ژنەکەی سەربڕی و سێڵفی لەگەڵدا گرت

٨ کانونی دووەمی ٢٠٢٣

بڵاویبکەرەوە لە

پیاوێک لە میسر ژنەکەی سەربڕی و چەند وێنەیەکی سێڵفی لەگەڵ تەرمەکەیدا گرت و ناردی بۆ کەسوکاری ژنەکە.

ئەمڕۆ یەک شەممە 8ی کانونی دووەمی 2023، میدیا میسرییەکان بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنییەکان هەواڵیان پێگەیشتووە کە پیاوێک لە یەکێک لە گوندەکانی پارێزگای دەقهلیە ژنەکەی سەربڕیوە و چەند وێنەیەکی سێڵفی لە تەنیشت تەرمەکەیەوە گرتووە و ناردویەتی بۆ کەسوکاری ژنەکە و کاتێک ویستویانە دەستگیری بکەن هەڕەشەی سەربڕینی منداڵەکانی کردووە.

هێزە ئەمنییەکان بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە کە: "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە تۆمەتبار و قوربانییەکە ماوەی 9 ساڵە هاوسەرگیرییان کردووە و 3 منداڵیان هەیە. دوو ساڵ بەر لە ئێستا ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان و جیا بوونەتەوە، بەڵام لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ڕێککەوتونەتەوە و ژنەکە گەراوەتەوە لای مێردەکەی و ئەمڕۆ ئەو کارەساتەی بەسەردا هێنا".