پەرلەمانتارێک: ئەو تۆڕەی کاری سپیکردنەوەی پارەی دەکرد درایە دەستەی دەستپاکیی عێراق

٩ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "تۆڕە گەورەکەی سپیکردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی دۆلار درایە دەستەی دەستپاکیی عێراق".

ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی کانونی دووەمی 2023 سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک نوسیویەتی: "ئەمڕۆ دۆسیەی 10 کۆمپانیا و بانکی شرق الاوسط و راوێژکارێکی بانکەکە و بەرپرسی لقی بانکە ئەهلییەکانی عێراق لە هەرێم و 5 پارێزەر، ئاراستەی دەستەی دەستپاکیی عێراق کران".

ئەو پەرلەمانتارە نوسیویشیەتی: "ئەو تۆڕە بەناوی 6 هاوڵاتیی هەرێم کە حساب بانکیان لە لقی سلێمانی بانکی شرق الاوسط کردووەتەوە بەڵگەنامەکانیان بەکارهێناون و ئەم 10 کۆمپانیایان بەناوەوە دروست کردوون ( شركة ليال الابداع، شركة ذوق الطيب، شركة لمعان البحر، شركة ضباب الأبيض، شركة أبداع الليث، شركة وهدايا المستقبل، شركة فردوس الحياة ، شركة سعادة الحياة، شركة وادي البلاد ، شركة روعة السحاب)".

لەکۆتاییدا سۆران عومەر نوسیویەتی: "ئەمە دۆسیەی سپیکردنەوەی پارەیە، واتە بردنەدەرەوەی دۆلار، ئەوەی ئێستە عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسیی گەورەی داڕمانی ئابوری و دابەزینی بەهای دینار".