شەوی رابردوو لە سلێمانی چی ڕوویدا؟

١٢ ئایاری ٢٠٢٢

بڵاویبکەرەوە لە

تەقینەوەی سیستمێکی غاز لە کافتریایەکی شاری سلێمانیدا ترس و دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتیان درووستکرد، بەتایبەت لەکاتێکدا کە تەقینەوەکە بریندارێکی زۆری لێکەوتەوە و زیانێکی ماددی زۆریشی بەدوادا هات. لە (قەڵەم)ەوە، وردەکاری ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی سلێمانی بخوێنەرەوە:

چی ڕوویدا؟

ڕێستۆرانت و کافتریایەک لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی بەناوی (لی لی)، شەوانە گۆرانی و لایڤ موزیکی تێدایە و خەڵکانێکی زۆر سەردانی دەکەن، لێچوونی غاز لە سستمی (غازی LPG) کافێکەدا درووستدەبێت، بەوتەی بەشێک لە بریندارەکان بەر لە درووستبونی تەقینەوە، بۆنی غاز لە ڕیستۆرانتەکەدا کراوە، بەڵام لە کاتژمێر ١ی شەوی ڕابردوو، بەهۆی پەنگخواردنی غازەکە لە بەشی پشتەوەی کافتریاکە و دواتریش گەشانەوەی خەڵوزی نێرگەلەوە، ئاگر درووسبووە و گازەکە تەقیوەتەوە و و باڵەخانەکە کە لە دوو نهۆم پێکهاتووە و بە سەندویج پەناڵ درووستکراوە، بەتەواوەتی ڕووخاوە.

زیانەکان چی بوون؟

بەپێی ئامارەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی، پاش زیاتر لە ١٥ کاتژمێر کارکردن لەنێو کافتریاکەدا، تواندراوە تەواوی بریندارەکانی ڕووداوەکە دەربهێندرێت، کە ژمارەیان ١٤ کەس بووە، لە هاوڵاتی کورد و عەرەب پێکهاتوون و برینی ٧ یان قورسە، بەتایبەیش ٢ هاوڵاتی زیان بەر سەریان کەوتووە، بەڵام زۆرینەی بریندارەکانی دیکە پاش ماوەیەک مانەوەیان لە نەخۆشخانە نێردراونەتەوە بۆ ماڵەوە و هیچ کەسێکیش لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستنەداوە.

هەرچەندە تا ئێستا زیانە ماددیەکانی ڕووداوەکە بەتەواوەتی نەخەمڵێندراوە، بەڵام جگە لەوەی کافتریاکە بەتەواوەتی ڕووخاوە، چەند ماڵ و باڵەخانەیەکی دەوروبەری کافتریاکەش زیانی بەرکەوتووە، تەنانەت لە تەنیشتی کافتریاکە سەنتەرێکی هونەری هەیە کە ڕایانگەیاندووە بەهۆی تەقینەوەکەوە نزیکەی ٢٠ ملیۆن دینار زیانیان بەرکەوتووە و کارەکانیشیان پەکی کەوتووە.

ڕووداوەکە تا چەند مەترسیدار بووە؟

بەوتەی عەمید دیار ابراهیم، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سلێمانی، ئەم جۆرە ڕووداوانە پێویست بە دڵە ڕاوکێ ناکات، چونکە سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی بۆ هەموو شوێنێک دانراوە و لەلایەن لیژناکانی بەدواداچوون پشکنینی ڕۆژانەیان بۆ دەکرێت.

کێ تاوەنبارە لە ڕووداوەکە؟

رێکان عەزیز، وتەبێژى بەرگرى شارستانى سلێمانی، ڕایگەیاندووە کە کافتریاکە مۆڵەتی فەرمی هەیە و ڕێگەپێدانی قائیمقامیەتی سلێمانی و بەرگری شارستانیشی بۆ کراوە، سستمی غازەکەش لەلایەن کۆمپانیایەکی فەرمییەوە داندراوە و گرێبەستی (سیانەش)یان هەیە، بەڵام گوماندەکرێت هەڵە لە بەکارهێنانی سستمە غازیەکەدا هەبێت و ئەو دۆخەی درووستکردبێت، هەر بۆیە لێکۆڵینەوە لە لایەنی کەمتەرخەم لە ڕووداوەکە بەردەوامە و کەیسەکە لە بنکەی پۆلیسی ڕزگارییە لە شاری سلێمانی و ئەو کەسانەشی لە ڕووداوەکەدا زیانیان پێگەیشتووە هەر لەو بنکەیە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و دواتر دادگا پرسەکە یەکلا دەکاتەوە.