوەیە نادرێت و د.مەزھەر بە بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف و حکومەتی ھەرێم دورخراوەتەوە و ناتوانێت جارێکی تر دەست بکاتەوە بە وتاردان".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "ھەرکەسێک پشتیوانی بێت ىریارەکە جێبەجێ دەکرێت، چونکە ناوبراو لە ڕابردودا بەپێی ڕێنمایی و یاساکانی وەزارەتەکەی کاری نەکردووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو مامۆستا ئاینییانەی ئەمرۆ سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییان کردووە، بەشێکیان لە میمبەرەکان بە ھۆی سەرپێچی لە ڕێنماییەکاندا دورخراونەتەوە و مافی وتاردانیان نەماوە، "بۆیە دەبێت بەرپرسانی حزبی ئاگاداربن و پشتیوانیی کەسانێک نەکەن کە لەلایەن خودی وەزارەتەکەی خۆیانەوە سزادراون".